ئەگەر چی مانگی ڕەمەزان بە مانگێکی پیرۆز لای موسوڵمانان دادەنرێت و دروستبوونی ئەم مانگە بۆ هەستکردنە بە برسێتی خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار، بەڵام لەم مانگەدا زۆرترین خۆراک لەلایەن موسوڵمانانەوە فڕێدەدرێت.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی خۆراکی جیهان، ئەو خواردنەی لە جیهاندا فڕێدەدریت بەشی تێربوونی دوو ملیار کەسی برسی و هەژاری سەر زەوی دەکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مانگانە 69 هەزار تۆن خواردن لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێت.
ئەگەرچی چەند جارێکە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەداتە وڵاتانی جیهان کە دەبێت وڵاتان کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بکەن بە ڕێژەی 50% تاوەکو ساڵی 2045، چونکە خواردن بەشی تەواوی مرۆڤی سەر زەوی ناکات، بەڵام تاوەکو ئێستاش وڵاتان ساڵانە ملیارێک و 300 ملیۆن تۆن خواردن فڕێدەدەن.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی ناسراو بە فاو، ساڵانە یەک لەسەر سێی خۆراکی بەرهەم هاتوو فڕێدەدرێت، بەمشێوەیەش بە بەهای 1 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری جیهان دەگات، لەم تریلیۆنە 680 ملیاری بەر وڵاتانی پیشەسازی دەکەوێت و 310 ملیاریش زیان بە ئابووری وڵاتانی دواکەوتوو دەگات. ئەو خۆراکەی کە فڕێدەدرێت بەشی تێربوونی دوو ملیار کەس دەکات لە جیهاندا.
فڕێدانی خۆراک بەتەنها زیان بە ئابووری ناگەیێنێت، بەڵکو زیانێکی 700 ملیار دۆلاریش بە ژینگە دەگەیەنێت، ئەو خواردنەی لەماڵەوە ئامادەی دەکەین و بڕێک ئاو بەکاردەهێنین بۆ دروستکردنی، دواتر بەشێکی دەخۆین و بەشێکی فڕیدەدەین، تەنها ئەو ئاوەی کە بەکارمان هێناوە لە دروستکردنی خواردنەکەدا و دواتر فڕێمانداوە ساڵانە تێچووەکەی لەسەر ئابووری 172 ملیار دۆلارە.
ئەمە جگە لەوەی کاتێک خواردنەکە فڕێدەدەین دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ساڵانە حکومەتی وڵاتان بڕی 429 ملیار دۆلار خەرجدەکەن بۆ کەمکردنەوەی قەتیسبوونی گەرما.
بەپێی ئامارەکان هەر تاکێکی سعودی ساڵانە 427 کیلۆگرام خواردن فڕیدەدات و هەرتاکێکی ئەندەنووسی 300 کیلۆ و هەرتاکێکی ئەمریکیش 278 کیلۆ و هەرتاکێکی ئیماراتی 196 کیلۆ و هەر تاکێکی تورکیش ساڵانە 183 کیلۆ گرام خواردن فڕێدەدات.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار هەزار و 600 تۆن زبڵ فڕێدەدرێت دوو هەزار و 400 تۆن لە هەولێر و هەزار و 200 لە سلێمانی و هەزار تۆنیش لە دهۆک، ئەوەی کە جێگەی مەترسییە ئەوەیە کە 50%ی ئەو زبڵەی لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێت خۆراکە، بەمشێوەیەش مانگانە لە هەرێمی کوردستان 69 هەزار تۆن خۆراک فڕێدەدرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە حەوت ملیار دینار بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک خەرجدەکات، واتا سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار خەرجدەکات بۆ فڕێدانی تەنها خۆراک.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرترین خۆراکی فڕێدراو لە وڵاتانانی موسڵمان لە مانگی ڕەمەزاندایە.[1]
#27-05-2018#