ناونیشانی بابەت: ئەڕۆمۆسیراپی (aromatherapy)
یاخود چارەسەرکردن بەزەیتە ڕووەکییە بنەڕەتییەکان چییە؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەڕۆمۆتێراپی یاخود چارەسەرکردن بە زەیتە بنەڕەتییەکان یەکێکە لە چارەسەرە تەواوکەرەکان واتە (complementary medicine) و بریتییە لە: بەکارھێنانی ھەندێک زەیتی ڕووەکی بۆ چارەسەرکردن و باشتربوونی ھەندێک نەخۆشی ، ئایە لەڕێگای بۆنکردنەوە بێت یاخود شێلان و مەساج بێت و ھەڵمژینی زەیتەکە لە ڕێگای پێستەوە نابێت وەکوو چارەسەری سەرەکی بەکاربھێنرێت بەڵام دەتوانرێت وەکوو یارمەتیدەرێک بەکار بێت.
توێژینەوە پزیشکییەکان سەلماندویانە کە ئەرۆمۆتیراپی ئەم کاریگەریانەی خوارەوەی ھەیە لەسەر جەستەی مرۆڤ:
- دابەزاندنی ڕێژەی ھۆرمۆنی _کۆرتیسۆڵ_ لە لەشدا، کە بە ھۆرمۆنی قەلەقی وسترێس ناسراوە .
- کەمکردنەوەی لێدانی دڵ و خاوبوونەوەی لەش و ماسوولکەکان.
- کەمکردنەوەی ئازار.
- کەمکردنەوەی ھەوکردن.
- کەمکردنەوەی پەشێوی و خەمۆکی.
ئەوەی لێرەدا من باسی لێدەکەم و لەلام گرنگە بەکارھێنانی ئەم جۆرە چارەسەرەیە بۆ ئازار شکاندن و ھەوکردنی جومگە و خاوکردنەوەی ماسوولکەکانە.
$چ جۆرە زەیتێکی ڕووەکی باشە بۆ نەھێشتنی ئاوسان ، ئازار و ھیلاکی جومگەو ماسوولکەکان؟$
1- زەیتی نەعنا: نەعنا ماددەی مێنسۆڵی تیادایە، کە ساردکەرەوەیە وسڕکەرە، ھەروەھا ئازارشکێنە ، دژەھەوکردنە و ماسوولکەخاوکەرەوەیە.
2- زەیتی گوڵە لاڤێندەر یاخود گوڵە خەزێم: یەکێکە لەو گوڵانەی بۆنەکەی بەکاردێت بۆ ئارامکردنەوە و ڕیلاکسەیشن ، لەگەڵیدا بۆ ئازارشکاندن و ھەوکردنیش بەکار دێت.
3- زەیتی ڕووەکی ئیوکالیپتۆس: کاریگەریی سڕکردن و ساردکردنەوەی ھەیە لەسەر ماسوولکە لەگەڵیدا ئازار و ھەوکردنیش کەم دەکاتەوە.
4- زەیتی گوڵە بەیبوون: بەتایبەتی جۆری (ڕۆمانی و ئەڵمانی) یەکەی، کە ئازار کەمدەکاتەوە لەگەڵیدا کاریگەریشی ھەیە لەسەر خاوکردنەوەی ماسوولکەکان.
5- زەیتی ڕووەکی ڕۆز مێری: توێژینەوە کراوە کە کاریگەرییەکی باشی ھەیە لە کەمکردنەوەی ئازار و نەھێشتنی ھەوکردن.
5- زەیتی یارۆ: ڕوەکێکە گەڵاکانی بچووک و تام تیژە، بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ھەوکردن.
6- زەیتی درەختی سەڕوو: گرژی و ئازاری ماسوولکە ناھێڵێت لەگەڵیدا ھەوکردن کەمدەکاتەوە.
7- زەیتی داری سەندەڵ: گرژبوون و ئازاری ماسوولکەکان ناھێڵێت لەگەڵ ھەوکردنی ماسوولکە.
