$ڕۆڵی فەلسەفە چییە لە کاتی پەتاکاندا؟$
نووسینی: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بیرمەند و توێژەرەوەی فەڕەنسی “کلیر کرینێۆن”، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەبواری فەلسەفە و مامۆستا لە زانکۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا، لەم وتوێژەدا باس لە تەنگەژەی پەتای کۆرۆنا دەکات و ڕۆڵی کاریگەری فەیلەسوفەکان لە بەرچاوڕونکردن و ڕێنمایکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەکات لەکاتی پەتاکاندا، لەژێر ڕووناکی بیر و دیدی فەیلەسوفە گەورەکان و هەر لەسەردەمی ئەفڵاتۆنەوە. لێرەدا دەقی ئەو وتوێژە دادەنێن کە “گێوم لامی” لەگەڵیدا ئەنجامداوە:
– ڕۆڵی فەیلەسوف چییە لە کاتی پەتاکاندا ؟
لەپێش هەموو شتێک دەبێت ئاگاداری بیروڕای پزیشکە فەیلەسوفەکان بین لەبارەی ئەم بابەتە، بۆ نموونە ئەفڵاتۆن؛ ڕایەکەی زۆر ڕوونەو دوورە لە ئاڵۆزییەوە، لەبەرئەوەی ستایشی پزیشکی کردووە، جگە لەوەی جەختیکردۆتەوە سەر نزیکی بواری پزیشکی و هونەری. لەهەمانکاتدا بە دوو بواری زۆر گرنگیان دادەنێت بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵام سەرنجیش بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت کەمرۆڤ بە پێچەوانەی هەندێک لەئاژەڵە دڕندە و سەدەفدار و شاخدارەکان کەدەتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن، بوونەوەری لاوازن، هەربۆیە پێویستیان بەوەیە کە فێری هونەر و تەکنیکی جیاواز بن بۆ خۆپارێزی لەخۆیان و مانەوە لەژیاندا (چاوێک بخشێنەوە بە ئەفسانەی برۆمیتێۆس). نەخۆشیەکان بە شێوەیەکی گشتی، و پەتاکان بەتایبەتی، ئەم ڕاستیەمان بیردەهێننەوە کە ئێمە بوونەوەری لاوازین.
– کەواتە، لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە کایەوە، ئەویش؛ ئەو ڕۆڵە چییە کەفەیلەسوفەکان پێی هەڵدەستن لە کاتی پەتاکاندا؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بەپێی ئەفڵاتۆن وبەپێی پێوەرەکانی ئەو دایناوە وەڵامبدەینەوە، ئەوا فەیلەسوف لەتوانایدایە زۆر شت بکات. پزیشک جەستە ڕزگار دەکات لە نەخۆشییەکانی، لەبەرانبەردا فەیلەسوفیش ڕۆح ڕزگاردەکات لە خراپەکارییەکانی و هەر بۆیە بەم شێوەیە، سوقرات هونەری دایەلۆگ کە بە “مایۆتێکس”یش ناودەبرێت و هونەری ئەفراندنی ڕۆحە، بەکاردێنێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە نەزانین و هۆشیارکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو بوارە، چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانە، بەڵام ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە، بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە تەماشای ڕۆڵی پزیشک و فەیلەسوفەکان ناکرێت لەلایەن کۆمەڵگاوە. وەک چۆن ئەفڵاتۆن لە پەڕتووکی ” دایەلۆگی گۆرگیاس”دا باسیلێدەکات و دەڵێت؛ مرۆڤ هەمیشە ڕۆڵی چێشتلێنەرێکی پێباشترە کە خواردنێکی بەتام و لەزەتی پێشکەش دەکات، وەک لەڕۆڵی پزیشکێک کە کەدەرمانی تاڵ و دەرزی بە ئازاری پێشکەش دەکات.
بەهەمان شێوە، مرۆڤەکان سەفسەتەکار و واعیزەکانیان پێ باشترە، کە هەست و سۆزمان دەجوڵێنن و گوێمان ڕازی دەکەن، لەبری فەیلەسوفەکانی چاومان دەکەنەوەو ڕاستییەکانمان پێدەڵێن و یارمەتیمان دەدەن باشتر لەخودی خۆمان تێبگەین. ئەمەش زۆر بەڕوونی دیاربوو لەسەرەتایی پەتاکەدا کە نکۆڵی لێدەکرا لەلایەن هەندێک کەسەوە، هەر ئەمەشە دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگا حەز بە گوێگرتن لە پزیشکان و فەیلەسوفەکان ناکات، کە ڕێنمایی و زانیاری ڕاستەقینە دەبەخشن و پێویستە ڕەچاوبکرێت، لەبری ئەوە ژەمە بەتامەکانی چێشتلێنەرێک و وتار و بانگەوازەکانی سەفسەتەکارێکی پێباشترە.
