لەبارەی ڕۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکەوە
ئەدەب بریتییە لە چەند ژانرێک، چ بۆ گەوران بێ، یاخود بۆ منداڵان. بەڵام خۆشبەختانە لە ئەدەبی کوردیدا لە سایەی چەند قەڵەمێکی جوان و دیاردا، ڕۆمان بۆ گەوران قۆناغێکی باشی بڕیوە و جێی خۆی کردووەتەوە، جگە لە زمانی کوردی، بەشێک لە گەلانی دیکەش بە ژانری ڕۆمان و ئەدەبی کوردی ئاشنایەتییان هەیە، بەهۆی کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزەوە، کە چەندین ڕۆمانی کوردییان وەرگێڕاوە بۆ سەر چەند زمانێک.
بەڵام لە ئەدەبی کوردی بۆ منداڵاندا، تاک و تەرا ڕۆمانێکت دەکەوێتە پێش چاو بۆ منداڵ یان مێرمنداڵ نووسرا بێ، ئەوەی تا ئێستا بۆ منداڵان و مێرمنداڵ نووسراوە، زیاتر شیعر بووە، کەمتر بیر لە نووسینی ڕۆمان کراوەتەوە. بەندە لە پەڕتووکی (ئەدەب و هونەری منداڵان) کە لە ساڵی (2019) دەستمپێکرد و لە ساڵی (2022) دا چاپکرا، تەوەرێکم بۆ نووسینی تایبەت بە مێرمنداڵان تەرخان کرد، بە تایبەتی ڕۆمانی مێرمنداڵان، بۆ ئەوەی گۆمەکە بشڵەقێنم و کەسانێک هەبن بیری لێ بکەنەوە و هەوڵی نووسینی ڕۆمان بدەن بۆ مێرمنداڵ. جێگەی دەست خۆشییە #ئەمین محەمەد#ی نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە کۆتایی ساڵی (2022) دا لەسەر ئەرکی خۆی ڕۆمانێکی چاپ و بڵاو کردەوە بە ناوی کچی دورگە بچکۆلەکە، بۆیە بە پێویستم زانی و پێم باش بوو لە زاری خۆیەوە خوێنەران ئاشنا بن بە ڕۆمانەکەی، ئەم دیدارەم لەتەکیدا ساز کرد.
سازدانی: #رۆستەم خامۆش#
$وەک دەزانین لە ئەدەبی منداڵانی کوردیدا، ژانری ڕۆمان گرنگی پێنەدراوە، هۆکارەکەی چییە؟$
ئەدەبی منداڵانی کورد، لەچاو ئەدەبی گەورە ساڵاندا مێژوویەکی کورتی هەیە. سەرەتا بەشیعر دەستیپێکردووە، پاشان چیرۆک و ژانرەکانی تر، وەک ئۆپەرێت و شانۆ و ڕۆمان. بەڵام ڕۆمانمان ئێجگار کەمە و زۆر هەژارین. تا ئێستا ئێمە لە سەرەتای سەرەتاداین. ڕاستە پێشتر دوو سێ هەوڵ هەبووە، وەک دوو ڕۆمانەکەی مامۆستا عەزیز مەلای ڕەش (گورگ و بزن) و (بۆرە) ، کە لە ساڵانی (1990 و 1991 ) چاپکراون، بەڵام ئیتر لەوساوە هیچیتر نابینرێت، لەم ساڵانەی دواییدا کاروان عومەر کاکەسوور ڕۆمانێکی چاپ کردووە بە ناوی (رێبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش) لەسەری نووسراوە ڕۆمانێک بۆ لاوان، بە بۆچوونی من هیچ پەیوەندییەکی بە منداڵەوە نییە، وەک هەندێ لە نووسەران باسی دەکەن، چونکە ناونیشان و قەبارەی پەڕتووکەکە و ناوەرۆکەکەشی بۆ منداڵ نین. ئەمە هیچ لە بەهای ڕۆمانەکە کەم ناکاتەوە، چونکە ڕۆمانێکی زۆر باشە، بەڵام بۆ منداڵ و مێرمنداڵ نییە و بەڕێزیشی نووسیویەتی بۆ لاوان، باسی منداڵی نەکردووە، کەواتە له و بوارەدا زۆر هەژارین. ڕاستە ئێمە چیرۆکنووسی باشمان هەیە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، بەڵام جێی داخە هیچ ئاوڕیان لە ڕۆمانی تایبەت بە منداڵ و مێرمنداڵ نەداوەتەوە. ئەوانیش بۆ هەندێ هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم: ڕۆماننووسین لە چیرۆک نووسین جیاوازترە و توانا و جیهانبینییەکی زۆر زیاتری پێویستە. دووەم: کارێکی زۆر قورس و ئاڵۆزە و نەیانویستوە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن.
