ڕێبەری گەلی کورد #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# لە دوایین پەیامیدا داوای خستنەسەرپێی ڕێککەوتنێکی نێوان خۆی و #ئیدریس بارزانی#ی دەکات، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1982، ڕێککەوتنەکە لە 11 خاڵ پێکدێت و تێیدا شەڕی کورد بە کوردی بە تاوان لە قەڵەم دراوە.
ڕۆژی #27-04-2020# عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە خانەوادەکەیەوە کرد و قسەی لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای کرد، دواتر محەمەد ئۆجالان ناوەرۆکی پەیوەندییەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕێبەری گەلی کورد زۆرترین قسەکانی لەسەر #باشووری کوردستان# بووە.
ڕێبەری گەلی کورد جەختی لە پێویستیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کردووە و داوای کردووە هێزە کوردستانییەکان دووربکەونەوە لە شەڕی ناوخۆ، بۆ ئەوەش داوای کردووە ڕێککەوتنی ساڵی 1982ی نێوان خۆی و ئیدریس بارزانی بەگەڕبخرێتەوە.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، #محەمەد ئەمین پێنجوێنی#، سیاسەتمەداری باشووری کوردستان و کەسایەتیی نزیک لە ڕێبەری گەلی کوردەوە، ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 1982ی خستە ڕوو، کە ڕێبەری گەلی کورد داوای سەرپێخستنەوەی دەکات.
پێنجوێنی باس لە هەلومەرجی پێکهاتنی ئەو پەیمانە دەکات و دەڵێت: ئەو کات پارتی درووشمی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا دەستپێکردبوو، لە یەکێتییەوە دەستی پێ کرد و لەگەڵ #مام جەلال# لە تاران ئاشتبوونەوە، ئیدریس بارزانیی سەرپەرشتیی ئەو پڕۆسەیەی دەکرد، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکبوونەوەیان لەگەڵ
پەکەکەپەکەکە و بەتایبەت بەڕێز ئۆجالان درووستکرد.
جەوهەری پەیمانەکە 11 خاڵە، تێیدا جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە هێزی سیاسیی کوردیی ڕاوێژ بەیەک بکەن، خاڵێکی دیکە دەڵێت پێویستە هەوڵ بدرێت هەموو لایەک شەڕی کورد و کورد تەحریم و تەجریم بکرێت، واتا بە تاوان بناسێندرێت، “هەرچەند بەداخەوە دوای ئەو پەیمانەش شەڕ لەنێوان لایەنەکاندا هەر درووستبووەوە”.
#فەلەکەدین کاکەیی#، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێک بووە لەوانەی لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا بەشدار بووە لە دانووستانەکان لەگەڵ پەکەکەدا، ئەو بۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنیی گێڕاوەتەوە و وتویەتی: یەکێک لە خاڵەکان ئەوەبووە کە هزری مارکسییەت بەبنەما بگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان، دواتر کە پارتی تاوتوێی ڕێککەوتنەکەی کردووە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکییان هەبووە چونکە ئەو کات ئەوان لە ئێران بوون، بۆیە ئیدریس بارزانیی دەگەڕێتەوە بۆ لای سەرۆک ئۆجالان، سەرۆکیش پێی دەڵێت ئەوە کێشە نییە، بەڵام کێشەی سەرەکیی یەکبوونی ئەقڵی سیاسیی هێزە کوردییەکانە، کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە کورد بەدەستی کورد نەکوژێت.
پێنجوێنی ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە چەند جارێک لە سەردانیدا بۆ بیقاع بۆ لای ڕێبەری گەلی کورد، سەرۆک ئۆجالان جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەو پەیمانە زیندووبکرێتەوە و کاری پێبکرێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە ڕێبەری گەلی کورد ڕایسپاردووە بۆ ئەوەی کار بکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پەیمانە و دەڵێت: لە ساڵانی 2013 و 2014دا ڕێبەری گەلی کورد چەند هەڤاڵی نارد بۆ لام و داوای لێکردبووم کار بکەم بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەو پەیمانە، منیش تا ئێستا هەر بەو نەفەسەوە کار دەکەم و لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیشم لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەتایبەت کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان ئەو پەیامەم پێ گەیاندوون و داوام لێکردوون یەکڕیزیی کوردیی بپارێزن.
پێنجوێنی دەشڵێت: پێویستە هەم لایەنی پەکەکە و لایەنەکانی دیکەش کار بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پەیامە بدەن و هەوڵبدەن جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد ڕوونەداتەوە و یەکڕیزییەکی سیاسیی پێکبهێنن.
ئەو سیاسەتمەدارە پێشی وایە، کە “ئێستا پارتی زیاتر دەتوانێت هەوڵی ئەوە بدات کە کورد بەدەستی کورد نەکوژرێت” و دەڵێت: پارتی ئێستا حکومەتە و دەرفەتی زیاترە، دەتوانن زەمینەسازییەکی باش درووستبکەن، کە لانی کەم کورد شەڕی یەکتر نەکەن و هێزێکی کوردیی نەچێت هاوکاریی هێزێکی داگیرکەر بکات دژ بە هێزێکی دیکەی کوردیی.
لەبارەی دۆخی زینی وەرتێشەوە محەمەد ئەمین پێنجوێنیی هۆشداریی دەدات و دەڵێت: ئەم دۆخەی ئێستای زینی وەرتێ ئەگەر بگاتە شەڕ، یەکەم بۆ زیانگەیاندنە بە پەکەکە، دووەمیش بۆ لەناوبردنی پڕۆسەی سیاسیی باشوورە، سەرکێشیی ئەم پیلانگێڕییەش تورکیا و شەخسی ئەردۆغان و ئێران و ئێراق و سووریاش دەیکەن، بۆیە بەتایبەت داوا لە هەرسێ هێزی پەکەکە، پارتی و یەکێتیی دەکەم ئەم پیلانە تێکبدەن.
لەبارەی داواکاریی ڕێبەری گەلی کوردیش بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، پێنجوێنی دەڵێت: بەڕێز ئۆجالان پێش ڕوودانی شتەکان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات، ئێستاش ئەو بەڕوونتر هەست بە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد دەکات، بۆیە جەخت لە یەکڕیزیی کورد دەکات و داوا دەکات شەڕی کورد بە کورد نەکرێت. [1]