هێمن عەساف
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی بانگهێشتکردنی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# بۆ پەڕڵەمانی تورکیا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، مەرج نییە بانگهێشتی پەڕڵەمان بکرێت، دەوڵەت هەزار ڕێگە بۆ گەیاندنی پەیام دەدۆزێتەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە دوای چالاکییەکی پارتەکەی لە دژی دەسەڵات بەهۆی قەیوومکردنی شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ، بۆ میدیای وڵاتەکەی دوا.
لەبارەی هێڵی سووری جەهەپە لە پرسی چارەسەری و بیرۆکەی #دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە، بۆ بانگهێشتکردنی ئۆجەلان بۆ پەڕڵەمان پرسیار لە ئۆزەل کرا و لە وەڵامدا ڕایگەیاند، هەر کەس قسە لەبارەی هێڵی سوور بکات، کەس ناتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی بکات. بەمەش کێشەکان چارەسەر نابن.
ئۆزگور ئۆزەل ڕاشیگەیاند، جەهەپە بەڕوونی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە؛ لەژێر بنمیچی پەڕڵەمان و لەسەر بنەمای نیازپاکی، شەفافی، درووستی، دیموکراسی، دوور لە فریودانی کەس، دەبێت ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی بەدی بکرێت. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەمانە، قسەی گەورە کێشە درووست دەکات.
باسی لەوەشکرد، لایەنێکی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش، خانەوادەی شەهیدەکانن، بەبێ ڕەزامەندی ئەوان ناکرێت هیچ هەنگاوێک بنرێت. باوەڕ ناکەم خانەوادەی شەهیدەکان ڕازیبن بە بیرۆکەی هێنانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پەڕڵەمان. عەبدوڵڵا ئۆجەلان یان هەر کەسێکی دیکە بتوانێت کاریگەریی بخاتە سەر
پەکەکەپەکەکە و بۆ فڕێدانی چەک، قسەکانیان بەهادار و گرنگە، بەڵام مەرج نییە لە ستەیجی پەڕڵەماندا ئەم داوایە ئاڕاستە بکات.
وتیشی، ئەگەر مەبەست گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆیە، دەوڵەت هەزار و یەک ڕێگەی دیکەی هەیە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. بەڵام تیشک خستنە سەر پێشنیازی هێنانی بۆ پەڕڵەمان و گەیاندنی پەیام لەسەر ستەیجی پەڕڵەمان، ئەمە کارێکی درووست نییە. [1]