دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
رێکخراوێکی بواری تەکنەلۆژیا ئاشکرایدەکات: لە کۆی پێنج پارێزگای باشووری کوردستان ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە لە 3 ملیۆن و 400 هەزار کەسە لە عێراقیش 17 ملیۆن کەس تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن.
رێکخراوای تێک ئای، بۆ تەکنەلۆژیا و زانیاری ڕاپۆرتێکی لەبارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردۆتەوە، بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئه و ڕێکخراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2006 و سەرەتای ساڵی 2007، ژمارەی بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر ڕووی لە زیادبوون کردووە، سەنتەر و فەرمانگە و کۆمپانیاکان، بگرە زۆرێک لە خەڵکی بە ئامێرێکی نوێی تەکنەلۆژی ئاشنا بوون ئەویش پێی دەوترا کۆمپیوتەر، دواتریش مۆبایل بە شێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوتۆ نەبوون، تاوەکو دەستپێکی شۆڕشی بەهاری عەرەبی ساڵی 2011، به و هۆیەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست (بەهەرێمی کوردستانیشەوە) پەرەی سەند و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنەران زیاد دەبن.
رێکخراوی چاوی تەکنەلۆژیا ئاشکرایکردوە: بەپێی کۆتا داتا و زانیاری دەزگای (ئینتەرنێت وۆرلد ستەیت)، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی دواین سەرژمێری، سەرووی 39 ملیۆن کەسە و له و ڕێژەیە 19 ملیۆن کەس ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، واتە بەڕێژەی 48.3%.
تێک ئای ڕاشیگەیاندووە: ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە عێراقدا 17 ملیۆن کەسە، واتە ڕێژەی 43.2%، هەروەها بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە هەرێمی کوردستان (بە پارێزگای کەرکویشەوە) نزیکەی 3 ملیۆن و 400 هەزار کەسە.
بەپێی داتای کۆمپانیای ئەلێکسای ئەمریکی بۆ ڕێزبەندی پڕ بینتەرترین ماڵپەرەکان لەسەر ئاستی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بزوێنەرەکانی گەڕانن، بە ڕێژەی 83%ی خەڵکی عێراق بزوێنەری گوگڵ بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوە و دوای ئەویش بزوێنەری یاهوو.
رێکخراوی چاوی تەکنەلۆژیا (تێک ئای) بۆ بواری تەکنەلۆژیا و زانیاری، بەڕەسمی لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێدراوە.
پێداچوونەوە: چالاک عومەر[1]
#24-11-2018#