هەوار ئیسماعیل
سەرۆکی مەهەپە دەڵێ، لە تورکیا کێشەی کورد نییە و وتەی کێشەی کورد، یاریی ئیمپریالیستەکانە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، #05-11-2024#) #دەوڵەت باخچەلی# لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەڕڵەمانی تورکیا قسەی کرد و باسی پرسی کوردی کرد. ئاماژەی بەوە دا، پێویستە کورد ئێستا ئەو یارییانە ببینێت کە دەکرێن و هیواکانی تیرۆر تێکبشکێنن.
باخچەلی وتی لە تورکیا کێشەی کورد نییە و وتەی کێشەی کورد یاریی ئیمپریالیستەکانە. تاوەکوو ئەمڕۆ لە ژیانی کارەوە بۆ سیاسەت، لە بیرۆکراسییەوە بۆ پەروەردە، لە بازرگانییەوە بۆ کشتوکاڵ، لە وەرزشەوە بۆ هونەر، ئایا برایەکی کوردم هەیە کە مافەکانی پێشێل کرابێت؟ ئەگەر هەبێت، هەمیشە ئامادەین گوتەبێژی ئەوان بین و مافەکانیان بپارێزین.
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت هیچ ئەنجامێکی سیاسەتی دابەشکاری نییە. یەکگرتوویی هەزار ساڵە، نابێت تێکبچێت و بێ ئەنجام بمێنێتەوە. میللەتی تورکیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێلانەکانی ئاشووب و گەندەڵی لەنێو سنگی خۆی لاببات و لە هەر کاتێکدا دەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. دەوڵەتی کۆماری تورکیا لەسەر شەقام نەدۆزراوەتەوە و ڕادەستی شەقام و تیرۆریستان و تاوانباران ناکرێت..
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی هەموو ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە سەربە کۆماری تورکیان، بەبێ گوێدانە نەتەوە، زمان، ئایین و مەزهەب، هاووڵاتیی یەکسانی ئەو نەتەوە تورکەیە کە کۆماری تورکیای دامەزراند. تورکبوون شووناسێکە کە دەستبەرداریی لێ ناکرێت. گەڕان بەدوای ناسنامەیەکی نوێ بۆ نەتەوەی تورک و پێناسەکانی هاووڵاتیبوون، هەوڵی پووچەڵن.
بە وتەی باخچەلی، ئەو کەسانەی بۆ شارەوانییەکانی ئەسەنیورت، خەلفەتی، ئێلی و مێردین وەکوو قەییووم دانراون، هیچ پەیوەندییەکیان بە قەییووم و نکۆڵیکردن لە ئیرادەی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی پەیوەندی ئەو شارەوانییانەیە لەگەڵ تیرۆر.
باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات، لە تورکیا سەروەری یاسا هەیە. پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگە ناچارییە. ئەو سەرۆک شارەوانییانە بۆ ماوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، پێویستە بەئارامی چاوەڕێی ئەنجامی پڕۆسەی دادگاییکردنەکانیان بکەن.
باخچەلی باس لەوە دەکات جەهەپە پڕۆسەکە پێچەوانە دەکاتەوە و ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.
باخچەلی وتیشی بەتایبەت سووکایەتیکردن بە بەڕێز ئەحمەد تورک کە کێشەی تەندرووستیی جیدی هەیە، تەمەنی گەورەیە و لە بنەماڵەیەکی بەنێوبانگ و ئاغایەکی کوردە، هەروەها فێڵی جیاکاریی نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەرهەمی دەرەکیی پڕوپاگەندەی ڕەشە کە جەهەپە سەرپەرشتی دەکات.
سەرۆکی مەهەپە جارێکی دیکە بانگەوازەکەی بۆ #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ڕێبەری زیندانیکراوی
پەکەکەپەکەکە دووپاتکردەوە و وتی هەفتەی ڕابردوو بەڕوونی قسەم کرد. هەمووان قسەیان کردووە و ئێستاش قسە دەکەن. دیسان دەڵێم؛ لە سەدەی نوێی کۆماری تورکیا، تیرۆر بنبڕ دەکرێت. ئێمە لەگەڵ برا کوردەکانمان یەک دڵین و لە بەرانبەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی دابەشکەردا لە یەک بەرەداین.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردەی تیرۆر کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەر بڵێت تیرۆر کۆتایی هاتووە و پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، خیانەت و دابەشکاری کۆڵانێکی داخراوە، با بێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی و یەک بە یەک ئەم قسانە بڵێت. با ڕەش و سپی لە یەکتر ڕوون بێت و لە مافی هیوا کەڵک وەربگرێت. من لە پشت قسەکەمەوە وەستام و پێداگری لەسەر پێشنیازەکەم دەکەم. [1]