شاری #سلێمانی# لە ساڵی 1784 لەلایەن #ئیبراهیم پاشای بابان# ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراهیم پاشا شارەکەی بەناوی باوکییەوه (سلێمان) پاشا ناوناوه. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی #میرنشینی بابان# لەهەمانکاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکه.
بەشە دیالێکتی #سۆران#ی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێک کە بەشە دیالێکتی گۆرانی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851 وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە #جەنگی یەکەمی جیهان#ی، شاری سلێمانی دەخرێتەسەر کۆماری ئێڕاقی ئەمڕۆ. لە ساڵی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحمود بووە. شاری سلێمانی جگەلەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. پارێزگای سلێمانی لە چەند شارۆچکەیەک پێک هاتووە گرنگترینیان شارۆچکەی #پێنجوێن#ە کە وەک دەرزوازەیەکی گەورە واەیە لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پاش ئەویش #چەمچەماڵ# بە پلەی دووەم دێت کە دەروازەی دووەمی شارە ڕووی ناوچەکانی خوارووی ئێڕاق. سلێمانی بە هاوینە هەوارەکانی وەکو هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا و #سەرچنار# و #دوکان# و #سەرتەکی بەمۆ# و #کونەماسی# و ئەزمڕ و قەرەداغ و بەناوبانگە چەندین هاوینە هەواری دڵ ڕفێی دیکەش. پارێزگای سلێمانی دوو بەنداوی گەورەی تێدایە وەک بەنداوی دوکان و #دەربەندیخان# کە ئەوانیش وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ناوزەند دەکرێن و بەهاران خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێدەکات.
لە ناو شاری سلێمانیدا چەند مەزار گایەکی بەناوبانگی تێدایە و وەک مەزارگەی #کاک ئەحمەدی شێخ# و #شێخ مەحمودی حەفید# کە لە ناو #مزگەوتی گەورە#ی شاری سلێمانیدان، شاری سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان دادەنرێت لە ئێستادا بەهۆی ئەو ڕۆشنبیرییە فراوان و دێرینەی کە هەیەتی، بە شاری هەڵمەت و قوربانیش ناوی دەرکردووە بەهۆی ئەو قوربانییە گەورانەی کە خەڵکی ئەم شارە لە سەردەمی ڕژێمدا پێشکەشیان کردووە. سلێمانی گەورەترین زانکۆی تێدایە لە هەرێمی کوردستاندا کە بە #زانکۆی سلێمانی# ناسراوە، گەلێک شوێنەواری دێرین و مێژوییش هەن لەم پارێزگایەدا، وەکو گردی #یاسین تەپە# و ئەشکەوتی #قزقاپان# و ئەشکەوتی هەزار مێرد. شاری سلێمانی لەپاش ڕاپەرینە گەورەکەی ئاداری ساڵی 1991 یەکەوە فراوان بوون و پێشکەوتنێکی لە بەر چاوی بەخۆوە دیوە و بە ئارامترین پارێزگاش دەژمێردرێت لە ئێڕاقدا، بەو هۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی ئێڕاقەوە خەلکێی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگای ئەو هاووڵاتیانەی کە لە خواروی ئێڕاق و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوودەکەنە ئەو شاره، ئاستی ئابووری دانیشتوانەکەشی بە شێوەیەکی گشتی مام ناوەندە. شاری سلێمانی ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات و لە بناری چیای #گۆیژە#دا قەشەنگ ترو جوانتر دە بێت.[1]