8- زەیتی تۆوی کەتان: کە ماددەی چەورییە بەسوودەکانی تیادایە وەک ئۆمێگا سێ و ئۆمێگا شەش، کە کاریگەریی باشی ھەیە بۆ جومگەو ماسوولکەکان بە گشتی و توێژینەوەکان دەریانخستووە بەتایبەتی لەو کەسانەی کە ڕۆماتیزم و تەسکبوونەوەی بۆری خوێنیان ھەیە کاریگەریان زۆر باشە.
$چ جۆرە زەیتێکی ڕووەکی باشە تەنیا وەکوو ئازار شکێن؟$
1- زەیتی زەنجەفیل: کاریگەریی گەرمکردنەوەی ھەیە لەسەر جومگەو ماسوولکەکان کە دەبێتە ھۆی ئازار شکاندن .
2- زەیتی بیبەری ڕەش یاخود ئاڵەت: بەھەمان شێوەی زەنجەفیل گەرمکەرەوەیە و ھەموو لەش گەرم دادێنێت و دەبێتە ھۆی ئازار شکاندن.
3- زەیتی مێخەک: بەکاردێت بۆ گەرمکردنەوەی ماسوولکەکان ونەھێشتنی گرژبوون و ئازاری ماسوولکە .
4- زەیتی تۆوی کەتان: کە ماددەی چەورییە بەسوودەکانی تیادایە وەک ئۆمێگا سێ و ئۆمێگا شەش ، کە کاریگەریی باشی ھەیە بۆ جومگەو ماسوولکەکان.
5- زەیتی تووی سنەوبەر: ھەندێک توێژینەوە لە ساڵی 2017 دا باس لە سوودی زەیتی ئەم جۆرە لە سنەوبەر دەکات بۆ جومگەو ماسوولکەکان و دەتوانرێت لەگەڵ ئەوانەی تردا تێکەڵ بکرێت بۆ کاریگەریەکی باشتر.
6- زەیتی بەرگامۆت: کە جۆرێکە لە لیمۆ ، توێکڵەکەی بەکاردەھێنرێت بۆ درووستکردنی زەیتی ڕووەکی بۆ نەھێشتنی ئازار.
7- زەیتی جیرانێۆم: کە جۆرە گوڵێکە بە کوردی پێی دەگوترێت_ دەرزی شوان_ و کاریگەریی ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی ئازار.
8- زەیتی دارچینی: کاریگەریەکی باشی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
$چ جۆرە زەیتێکی ڕووەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و نەھێشتنی ھیلاکی؟$
1- زەیتی ڕووەکی ئەرنێکا: بۆ کەمکردنەوەی ئاوساوی و نەرمکردنەوەی پێست و نەھێشتنی قڵیشانی پێست بەکار دێت.
2- زەیتی ڕووەکی ئەلۆڤێرا: بۆ نەمانی ئاوساویی و نەرمکردن و جوانکردنی پێست بە کار دێت .
3- زەیتی گیایی لیمۆ: جۆرە گیایەکە لە ھند و سریلانکا زۆرە ، کەبۆنی لیمۆی لێدێت و زۆر بەخێرایی کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاوساویی و ھەوکردن.
$چۆن ئەم زەیتە ڕووەکیە بنەڕەتیانە بەکاردەھێنرێت؟$
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە زەیتانە چڕییەکەیان زۆرە و تیژن ، دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو بەکار بھێنرێت و ڕوون بکرێنەوە ، چونکە ئەگەر بەشێوەیەکی ھەڵە بەکاربێت دەبێتە ھۆی حەساسیەت و وروژاندنی پێست و ئاوسانی زیاتر . ھەر بۆیە دەبێت بە بڕێکی کەمی لەگەڵ یەکێک لە زەیتی کۆڵکێش تێکەڵ بکرێت ، کەئەمیش وەکوو زەیتی گوێزی ھندی یاخود زەیتی زەیتون یاخود زەیتی ئەرگان. ئەویش بە بڕی: (ھەر پانزە قەترە لە زەیتە بنەڕەتییەکان بەرانبەر شەش کەوچکی چا لە زەیتی کۆڵکێش) [1]