ژیانی منداڵی و نیوسەدە خەبات: حەمەڕەزای کادر
داستانی دوو دارە
شەوی 05-07-1978 پاش داستانی ڕزگاری و گڵە زەردە بەسەرکەوتویی بیر لەوە کرایەوە کە چالاکی یەکی تر ئەنجام بدرێت و گەورە بێت و دەنگ بداتەوە و ورەی دوژمن بڕوخێنێت، بڕیاردرا مەعەسکەری دوودارە و ڕەبایەکانی دەوروپشتی کۆنترۆڵ بکرێت کە نزیک جادەی قیری سلێمانی دەربەندیخانە، و نزیک گوندی (میرەدێ)، سەرجەم تیپەکانی گەرمیان و سەگرمە و قەرەداغ بەشداری بکەن.وردە وردە خۆمان کۆکردەوە و بەره و نزیک لە مەعەسکەرەکە و دابەشکردن و دیاری کردنی پێشمەرگەکان بۆ هجوم، بەڵام دیار بوو ڕژێم بەم جموجۆڵەی زانیبوو، ئیتر نازانم لەناو پێشمەرگەوە یان خەڵکەوە ئاگادار کرابۆوە، گەیشتینە نزیک دێی بێگن بناری شاخ، فەرماندەی قارەمان و برای خۆشەویستم کاک سەلام کوێخا عەزیز مار پێوەی دا ئەمەش بۆ خۆی خەلەلێک بوو...
ئه و کات من ڕابەری سیاسی تیپی 17ی زمناکۆ بوم.ئەوی هەستمان کرد هێزی ڕەبایەکان و فەوجەکەش زۆر زیادی کردوە. وە هێزەکان جیاکرانەوە بۆ ڕەبایەکان و مەقەڕی فەوج کە نزیک کارگەی قیرەکە بوو، زۆر ناڕێکوپێکی هەبوو لە ناردنی هێزەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان، تیپی 17 ی زمناکۆ پێش هەموویان گەیشتە شوێنی خۆیان و دەست کرا بە پەلاماردان کە هێشتا نیوەی هێزەکان نەگەیشتوونە شوێنی مەبەست و لە سەعاتی سفر فریا نەکەوتین کە ئەمە گەورەترین خەلەل بوو کە بووە هۆی سەرنەکەوتن و پاشەکشەمان هەتا کەموکورتی لە دابەش کردنی تەقەمەنیشدا هەبوو. وەک وتم تیپی 17ی زمناکۆ دانرابوو بۆ ڕەبایەکانی پشتی چنارە، زۆر سەخت و قایم بوو و ئەڵغام ڕێژ کرابوو، ئەم ڕەبایەیە بەسەرپەرشتی برای خۆشەویستم فەرماندەی قارەمان شەهید مەحمودی مامە عەزە بوو کە لە پەلاماردا هاوڕێی کەم بوو یەکێک بوو لە فەرماندە ئازا و سەرکەوتوەکانی ئه و سەردەمە، فەرماندەی کەرت بوو. تیپی 17 بێ دواکەوتن لە سەعاتی سفردا هێرشی کرد، تەنها ئێمە دەست بە کاربووین و لە هیچ لایەک تەقە نەکرا، بۆیە قورسایی کەوتە سەر برادەرانی ئێمە و لە گشت ڕەبایەکانی ترەوە دراینە بەر دۆشکە و هاوەن، بێ ئەوەی ئەڵغام و هێزیش زۆر زیادی کردبوو.
بۆ کارگەی قیرەکە کۆمەڵێک پێشمەرگەی قارەمان و چاو نەترس دانرابوون بە سەرپەرشتی هاوڕێی خۆشەویستم شەهید سەعید حاجی غەریب دەستی پێ کرد، کاتێک کە هجومیان کردبووە سەر کارگەی قیرەکە دوژمن پێش ئەوان ئاگاداربون و بە ئاشکرا پەلاماردرا نەک لە ناکاودا، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد ڕژێم به و پەلامارەی ئێمەی زانی بوو و خۆی ئامادەکردبوو، چەند ئاربیجیەکیان نا بە فەوجەکەوە بەڵام نەتوانرا کۆنترۆڵ بکرێت، بە ناچاری پاشەکشەیان کرد و لە کاتی گەڕانەوەدا پێشمەرگەیەکی گەرمیان بەناوی حاجی عەلوان شەهید بوو.