– ئایا پێویستە فەیلەسوفەکان ببن بە پزیشک ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە هەمیشە جیاوازە، بەپێی کات و زەمانی وروژاندنی پرسیارەکە، وەبەپێی بنەماکانی، ئەوەتا پزیشکی ئەغریقی “گالینۆس” جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی پزیشک پیۆیستە ببێت بە فەیلەسوف، بەڵام لەپێشدا دەیەوێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە زانستی پزیشکی پێویستە پشت ببەستێت بە هەندێک کەرەستەی وەک لۆژیک، ڕوونکردنەوە، بەڵگە، بۆ گەشتن بە زانیاری تەواو و ڕەها، نەک ڕۆتینێکی دووبارەی ساکار. یاخود بەشێوازێکی تر دەتوانین بڵێن؛ مەبەست ئەوە نەبووە هەرگیز کە فەیلەسوفەکان ئەرکیان ئەوەبێت ڕێنیشاندەر و ئامۆژگاریکاری پزیشک بن لەڕووی ئەخلاقی پیشەییەوە، بەڵکوو وەک دەبینین ئەم سەردەمە سەردەمی بە پیشەیبوونە، ئەوەتا فەلسەفە لە کۆلیژەکانی ئاداب و زانستە مرۆڤایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنرێن، بواری پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکی دەخوێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو جیاکارییەش لە پسپۆڕییەکان، لەکۆندا زۆر لە فەیلەسوفەکان ئەزموون و ڕاهێنان و خولی پزیشکیان وەرگرتووەو و وەک کلتورێکی باو لەکۆماری فەڕەنسی سێهەمەوە سەریهەڵداوە. نموونەش بۆ ئەو فەیلەسوفە پزیشکانە؛ جۆرج کانگویلهم، ئان فاگوت لارگوت، ئان ماری مۆلان، کەئەمانە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ خەریکی ڕاهێنانی پزیشکی بوون، کتوپڕ نەبوون بەپزیشک، بەڵکوو ئەزموونێکی زۆریان هەبووە لەگەڵ کاری پزیشکیدا. یەکێک لەوانە کە “کانگوێلهم” بوو، بەلایەوە بابەتێکی سەیر بوو لێکدانی بواری پزیشکی و فەلسەفە، بەڵام بەکارێکی پێویست و گرنگیشی دادەنا. ئەمەش مانای ئەوەیە فەیلەسوف ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەبواری پزیشکیدا، بەڵام ناتوانێت جێگرەوەی پزیشکیش بێت. فەلسەفە ڕۆڵەکەی لاوەکیترە لە بواری پزیشکی، بەڵام گرنگە، وەگرنگییەکەی زیاتر دەبێت کاتێک هۆشیاری و گۆڕان بڵاودەکاتەوە، بەتایبەتی لەکاتی پەتاکاندا.
-دەتوانین چی فێرببین لە لاوازی کۆمەڵگاکەمانەوە؟ ئەم لاوازییە چیمان پێدەڵێت سەبارەت بە خۆمان و شارستانیەتەکەمان؟
وابزانم پێشتر باسم لەوەکرد، کە بوونی زانستی پزیشکی نیشانەو بەڵگەیە بۆ لاوازی دۆخی مرۆڤ. کەهەوڵ دەدەین لەبیری بکەین بەهۆی ژیانمان لە کۆمەڵگای زۆر پارێزراو، وەک کۆمەڵگاکانی ئەوروپای ڕۆژاوا بە نموونە. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتاکە، پزیشکەکان و پەرستارەکان و ئەوانەی لەبواری تەندروستی و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەن بەڕێژەیەکی زیاتر لاواز و دیلیکەیتن و ئەویش لەبەرئەوەی ئەگەری تووشبونیان بە پەتاکە زیاترە. هەروەها ئەو کەسانەی لە قەرەباڵغیدان و لەشوێنی کاری قەرەباڵغ و ئەپارتمان و شوێنی نیشتەجێی قەرەباڵغن زۆرتر دووچاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەبن.
-ئەو ئاڵەنگاری و چاڵانجانە چیین کە دێتە پێشمان لە کاتی ئەم پەتایەدا؟
چاڵانج بەڕای من ئەوەیە کە لەیادمان نەچێتەوە هەر کات تەنگەژەکە کۆتایهات، بە پێچەوانەوە دەبێت سەر لەنوێ بیربکەینەوە لە شێوازی ژیانمان، جیهانگیری و گڵۆبەڵایزەیشن، پەیوەندیمان لەگەڵ ژینگەو ئاژەڵەکان.
لەشەستەکاندا بنیاتنەری ئەخلاقیاتی زانستی زیندەوەرزانی “فان ڕینسلیر بوتر”، وتووێژێکی درێژیکرد لەسەر ئەوەی کە ئەو پرسیارانەی لەبارەی ئەخلاق و پرینسیپڵەکانی ڕەوشتی پزیشکییەوە دەکرێت، دەبێت لەچوارچێوەی پرینسیپلی ئەخلاقیاتی ژینگەوە یاخود زەوییەوە باسبکرێت. بەدڵنییاییەوە دەتوانرێت بەراورد بکرێت لەنێوان سەرهەڵدانی نەخۆشی و پەتاکان، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی بەسەر ژینگەدا هێنراون، بەجۆرێک کە ژەهرەویکراوەو بەچەندین جۆر ڕەنگکراوە، جگە لەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ ئاژەڵە کێویی و ماڵییەکان گۆڕانکاری بەسەرهاتووە، هەندێک لەئاژەڵە کێیۆیەکانمان زیاتر نزیککردۆتەوە لەخۆمان، یاخود کردومانن بە خۆراک، کەئەمەش یارمەتی دروستبوون و زیادکردنی پەتا و نەخۆشییەکانی داوە، ئەم ڕووداوانە هەموووی وانەمەن فێردەکەن، وەمان لێدەکەن پرسیاری زیاتر بکەین، وەبەدوای وەڵامەکەنیاندا بگەڕێین، هەروەها وامان لێدەکات پەیوەندیمان لەگەڵ پەتاکاندا ڕاست بکەینەوەو زیاتر ژیریانی بێت لەبری عاتیفی و سۆزداری، کەبەهۆی ترس و سۆزەوە پەلکێش بکرێین بۆ دەرئەنجامێکی خراپ، بەڵکوو لەبری هەست پێویستە مێشک سەروەر بێت لە کاتی پەتا و نەخۆشییەکاندا. [1]