بژار زوبێر
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیی سووریا (
ئەنەکەسەئەنەکەسە)، دوای کشانەوەی لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت: بە ڕوانگەیەکی نوێوە کاری سیاسی دەکات، بە جۆرێک لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستا بگونجێت. گوتەبێژەکەشی بە ڕووداوی ڕاگەیاند، کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە واتای دژایەتیکردنی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق نایەت و لەسەر داواکاریی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستانی و وڵاتی بیانیش ئەو هەنگاوەی نەناوە.
هاوپەیمانییە کوردستانییەکە لەو هێزانە پێکدێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن.
هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ساڵێک دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا پێکهێندرا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ببێتەوە، کە
08-12-202408-12-2024 بە هێرشێک بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کۆتایی پێ هێنرا.
ئەنەکەسە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: دوای ڕووخان و لەنێوچوونی ڕژێمی دیکتاتۆری خوێنمژ و کۆتاییهاتنی ڕۆڵی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن و دەستەی دانووستاندن، ئیدی ئەنەکەسە کشانەوەی خۆی ڕادەگەیێنێت. ئەنەکە جەخت لە بەرەوپێشبردنی کاری سیاسی بە ڕوانگەیەکی نوێ دەکاتەوە بە جۆرێک لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستا بگونجێت.
ئەنەکەسە دەڵێت: لەبارەی داهاتووی سووریا و دەستەبەرکردنی مافی گەلی کوردمان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە دەستووردا، لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان کاردەکەین.
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: ئەنەکەسە جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە کاری هاوبەش لەسەر ئاستی کوردی و نیشتمانیی سووریا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هیواکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی بەدیبێن.
ئەنەکەسە 11 ساڵ لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا بوو و یەکێک لە جێگرانی پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەش لە پشکی ئەوان بوو.
هێزەکانی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو ئێستا بەشێکن لە دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشق. هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە هەوڵدان لەگەڵ ئەنەکەسە ڕێکبکەون بەرەیەکی کوردستانی یەکگرتوو بۆ دانووستاندن لەگەڵ دیمەشق پێکبهێنن.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە ڕووداوی گوت: کشانەوەمان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بە واتای دژایەتیکردنی دەسەڵاتی نوێی سووریا نایەت.
فەیسەڵ یوسف لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی ڕۆژی هەینیی ڕووداودا بە نالین حەسەنی پێشکەشکاری ڕووداوی ڕاگەیاند: ڕژێم ڕۆیشت. ئێستا پێویستە پێکەوە سووریایەکی نوێ و دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنین بۆ ئەوەی پێکهاتەکان هەموویان بە مافی خۆیان شادبن و ئازاد بن.
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت بە ڕوانگەیەکی کوردیی هاوبەش و یەکگرتوو لە پڕۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن؛ ڕەتیشیکردەوە کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن مەرجی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە)یان لەسەر داوای هەر وڵاتێکی بیانی بووبێت.
هاوپەیمانیی پەیەنەکە لەو پارتانە پێکدێت لەنێو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.
فەیسەڵ یوسف وتی: پێشتریش کە ئێمە لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا دژی ڕژێم دەوەستاینەوە، مەرجی هیچ کەس نەبوو. تەنانەت کاتێک دانووستاندنیشمان دەکرد [لەگەڵ لایەنە کوردییەکان]، دەمانوت ئەو ڕوانگە کوردییە هاوبەشەی لە ساڵی
2012 لەسەری ڕێککەوتین، بۆ ئێمە بناغەیە. ئێمە وەک ئەنەکەسە بەردەوام هەڵگری ئەو ڕوانگەیە بووین، تەنانەت لەو کاتانەش لەگەڵ لایەنەکەی دیکەدا کۆک نەبووین.
لەبارەی گفتوگۆی کوردی-کوردی لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، گوتەبێژەکە وتی: هەوڵدەدەین شاندێک پێکبهێنین. بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەوان مەرج بەسەر ئێمەدا بسەپێنن یان ئێمە مەرجیان بەسەردا بسەپێنین، بەڵکوو دەمانەوێت جەخت بکەینەوە کە ڕوانگەی سیاسیی هاوبەش بۆ تەواوی سووریا و کورد بەدەستبێنین.
ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی، دیارترینیان فەرەنسا، لە دوای ڕووخانی ئەسەد، وەک نێوەندگیر هەوڵ بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا دەدەن. لە کاتێکدا مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە زۆرینەی هەرە زۆری لە کورد پێکدێت، بۆ بەردەوامبوونی شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی
داعشداعش بە پێویست دەزانن.
فەیسەڵ یوسف ڕەتیکردەوە کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو لەسەر داواکاریی ئەو وڵاتانە بووبێت و وتیشی: ئەم بڕیارەمان لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، ئەنەکەسە و وڵاتی سووریا لەم قۆناغەدایە.
[1]