$چۆن بوو بیرت لە ڕۆمان نووسین کردەوە بۆ مێرمنداڵ؟$
لە ڕاستیدا من دەمێکە سەرقاڵی نووسینم بۆ منداڵان، شیعر و چیرۆکم نووسیوە و کاری وەرگێڕانیشم کردووە. لەم دواییەدا هەندێ توێژینەوەم لەبارەی ڕەخنە و مێژووی ئەدەبی منداڵان کردووە، بۆم دەرکەوت تا ئێستا کەمترین کار لەسەر ڕۆمان بۆ منداڵ کراوە، ئەوانەشی کراون لە ئاستی پێویستدا نین. منیش وەک هەوڵێک یەکەم ئەزموونی خۆم ئەم کارەم کردووە و ڕۆمانێکم بۆ مێرمنداڵ نووسیوە. به و هیوایەی خزمەتێک بە منداڵ و ئەدەبی منداڵ بکەم و ببێتە هاندانێک بۆ هاوڕێکانم، ئەوانەی له و بوارە کار دەکەن، تا ئەوانیش کاری باشتر و جوانتر پێشکەش بکەن و ئەوەی بە من نەکراوە ئەوان تەواوی بکەن، چونکە ناکرێ ئێمە هەر دابنیشین و بڵێین ڕۆمان بۆ مێرمنداڵ نییە. دڵنیام کاری باشتری بەدوادادێت و بەهەموان دەتوانین بنچینەی ئەو ژانرە گرنگ و پێویستە دابنێین.
$پێمخۆشە ناوەرۆکی ڕۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکەبخەیتەڕوو، تاخوێنەران زیاتر پێی ئاشنابن و بەڵکوو بزانرێ باسی چیی دەکات؟$
ڕۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە دەقێکی منداڵانەی پڕ لە فەنتازیایە، پاڵەوانەکەی کچێکی ئەفسوناویی (سیحری) یە، لەسەر زەوی و ناو دەریا و ئاسماندا بەئاسانی دێت و دەچێ و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. هاوڕێی سەرجەم گیاندارانە و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات. دەچێتە قووڵایی دەریا و سەر لووتکەی چیا بڵندەکان و بەسەرپشتی باڵندەوە بەناو گەردووندان گەشت دەکات.
$رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە چ پەیامێکی تێدایە بۆ مێرمنداڵان؟$
ڕۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە چەند پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای تێدایە بۆ هەموو قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ، وەک مرۆڤ دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و میهرەبانی و ژینگەپارێزی و باوەڕ بەخۆبوون و کۆڵنەدان، چەندین زانیاری گرنگ لەبارەی ئاژەڵ و سرووشتەوە بەگشتی.
$بەبۆچوونی تۆ چی بکرێت بۆ پێشخستنی ڕۆمانی تایبەت بە مێرمنداڵ؟$
بە بۆچوونی من هەموو ئەو نووسەرە تایبەتمەندانەی بواری ئەدەبی منداڵ، بەتایبەت ئەوانەی چیرۆکنووسی منداڵن و بەهرە و توانا و ئەزموونیان هەیە لە بوارەکەدا، ئاوڕ لەم ژانرە گرنگە بدەنەوە و خۆیانی تێدا تاقی بکەنەوە، چونکە ئەوە کەلێنێکی گەورەیە بە یەک کەس و دوو کەس پڕ نابێتەوە، بۆیە هیواخوازم لە داهاتوویەکی نزیکدا، چەندین دەقی جوان و گونجاومان هەبێت، من لە ئێستاوە چاوەڕێم و دەست خۆشی لەهەر نووسەرێکی ئازیز دەکەم قۆڵی لێ هەڵ بماڵێ و ئەسپی خۆی تێدا تاوبدات، بە مەبەستی پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی بێنازی نەتەوەکەمان.[1]