لەپێشوازی ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا، جارێکی تر ڕەشەبای ژنکوژی لە ناوچەیەکی تری هەرێمەکەمان هەڵی کردوو، ئەمجارەیان پەپوولەیەکی 15 ساڵانەی کردە قوربانی، کە هێشتا لە تەمەنی منداڵی دایە.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەتوندی ئیدانەی کوشتنی دونیا دەکات... شەوی 23-5-2014 لە ناحیەی کەڵەکچی سەر بە قەزای شێخان منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی دونیا بە دڕندەترین شێوە لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا، دواتر بکوژەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهات و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە بارەی شوێنی ئەو تۆمەتبارە دیار نییە.
دونیا ئەو کچە تەمەن 15 ساڵانەی ناحیەی کەلەکچی پارێزگای دهۆکە، کە لەلایەن مێردەکەیەوە لە حاڵەتێکی تەمومژاویدا کوژراو جەستەی شێوێندرا، پیاوەکەش دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە هەڵاتووە... ئەم تاوانه دەکرێت بە یەکێک لە تاوانە دەگمەنەکان، هەژماربکرێت کە لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا ڕوودەدەن.
لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان پێداگری دەکەین کە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانە بکرێت لەلایەن پەرلەمان و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەربارەی مارەکردنی کچێکی 14 ساڵان بەدەر لە یاساو هەروەها ئەم قوربانییە ژنی دووەمی بکوژەکەیە، چۆن مارەکراوه؟!!..، لەسەر ئەو تاوانە هەڵوێست وەربگرن..
داواکارین لە حکومەت بەزووترین کات تاوانبار دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوە لەم تاوانەو سزادانی بکوژەکەو گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ سنووردانان بۆ ئەم جۆرە تاوانانە کە بۆتە مایەی ڕوودانی کارەساتی ڕۆژانەی دوور لە گشت بەهایەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و ئایینی، لە هەرێمەکەماندا، بۆ پاراستنی کەرامەت و ژیانی هاووڵاتیان.
پێشێلکردنی یاساو چاوپۆشین و ئاسانکاری بەرامبەر بە تاوانباران و سستی لە جێبەجێکردنی ستراتیژو نەخشەو پلانی تایبەت بە بارودۆخی ژنان و مەسەلەکانی توندوتیژی، زمانی سیاسی زبر و گەلێک هۆکاری دیکە ڕێگەخۆش دەکەن بۆ ئەم جۆرە کارەساتانە کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی بەگشتی گرتۆتەوە.
بەپێویستی دەزانین زۆر بەجددی لەلایەن دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانەوە هەڵوەستەی جددی لەسەر بکرێت و هەنگاوبنرێت بەرەو جێبەجێکردنی گشت ئەو یاسایانەی پەیوەندیان بە مافەکانی ژنانەوە هەیە.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
25-05-2014