06-02-2013
📅 رێکەوت و رووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
- لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لەسەر رێگای کەرکوک-دوزخورماتو، موقەدەم هێمن غازی ئامر فەوجی سێی لیوای (16)ی سلێمانی سوپای عێراق کوژراو و دو ئەفسەر تر و سەربازێک برینداربون و برینەکانیان زۆر سەختە.
- کاروانێکی کۆڵبەران بە دەیان ئەسپی بارکراوەوە لە ناوچەی شەهابەدینی بانەوە دەکەونە بۆسەی هێزێکی چەکداری سەر بە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو هێرشەدا چوار کەس دەبنە ئامانجی راستەوخۆی ئەو هێزانە .
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی ئەو هێزانەی رژێم دەکەونە کۆمەڵکوشتنی ئەسپەکان و پەرتەوازەکردنی بارەکانیان دەکەونە دوای چوار لە کاسبکارەکان و لە ئەنجامدا دوو برا بەناوەکانی (حوسێن رۆستەم نژاد) تەمەن ١٦ ساڵ و ( هوشیار رۆستەم نژاد ) تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی محەمەد چاوشین و گەنجێکی تری تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی ( رزگار کەمال کەتانی ) لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەست و پێیان دەبەسترێتەوە بەرەو کێوی ( سورکێو ) دەبرێن، کە نزیکە لە شوێنی رووداوەکەوە .
چوارەم گەنج کە ناوی ( عەلی مام نادر ) خۆی لە دەستی ئەو هێزانە رزگار دەکات و روو لە شوێنێکی مینڕێژکراو دەکات، لە کوژران خۆی رزگار دەکات بەڵام پێ دەنێ بە مینێکدا و قاچێکی لەدەست دەدات .
ئەو هێزانە کە دەست و قاچی ( حوسێن و هوشیار رۆستەم نژاد و رزگار کەمال کەتانیان بەستووە، لە سەر کێوی ( سورکێو )ەوە فڕیان دەدەنە خوارەوە . دوای ئەوەی ( عەلی مام نادر ) لەژێر چاودێری توندی هێزەکانی رژێمدا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە دەست بە تیمارکردنی دەکرێت، دوای سێ رۆژ لە رووداوەکە و گوندنشینانی ناوچەکە لە بناری کەندەکانی کێوی سورکێو بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن. کاتێک تەرمەکان دەدۆزنەوە دەبینن هێشتا گرێکانی دەست و پێیان نەپچڕاوە و تەرمەکان دەبەنەوە .
📌
کوردیپێدیا، رۆژانە (بێلایەنانە) مێژووی کوردستان تۆماردەکات... 📅 کڕۆنۆلۆژیای رووداوەکان