گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ڕایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی
پەکەکەپەکەکە.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، عومەر چەلیک وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. چەلیک سەبارەت بە سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی وتی، قۆناغی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەیە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ئێوارەی #27-01-2025# لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو بابەتانەی کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکراون.
سەبارەت بە سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ لای #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی وتی: بە هیچ شێوەیەک ئەمە قۆناغی مامەڵەکردن نییە و بەهیچ شێوەیەک قۆناغی وەرگرتن و پێدان نییە.
عومەر چەلیک هەروەها وتی: وەک تورکیا لەم قۆناغەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش ڕێگری و لەنێوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەیە کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک درووست بکەن.
#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە ڕۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەڕڵەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە بێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە. دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان بکات لە ئیمرالی.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی شەممە، #28-01-2025# سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە کۆبووەوە. ڕۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەڕڵەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
ڕۆژی شەممە، #11-01-2025# شاندەکە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد، پاڵپشتیی دەمیرتاشیان لەبارەی پڕۆسەکە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە #22-01-2025# سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە. [1]