بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پرۆسەکەوە، سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و ئەندامان و لایەنگر و هەوادارە وەفادار و خۆڕاگر و پشوودرێژەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەتایبەتی دەکەم بۆ بەشداریکردنتان لە دەنگدان و سەرخستنی وێستگەیەکی دیکەی خەباتی دیموکراسی و مەدەنیمان.
متمانەی خەڵکی کوردستان بە یەکێتییەکەی مام، ئاماژەیەکی ڕوونی ڕەوایی خەباتی یەکێتی و قەدرزانینە بۆ مێژووە پڕ سەروەرییەکەی. هەروەها دووپاتکردنەوەی بڕوای تەواوەتیی خەڵکە بە یەکێتییەکەیان، بەوەی لە ئاستی چاوەڕوانیدایە و دەتوانێت داوا و مافە ڕەواکانیان بەدی بهێنێت.
سەرکەوتنی ئەمجارەمان، درێژکراوەی مێژووی زێڕین و هەرگیز لەبیرنەکراوی مام_ە کە لە تاریکترین چرکەساتی مێژوودا، بووە مەشخەڵهەڵگری گەلەکەمان و بۆ یەکەمجار توانیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست بکات. پێویستە یەکێتییش لەئاست گەورەیی ئەو مێژووەدا بێت و کەم و زۆریش سازش لە بچووکترین مافی خەڵک نەکات. چونکە یەکێتی خۆی هەر لەو پێناوەدا دامەزراوە و ڕەنجی داوە و ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە.
لێرەوە پیرۆزبایی لە دڵەوە هەڵقوڵاوی خۆم ئاڕاستەی #پێشمەرگە# و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و تەواوی لایەنگران و ئەندامانی یەکێتی و کاندیدە سەرکەوتووەکانی یەکێتی و سەرۆکی لیستەکەمان دەکەم بەتایبەت و بێگومانیشم سەبارەت بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە، سەرکەوتوو دەبێت.
داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم، بە ڕۆحێکی کوردانەوە، هەوڵی جدی بدەن بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و تەبایی و دووربکەونەوە لە بیری تەسک و کورتبینی حیزبایەتی و گرتنەبەری هەر ڕێگەیەک کە زیان بەو تەباییە دەگەیەنێت. چونکە میللەتەکەمان ساڵانێکی دژوار و ناهەمواری گوزەراندووە و شایەنی کەشوهەوایەکی ئارام و خزمەتی ئێجگار زیاترە.
#هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد#
بەیروت
#22-10-2018#
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 4,136 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!