شەڕ هەمیشە بەسواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ
#لەتیف هەڵمەت#
لەبیرمە لەبەر دەرگا یاریم دەکرد
لاوێتی هات و هەموو کۆلارەکانی منداڵێتیمی
ونجڕ ونجڕکرد...
ئیتر دڵم بوو بە کارگەی ئاژاوە
لەماڵەوە ناوی کچە جنۆکەکانی هاوڕێمم
لەسەر شووشەی پەنجەرەکان دەنووسی و
لە شەقامەکاندا دەبووم بەڕەشەباو
حەزم دەکرد
تەنوورەی کچە نەوڕەسیدەکان هەڵبدەمەوە
تامەزرۆبووم هەموو دڕندە بە بەردبۆکان زیندوکەمەوە و
گیان بە پەیکەری هەموو کچە جوانەکان ببەخشم و
دڵدارییان لەگەڵدا بکەم
دەمەوێ کێشوەرێکی نوێ بۆ خۆم بدۆزمەوە
کیشوەری بێپایانی وشە.....
بە وشە هەزاران جۆر گوڵ و درەخت و بوونەوەر بئەفرێنم
ئەوەتا لەگەڵ دەروێشێکی مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخدا
حاڵ دەمگرێ و...
ئەو سوژدە بۆ خوای مەزن دەبا و
من سوژدە بۆ دوندی مەمکی کچۆڵەیەک...
لەگەڵ سۆفییەکی خانەقای بیارەدا وەجد دەمگرێ و
ئەو بە دەفەکەی گەردوون پڕ دەکات لە سیاچەمانەی
خۆشەویستی پەروەردگار
منیش دڵی خۆم دەکەم بەتەپڵێک و
عەشقخانەکان پڕ دەکەم لەسۆزی یادەوەری یار
کێ وەکو من عەشقنامەی خۆی لەسەر تەپڵی دڵی خۆی
بۆ یار هەڵدەکۆڵێ...
کێ وەکو من لەکووچە و کۆڵانە پڕ لە ناکۆکییەکاندا
شیعری کردووە بە شمشاڵ و ماچ و ئەوین دەبارێنێ
کێ وەکو من عەشق دەکات بە گوڵ و
زامی شەهیدە گومناوەکانی پێ دادەپۆشێ
کێ وەکو دڵی بەسەر دیواری ڕەشەباکاندا قەڵەمبازدەدات و
چرا لە کەلاوە دووکەڵاوییەکاندا دەخاتە پێکەنین
لە قالۆرەی شارە ژەنگاوییەکەمدا بۆنی تەرمی بیرەوەرییەجوانەکانم دێت
بۆنی تارمایی دایکم دێت
لەبەر دەرگای خەونەکانمدا ڕاوەستام و
منداڵێتی خۆمم بینی
بەدەست و پەنجە بچکۆلەکانی کڵاوڕۆژنە و پەنجەرەی
لە دیوارە تاریکەکانی شارەکەمدا دەچاند و
ئاسمانی وشکە ساڵی سیخناخ دەکرد لە خەندەی باران
لە چیام پرسی ئەگەر بگەمە سەر ترۆپکی ترۆپکەکانت
چەندێ لە ماڵی خوای مەزنەوە نزیک دەبمەوە...
چیا گوتی کەسێک چلچرای عەشقی خوا
لە دڵیدا گۆرانی نەڵێ هیچ لووتکەیەک نزیکی ناکاتەوە
لە ماڵی خوا...
من داگیرکەرنیم بەڵام حەزدەکەم هەموو جیهان
بەعەشقی خۆم داگیربکەم
دڵم ڕووبارە و بیابانەکان یاری تیادا دەکەن
دەستم شمشێرە و چەوساوەکان سەری زۆردارەکانی
پێ قت دەکەن
ئەوەتا ئارانەکان دەکەم بە دارستان و
کانیاو لە توێی تاشەبەرددا دێنمە پێکەنین
بەکلیلی عەشق دەرگای زیندانەکان دەکەم بە خۆڵەمێش
ئەوەتا بە قەڵەمی شێتێتیم نەخشەی زەوی دەگۆڕم و
جێگای نیشتمانە دەربەدەرەکەمی لەسەردا دەکەمەوە...
