"هەمیشە سەردەمانێک هەیە لەمێژوودا شاعیرەکان لەپاڵ ستەمکارەکاندا حوکم دەکەن" میران کۆندێرا ڕۆماننووسی گەورەی چیکی
من ناوم (ئارام نوری) یە و یەکێکم له و گەنجانەی کەلار کە چەند وێنە و قەسیدەیەکی جەمال غەمبارمان سوتاند، به و هۆیەوە لەلایەن هەندێک لەکەناڵەکانی ڕاگەیاند و بەشداربووانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە هێرشمان کرایە سەر. پێمخۆشە لەرێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە هۆکاری سوتاندنی قەسیدەکانی جەمال غەمبار ڕوونبکەمەوە و ئەوەش بخەمەڕوو لە سوتاندنی کتێبەکاندا تەنها نەبووم، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجی ڕۆشنبیر و ئەدەب دۆستم لەگەڵ بوو کە هەریەکێک له و گەنجانە خاوەنی بیر و باوەڕ و ئایدیای جیاوازین و تەنها قەبوڵکردنی بیرورای جیاواز و خۆشەویستیمان بۆ ئەدەب و شیعر و کتێبە فیکریەکان کۆی کردووینەتەوە، جەمال غەمباریش وەکو شاعیرێک پێشتر خۆشەویست بوو لامان و ئامادەی هەموو قوربانی دانێک بووین لەپێناو ئەوەی دەستمان بگات بەیەکێک لە کتێب و قەسیدەکانی.
ئەوەی ئێمەی لە جەمال غەمبار نیگەران کرد خۆکاندیدکردنی نەبوو بۆ لایەنێکی سیاسی و ئێمە ڕێز لەبیر و باوەری جیاواز دەگرین و پێَمان وایە کۆمەڵگە بێ بوونی بیروباوەری جیاواز قەتیس دەبێت و هەنگاو بەره و پێشەوە نانێت، بەڵکو قسە دژ بەیەکەکانی ئەو شاعیرە نیگەرانی کردین و پێمانوابوو لە ڕێگەی سوتاندنی هەندێک لە قەسیدەکانیەوە دەتوانین پەیامی نارەزایەتی بدەین بەگوێیدا. ڕەنگە خەڵکی داوای بەڵگەمان لێبکات لەبارەی ناراستگۆیی ئەو شاعیرەوە بۆیە پێمخۆشبوو بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بهێنمەوە و شاهیدیشم بۆ پشتراستکردنەوەی بەڵگەکەم هەیە و وەکو تەحەدایەکیش ناوی شاهیدەکە دەهێنم.
بەڵگەکەش ئەوەیە چەند مانگێک لەمەوبەر جەمال غەمباری شاعیر لە هۆڵی بۆنەکانی کەلار داوەتی ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی دەبێت و دوای تەواو بوونی کۆڕە شیعریەکەی، درەنگانێکی ئێوارە جەمال غەمبار و ژمارەیەک لە گەنجانی ئەدەب دۆست لە جێگەیەکی تایبەتی میوان دەبن و تا کاتژمێر یەکی شه و له و جێگەیە دەمێننەوە، دواتر کاتێک دانیشتنەکەیان تەواو دەبێت و بڵاوەی لێدەکەن لەوکاتەدا گەنجێکی ئەدەب دۆست و خوێنەر بەناوی (س) دەچێتە بەردەم جەمال غەمبار و پێیدەڵێت"تۆ لە سەر تەختەی شانۆ خۆت دەکەیت بەگریان و فرمێسکی تیمساحی دەرێژیت، بەڵام لە واقیعدا هێندە هەست ناسک نیت"، ئەڵبەت ئەوەی گەنجەکە بە جەمال غەمباری وتبوو بۆچوونی یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد لەسەر جەمال غەمبار و پێشتر شاعیرەکە لای ئەو گەنجە باسیکردبوو، بەڵام گەنجەکە ئەو بۆچوونەی ڕاشکاوانە به و نیوە شەوە دا بەگوێی غەمباردا.
لەوکاتەدا دڵشاد ئەنوەری ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ژمارەیەک گەنج لەگەڵ جەمال غەمبار دەبن و گەنجەکان ویستوویانە پەلاماری (س) بدەن بەڵام ئەو ڕۆژنامەنوسە نەیهێشتووە، بەڵام جەمال غەمبار خۆی پێنەگیراوە و پەلاماری گەنجەکەی داوە و پێیوتووە" بەم نیوە شەوە تۆ یەکێتی و پارتی ناردووتیان ڕێگە لە من بگری یان ئیسلامیەکان" و دابەزیوەتە سەر پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکاندا و خۆی وەکو کەسێکی ئەنتی دەسەڵات نیشانی گەنجەکانی هاوەڵیداوە. بۆیە ئێمە کاتێک هەڵوێستمان بەرانبەر جەمال غەمبار وەرگرت و قەسیدەکانیمان سوتاند ویستمان لەم ڕێگەیەوە داوای لێبکەین ڕاستگۆبێت لەگەڵمان چونکە ئێمە ڕاستگۆیانە خوێنەری قەسیدەکانی ئەو بووین و خۆشمان ویستووە، بەداخەوە ئەو ڕاستگۆ نەبوو لەگەڵمان و لای ئێمە هێرشی کردە سەر دەسەڵات و لەولاشەوە چووە ژێر باڵی دەسەڵات و خۆی کاندید کرد.
ئارام نوری
- 19-07-2013
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 11,550 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!