هاووڵاتیانی خۆشەویست...
هەموو ئەزانن کە جەماوەری گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی ناسک و سەخت و دژواردایە. خەڵکی لە ناخۆشترین باری ژیان و گوزەراندا بەبێ مووچە بە بارێکی ئابووری و سیاسی پڕ لە تەم و مژدا تێپەڕ ئەکات. مەترسییەکانی سەر کۆمەڵ و هەرێمەکەشمان تا دێت بە ئاقارێکی خراپدا ئەڕوات بەجۆرێ:
1- حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە بەشداری و بەرپرسیاری هەموو حزبەکانی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنی نەخشەیەکی دروست بۆ چارەسەرکردنی باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی جەماوەر.
2- حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن لە قبوڵکردنی یەکتری و چارەسەری گرێ و گوڵەکان و ڕێکخستنی ناوماڵی کوردی دا.
3- شەڕێکی ترسناک، لە هێزێکی ڕەشی داعشەوە، ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان پێکهێناوە و هێزی پێشمەرگەی خستۆتە سەنگەرێکی خوێن لەبەر ڕۆیشتنی بەردەوام کە لەلایەک ئەو هێزە قارەمانەی پێشمەرگە توانیویەتی سەروەری گەورە لەبەگژداچوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆرستان لەسەر ئاستی جیهان بۆ گەلەکەمان بەدەست بهێنێ، لەلایەکی تریشەوە سەدان ڕۆڵەی گەلەکەمان ببنە قوربانییەکەی و هێندەی تریش باری ئابووری سەختتر و خراپتر بکات.
4- حکومەتی بەغداش، هێشتا هەر بە چاوی هەویەو نادۆستانە تەماشای هەرێمی کوردستان و مافی گەلەکەمان لە سنوورەکانیدا ئەکات و نەک هەر ڕازی نابێت ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، بەڵکە بە شێوەیەکی عادیلانەش کێشەکانی لەگەڵ حکومەت و گەلەکەمان چارەسەر ناکات و بە بڕینی مووچەو بەشە بودجەی خۆی سزای گەلەکەمان ئەدات.
5- نەتەوەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان و تێکۆشەرەکانی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی پەلاماردان و گرتن و کوشتن و تیرۆرکردنی گیانی دیموکراسی.
6- وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و ئیدارە و حوکمڕانی ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکووکیش نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە چارەسەرکردنی باری ئابووری و دابینکردنی لایەنی کەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ناوچەکانی دا.
لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییەکانی ئەو واقیعەی کوردستاندا، ئێمە بە هەموو توانا خەبات ئەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی ئەو هەلومەرجە و لەسەرو هەمووشیانەوە دابینکردنی مووچەو ژیان و گوزەرانی خەڵکی و چارەسەرکردنی باری ئابووری. هەموو داخوازییەکانی جەماوەری گەلەکەشمان بۆ مافە ڕەواکانی خۆیان لە دابینکردنی ژیان و گوزەراندا بەڕەوا و ئەرکی حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسییە ناتەباکان دەزانین و بە هەموو توانا لەتەک داواکانی جەماوەردا ئەوەستین.
بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستیانەدا داوا لە جەماوەری هوشیاری گەل و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین کە بەرپرسانە لە خۆپێشاندان و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزاییدا خۆ لە توندوتیژی بەدوور بگرن و بوار نەدەن دەستی تێکدەری ئەم لاولا ناڕەزاییەکانی جەماوەر بۆ مەرامەکانی خۆیان بقۆزنەوەو بەلاڕێ و ئاقاری خراپدا بەرن و بەوپەڕی هوشیارییەوە ڕێگەی و شێوازی دەربڕینی نارەزایی لە چوارچێوەیەکی شارستانی و مەدەنیدا ئاراستە بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز...
با پێکەوە لەگەڵ (ناوەندی بڕیار)ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خەباتی سیاسی هێمن و شارستانی دەست لەناو دەست بە هەموو توانا هەوڵ بدەین:
1- گۆڕانکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدی بهێنین و لەسەر ڕێبازی ڕیفۆرم و چارەسەری سیاسی و ئابووری حکومەتی هەرێم بە حکومەتێکی بەتواناتر بگۆڕین.
2- داهاتی کوردستان لە هەموو سەرچاوەکانی داهات بە نەوت و غازەوە بەشێوەیەکی مەرکەزی هۆشیارانەو دوور لە دزەکردنی بەشێکی بەملاو لادا لەلایەن ئەو حکومەتە نوێیەوە کۆبکرێتەوەو عادیلانە بۆ ژیان و گوزەران و پێشکەوتنی ووڵاتەکەمان بەشێوەیەکی شەفاف خەرج بکرێت.
3- دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە فیدرالی و هەنگاوەکانیدا بپارێزین، و بوار بەو ئاراستانە نەدەین کە هەرێمی کوردستان و فیدرالی کەرت و پەرت بکات، پارچە پارچە و پارێزگا بە پارێزگا بە بەغدایەوە ببەستێتەوە.
4- گوشار بەرینە سەر لایەنە سیاسییەکانی، تا بەرز ببنەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و هەموو لایەنەکان لەیەکتر بچنە پێشەوەو بەرژەوەندیەی باڵای کورد و کوردستان و ئایندەی نەگۆڕنەوە بە شتی بچکۆڵەو بیانووی نابەجێ و پێکەوە ناوماڵی کورد ڕێکخەن و کۆمەڵ و نیشتمانەکەمان بخەنەسەر شاڕێی بۆ پێشەوەچوون و گەشەکردن.
هەق وایە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ژیانی خەڵکی و باری ئابووری و خواستەکانی کورد و کوردستانی لە ئایندەیەکی ڕووناکتردا، ڕەنج و خوێنی شەهیدانی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی گەل و ووڵاتدا گەورە بگرن. لەبەر ئەوانە هەموو سەری ڕێز دانەواندنی و قبوڵکردنی یەکتر بخەنە جێگەی سووکایەتی کردن بە یەکتر و بە پیرۆزییەکانی گەلەکەمان.
ناوەندی بڕیاری
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
18-11-2016