من لەوەتی هەم منٱڵی گەڕەکەکەمان فێری نووسینی
ناوە جوانەکانی نیشتمان دەکەم
من لەوەتی هەم کۆلارە ڕاودەکەم و بەسەر مناڵانی جیهاندا
دابەشی دەکەم
شنەباکان لە کۆڵانەکاندا یاری دەکەن
ڕەنگە شنەبا هەرزەکارەکان گیرفانی شنەبا کچۆڵەکان
پڕاوپڕ بکەن لە ماچ و
جەستەیان بە بەگوڵی گوناح دابپۆشن
دکتاتۆر لە تیڤیدا پێدەکەنێ دەشێ پیلانێک
لەدژی هەور بگێڕێ
مناڵێک لەبانێژەی ئاسماندا دەگری
ڕەنگە جەنگێک لە دایک ببێ
ئەمە سەدەیەکی چ شوومە ساڵی دوازدە جار ئاوس دەبێ و
هەر شەڕ و دووکەڵی دەبێ
لەبیرمە جارێکیان لە پاریس سیزێفم قایلکرد
تاشەبەردەکەی سەرشانی تووڕ بدات و
تفەنگێک دژی دکتاتۆر هەڵبگرێ
بە ناو شەپۆلی گەردەلوولی مناڵێتیمدا تێپەڕیم
سەهەند و ڕەشانگی بیرەوەرییەکانم پێشوازییان کردم و
بەفرمێسک دایانپۆشیم
بە لووتکەی جەژنەکانی مناڵیمدا هەڵزنام و
لەبن تاشەبەردی درۆ جوانەکانی ئەو تەمەنەمدا
ئەو مروارییە دەگمەنانەم دۆزییەوە کە لاوێتیم لێی دزیم
ئەو کۆلارانەم کۆکردەوە کە ڕەشەبا لێی دەشاردمەوە
ئەو پەپوولانەم کردەوە بەهاوڕێی خۆم
کە هاروهاجی لاوێتیم تەراندبوویانی
لەبەر دەرگا سەوزەکەی ماڵی مناڵێتیمدا
شوێن پێکانی ئەو کچۆڵەیەم دۆزییەوە
کەفێری جۆرەکانی شەڕی دڵداری کردم....
لە بازاڕی باڵندە فرۆشەکاندا
بووم بە یەکێک لە دزە خێرخوازەکانی شارڵۆک هۆڵمز و
قەفەزەکانم شکاند و ئاسمانم پڕ کردەوە لە باڵندە
ئەوەتا لە بازنەی سەری خۆمدا بۆ بزەی لێوی
یەکەم عەشقم دەگەڕێم
من مەسیح نیم و بە دوامدا دەگەڕێن لەخاچم بدەن
خەیاڵ دەکەم ماسێکان لە قەفەزی ئاو ئازاد بکەم
هەمیشە شەڕ بە سواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ و
دەبدەبە و کۆلارە و پێکەنینی مناڵان دەدزێ و
جلی ڕەشیان بەسەردا دابەش دەکات
هەمیشە شەڕ بە سواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ و
جەژنان پەنجەی کچۆڵە لاییەکان لە دووکەڵدەگرێ و
ترس و فرمێسکیان بەسەردا دابەش دەکات
هەمیشە من لەگەڵ شێتەکانی بەر دەرگای مزگەوتی گەورەدا
باسی جوانی کچان دەکەم و
لەگەڵ مناڵانی باخچەی مناڵاندا
دیرۆکەکانی گوڵستان و بوستانی سەعدی شیرازی
ئەزبەر دەکەم و
لە گەڵ دەروێش و سۆفێکاندا
شیکاری بۆ ڕۆمانەکانی ئەجاسا کریستی دەکەم
شەڕ بەسواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ و
سیاچەمانەی عاشقان و
لایەلایەی دایکان و
هەیاران و مەیارانی مناڵان
دەدزێ و هەموویان فێری نووسینی لاواندنەوە دەکات
شەڕ هەمیشە بە سواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ
لاوان دەبات بۆ شەڕگە و
فرمێسک بەچاوی نەوبووکەکان دەبەخشێ....
من هەمیشە عەشقنامەیەکی نوێ دەنووسم و
شەڕیش هەمیشە بە پاسکیلێکی سوورەوە دێ
عاشقەکان تەروەنەی ناو گۆڕستانەکان دەکات...
من هەمیشە بە پەیڤی نازەنین وێنەی ئەو کچۆڵەیە دەکێشم
کە کۆلارەکانمی شاردەوە و
فێری درووستکردنی ماچی کردم....
شەڕیش هەمیشە بەسواری پاسکیلێکی سوورەوە دێ
وێنەی دکتاتۆرەکانی ئەنقەرە و بەغدا و تاران و دیمەشق
بەخوێنی مناڵانی کورد
لە سەر دیواری کەلاوەی ناو شەرگەکاندا دەکێشێ.... و
قاقا پێدەکەنێ..... و هەر پێدەکەنێ
هەر
پێدەکەنێ....[1]