هەوار ئیسماعیل
نووسینگەی پارێزەرانی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-
پەکەکەپەکەکە ڕایگەیاند، ئەو درۆ و لێدوانە چەواشەکاریانەی لە دژی ئۆجەلان دەدرێن، ئامانجیان تێکدانی هەوڵی چارەسەری و ئاشتییە.
نووسینگەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، #09-01-2025#، ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو گفتوگۆ و وتارانە بڵاوکردەوە کە لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانی تورکیا لە بارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس دەکرێن.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: لەم ڕۆژانەدا هەموومان گەواهیدەری ئەوە دەبین کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بریکارمان هەوڵدەدات ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەشی یەکسان و ئازاد و دیموکراسیدا بەجێبهێنێت. سەرەڕای هەلومەرجی گۆشەگیری، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بەرانبەر بەو کەسانەی خۆراک لە جەمسەرگیری و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد وەردەگرن، خەباتێکی بێوچان بەڕێوە دەبات.
پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، ڕێبازی درۆ و چەواشەکاری بەرانبەر ئۆجەلان هەن کە سنووری ئاست و ڕێزگرتن ناناسن. ئەو باس و وتارە ئاست نزمانەی لە تیڤی یان کەناڵە میدیاییە مەجازییەکان لەژێر ناوی تێگەیشتن لە پڕۆسەکە دەکرێن، هەڵگری کێشەیەکی ئەخلاقی و عەقڵیەتن و ئامانجیان تێکدانی هەوڵەکانی چارەسەری و ئاشتییە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان کراوە بە زمانی ئاشتی بیربکەنەوە و قسە بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی 1978 دا پەکەکەی دامەزراند و لە ساڵی (1984)ەوە شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا ڕاگەیاند. ئۆجەلان لە #15-02-1999# لە کینیا دەستگیر کرا و گوازرایەوە تورکیا. ماوەی 26 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە. [1]