لابردنی شوێنەوارێکی مێژووی کە له سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیی دروستکراوە، نیگەرانی لای دانیشتووانی قەزای خانەقین و چالاکوان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دروستکردووە، ئیدارەی قەزاکەش ئاماژە بەوە دەدات کە یەکێک لە سەنگەرەکان لە لایەن جووتیارێکەوە لابراوە بۆ ئەوەی کاری کشتوکاڵی لە زەوییەکەیدا بکات، چالاکوانێکیش ئاشکرای دەکات، دانەیەکی تر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە تێکدراوە و خانوو لە شوێنەکەی دروستدەکات.
ئەمیر خانەقینی، چالاکوانی مەدەنی لە قەزای خانەقین، بە خەندانی ڕاگەیاند: "ئه و ئاسەوارانه لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ﻻیان سوپای بریتانیاوە دروستکراون، له خانەقین پێی دەڵێن سپێر وەکو ڕەبایە لەکاتی شەڕ بەکار هینراوە".
ئه و چالاکوانە، ئاماژەی بەوەشدا کە له ناوچەکەیان زیاتر 10 دانە له و ڕەبایە سەربازییانە هەیە کە وەکو شوێنەوارێک ماونەتەوە، وتیشی: "پێش ماوەیەک بە بیانووی بەکارهێنانی زەوییەکەی بۆ کاری کشتوکاڵی یەکێکیان له شوینەکەی ﻻبرا و خرایە شوێنێکی تر، یەکیکی تریش له نزیک کەڵات لەﻻیان کۆمپانیابەکی خانووبەرە که له ئێستادا خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکات له نزیک کەڵات، تێکدرا".
ئەمیر خانەقینی، کە هاوکات یەکێکە له سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی "ئیتر بەسە"، وتیشی: "یەکێک لە داواکارییەکانی هەڵمەتەکەمان گرنگیدانە بە شوێنەوارە دێرینەکانی خانەقین، کە ناوچەکەمان له و ڕووەشەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام تائێستا فەرمانگەیەکی تایبەتمان نییە به و بوارە".
داواشیکرد، شوێنەوارە دێرینەکانیان لە لەناوچوون و تێکدان بپارێزرێت، وتیشی: "گرنگترین شوێنەواری ئێمە پردی ئەڵوەنە کە لە ساڵی 1863 دروستکراوە و لەئێستادا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە".
لەبەرانبەردا، عەدنان مەنسوور، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، بە خەندانی ڕاگەیاند: "ئه و شوێنەوارانە وەکو سەنگەرێک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراون لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانی کە به مادەیەک دروستکراون پێی دەوترێن "نویرە" نە چیمەنتۆیە و نە گەچ، کە ئەوکات ئه و مادەیە بۆ بیناکردن بەکاردەهێنرا ".
ئاماژەی بەوەشدا کە پێش ماوەیەک جووتیارێک یەکێک له و سەنگەرانەی لە ناو زەوییەکەی لابردووە، بۆیە ئێمەش نووسراومان کرد بۆ فەرمانگەی بەرگری شارستانی، چونکە هەموو ژێرخان و سەنگەرێک بکەوێتە سنووری شارەوانییەوە بەپێی یاسا ئه و فەرمانگەیە لێی بەرپرسە، وتیشی: "ئەوان لە وەڵامدا وتیان ئێمە بەرپرس نین له و سەنگەرانە، چونکە دەڵێن ئێمە بەرپرسین لە هەر ژێرخان و سەنگەرێک کە لە جەنگی عیراق _ ئێران دروستکرابێت".
پاشان نووسراویان بۆ قایمقامییەتی قەزای خانەقین کردووە، ئەوانیش نووسراویان کردووە بۆ ئاسەواری دیالە بۆ ئەوەی بزانرێت ئه و سەنگەرانە لە ئەستۆی کێیە و کێ بەرپرسیارە لە پاراستنیان، وتیشی: "بەداخەوە هێشتا وەڵام نەدراوینەتەوه".
- 01-06-2015