سوننەتە بانگدەر دەنگی عالی بێ
لە هەردوو حەدەس زاتی خاڵی بێ
دەنگیشی خۆش بێ هەتا بە تەئسیر
دڵی دڵداران بکا بە ئەسیر
لەسەر شوێنی بەرز، بەرەوڕووی قیبلە
دەس بکا بە بانگ بەبێ عەجەلە
پەنجەی شادەتی بکا بە گوێدا
تا دەنگی بە هێز بڕوا بە ڕێدا
«تَرجيع»یش بکا ئەی نووری عەینەین
یەعنی تەلەففوز بە شەهادەتەین
بە تەرتیبی بانگ بێدەنگ و سەدا
ئینجا بۆ ئیعلان دەنگی هەڵ بدا
جاری ئەووەڵی «حيّ علي الصّلا»
لا بکاتەوە بەلای ڕاستەدا
جاری ئەووەڵی «حيّ علي الفلاح»
ڕوو کاتە لای چەپ بۆ نەشر و «ايضاح»
لە جاری دووەم بۆ ئەم دوو جوملە
ڕوو بکاتەوە بەرەو ڕووی قیبلە
«تثويب» لە سوبحا بۆ بێداری قەوم
دوو «الصَّلاةُ خَيْرٌ مِنَ النَّوْم»
ئادابی لە بانگ، پەلە لە قامەت
سوننەتی دینە بە ئیستیقامەت
بۆ هەر سوننەتێ بە جەماعەتە
«الصَّلاةُ جامِعَةٌ» قامەتە[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#