دوای ئەوەی کە نەتوانرا هیچ شوێنێک کۆنترۆڵ بکرێت بە شەهید و بریندارێکی زۆرەوە پاشەکشەمان کرد. کەس هەواڵی ئه و پێشمەرگانەی کە لەگەڵ شەهیدی نەمر مەحمودی مامە عەزە بوون نەئەزانی، چەند کەس شەهید و چەند کەس بریندارە یان ماون. ئەوی لە یادم بێت ئێمە وەک تیپی 17ی زمناکۆ زۆرترین شەهید و بریندارمان هەبوو، کە 8 شەهید و 10-12 بریندارمان هەبوو. هەموو تیپەکان گەڕانەوە و کاک قادر و مام ڕۆستەم گەڕانەوە مەڵبەند لەگەڵ باقی فەرماندەکانی تر، من لەبەردەکەڕ مامەوە بۆ ئەوەی سۆراغی بریندار و شەهیدەکان و ونبوەکان بکەم،
بەڕاستی پێویستە لێرەدا باسێکی ئازایی و پیاوەتی کاک فارس بکەم، گەنجێکی زۆر قارەمان و بە ورە بوو و چەندین گوللە [RBG]وفیشەکی بۆ هاوردین و بەشداری کرد، بەڕاستی زۆر بەهیمەت بوە. تا ڕۆژی دوایش لەگەڵماندا مایەوە و من و کاک عەتای حاجی حەمە ئەمینم لەگەڵ بوو کە ف مەفرەزە بوو، ئه و شاخانەی ناوتاق و پێش ڕەبایەکان ئەگەڕاین بە دوربین، سەیرم ئەکرد بەشکو سۆراغیان بکەم، نزیک بوینەوە لە شوێنی شەڕەکە، کە شۆڕبوینەوە بۆ دۆڵی ناوتاق فارس زۆر شاز بوو ئەمان ویست بچینە سەر کانی و ئاوەکەی ناوتاق، لامان وابوو ئەگەر یەکێک مابێت بێگومان بۆ لای ئه و ئاوە دەچێت.
لە دەرەوە چەند کەسێکمان بینی لەسەر کانی و ئاوەکە، کە نزیک بوینەوە زۆر دڵخۆش بوین کە شەهید مەحمود و چەند پێشمەرگەیەکە. شەهید مەحمود پارچەیەک بەر قوڕگی کەوتبوو و بریندار بوو بەڵام سەخت نەبوو. توانیبووی له و شەڕ و ناخۆشی یە خۆی بە برینداری سێ پێشمەرگەی برینداریش دەربکات و ڕزگاریان بکات، چەکی هەمووشیان بپارێزرێت و لەگەڵ خۆی بیانبات و دوریان بخاتەوە. بەڕاستی قەڵەم و وتن لە ڕاست پیاوانی وەک شەهید مەحمود ناتوانێت وەسفی ئازایەتی و نەبەردی و ڕاستگۆیی بکات.
کاتێک کە پاشەکشە ئەکەن شەهید مەحمود بەره و دێی عازەبان واتە خوار جادە له و چەمەدا پێشمەرگەکان ئەشارێتەوە و ئەچێت گوێدرێژێک پەیدا ئەکات و ئەیهێنێ، بەهەر حاڵ دوبارە شه و به و بریندار و چەک و چۆڵەوە پەڕییەوە و دوبارە بەره و بنار و هاتبوە سەر کانی و ئاوەکەی ناوتاق. یەکێک کە بریندارەکان شەهید ئەبێت کە خەڵکی دێی ئاوە سپیە ناوی جەبار مام قادر بوو، کوڕێکە ئازا و بە واتای وتە پێشمەرگە بوو. تەرمەکەشی دەرکردبوو. برینداری دووەم حەمە شۆڕش ج.ف.ک بوو لای کاک حەمە قاستی برینەکەی زۆر قورس نەبوو،
برینداری سێهەم کە خوشکەزای خۆم بوو جەمال حاجی قادر کەوتبووە ناو کێڵگە ئەڵغامەکەوە و سنگی سوتابوو، سێ چوار پارچەش لە سەری دا بوو، نەیئەتوانی بە پێ بڕوات، خۆشی بەسەر وڵاخەوە بۆ نەئەگیرا ئەبوا دەستی پێوە بوایە.بەڕاستی پیاوێکی زۆر بە ورە و نەترس بوو، شەهید مەحمود وتی کاک حەمە ڕەزا زۆر بە جەمالەوە ماندوو بووم، ئەبو بەردەوام دەستم پێوەی بێت، لەم داستانەدا خەسارەتێکی بەشەری و مەعنەوی زۆرمان کرد، 7 پێشمەرگەی قارەمانی ترمان لەناو ڕەبایەکە و دەوروپشتی شەهید بوون، تەرمی ئەوانە دەست جاش و مغاویر کەوتن و تا ئێستاش شوێن و ئەسەریان نیە و کەس نەی زانی لە کوێ کران بە ژێر خاکەوە،
ساڵی 1991 لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەش زۆر گەڕان و زۆر شوێن کە گومانی لێ ئەکرا بە شۆفڵ هەڵدرایەوە، بەڵام هیچ شوێنەوارێکیان نەبوو. هەزاران سڵاو لە گیانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و ئەم پۆلە شەهیدە هەرگیز لەبیر نەچوە. ئەمەش ناوی شەهیدەکانە:
1- شەهید فاتیح ئامر مەفرەزە بوو.
2- شەهید عوسمان حاجی عەزیز برای عەلی چەلەبی.
3- شەهید ئومێد محەمەد.
4- شەهید دارا ڕەشید.
5- شەهید ئەحمەد حەسەن.
6- شەهید نەزیف حمە کەریم.
7- شەهید جەبار قادر.
8- شەهید حاجی عەلوان.