خەیاڵاتى هەولێریانە
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
-حکوومەتى سویسرا بڕیاریدا کە ڕۆژانە دوو سەعات و نیو کارەباى نیشتمانى زیاد بکات بەبۆنەى وەرزى تاقیکردنەوەکانى نیوەى ساڵ!.
-حکوومەتى ئەڵمانیا ئەمڕۆ لە ڕێگەى وەزارەتى داراییەوە ڕایگەیاند کەوا دەست بەسەرفکردنى موچەى مانگى هەشتى ساڵى 1943 دەکرێ، یەکەم شوێنیش کە مووچە وەردەگرن، هێزەکانى جستابۆ و فەیلەقى یەکى مارشال ڕۆمڵە لە بیابانەکانى شیمالى ئەفریقیا!.
-حکوومەتى سوید هۆشدارییەکى تووندى دایە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانى ستۆکهۆڵم لەبارەى کوژاندنەوەى مۆلیدەکانیان لەدواى سەعات یەکى شەو، ڕاشیگەیاند هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەند نەبێ بەم بڕیارە، مۆلیدەکەى لا دەبەین و مۆلیدەى برادەرێکى لقى دووى حیزبى لیبراڵى لەشوێنى دادەنێین!.
-پەڕڵەمانى فینلاندا بڕیاریدا لەپێناو یەکسانى و دادپەروەرى، مووچەى خانەنشینى فەرمانبەرانى فیعلى حکومەت بەرێژەى سەدا پەنجا کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەى مووچەى فەرمانبەرانى بندیوار زیاد بکرێ!.
-حکوومەتى هۆڵەندا بڕیاریدا پارەى خۆڵ و خاشاک فڕیدان لەمووچەى کارمەندانى حکوومەت ببڕدرێت، چونکە خەڵکێکى زۆر دواکەوتوون لەپێدانى ئەم پارەیەدا!.
-حکوومەتى فەڕەنسا ڕایگەیاند کەوا مووچە پاشەکەوتکراوەکانى سەدەى بیستەم دەخرێتە سەر حیسابى مووچەخۆران، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە لەبانکەکان ڕایبکێشن، دەتوانن وەکوو میرات بۆ نەوەکانى داهاتوویان هەڵیبگرن!.
-حکوومەتى بەریتانیا هۆشدارى دایە دانیشتووانانى شارى بێرمنگهام کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ ئاویان نابێ بەهۆى شکانى بۆڕى گواستنەوەى ئاوى ئیفراز دوو.
-حکوومەتى نیوزیلاندا ڕایگەیاند لەبەر نەبوونى سەیارەى حەریق نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵى ئاگرى کیشوەرەکە بکەن، داوایان لەحکوومەتى هەرێمى کوردستان کردووە هاوکاریان بکەن بۆ کواژندنەوەى ئاگرەکەیان بە پف کردن!.
-حکوومەتى ئەمریکا بڕیاردا یەکەى حەفتا و هەشتاى هێزى مارینز یەکبخات بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزەکانى ئێران و پلە بەرزکردنەوەشى ڕاگرت تا کۆتایى جەنگ!.
-حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا لە مزگەفتى شێخەڵلا هەموو وەسائیلێکى خۆکوشتن دەستەبەر بکات بۆ ئەو هاووڵاتییانەى ئارەزووى خۆکوشتن دەکەن، بەمەرجێک دەبێ مەسرەفى کفن و قورئان خوێن و تازیەش لەسەر کەسوکارى مونتەحیرەکە بێت!.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!