کوشتن و خۆکوشتن و پێشێلکاری بەرامبەر ژنان بەگشتیی لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، ژنانی چالاکوانیش لەوبارەیەوە باسلەوە دەکەن، پەروەردەی تەندروست دەتوانێت ببێتە بنەڕەتی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، دەشڵێن: دەبێت سیمینارە هۆشیارییەکان بگوێزرێنەوە بۆ ناو گەڕەکەکان نەک ئەوەی بۆ کەسە نوخبەکان بێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵ، لە هەرێمی کوردستان، 27 ژن کوژراون و 41ژنی دیکە خۆیان کوشتووە، هەروەها 109 ژن سووتاون و 73ی دیکەش خۆیان سووتاندووە، لەم چوارچێوەیەدا، ژنانی چالاکوان دەربارەی هۆکار و ڕێگا چارەسەرییەکان قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.
نازە سەعید، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، لە سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت: بابەتی توندوتیژی دژی ژنان زۆر گرنگە کە باسی لێوە بکرێت و نەک تەنیا لە بۆنەکان بەڵکو و پێویستە میدیاکان بەردەوام بن لە کارکردن لە سەری و بەمشێوەیە ببنە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بۆیە ڕەخنەی گەورەم لە ئەندام پەرلەمانان هەیە سەبارەت بە نەمانی لیژنەی ژنان.
دەشڵێت: لە هەموو شوێنەکان توندوتیژی هەر هەیە یەکێک لەوانە جیابوونەوەی خێزانەکان و کوشتنە، کە بەرێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، بە تایبەتی کۆمەڵیک ڕووداوی خێزانی کە دەستدرێژییە لە لایەن کەسە نزیکەکانەوە، هاوکات ئەو یارییانەی کە هاتووەتە ناو کۆمەڵگاوە بووەنەتە هۆیەکی دیکەی کێشەکان، بۆیە بە داخەوە ئەوەی بگاتە دەسەڵات و ئەو پلەیەی کە مەبەستیەتی ئیدی شتەکان لە بیر دەکات، چونکە تا ئێستا لە یەکێک لە شاشەکانی کەناڵەکان نەمانبینیوە کە بڵێن لیژنەی ژنان یان یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکان فڵان کێشەی ژنانی چارەسەر کرد.
بەوتەی نازە، لە قاڵبدانی ژنان بووەتە هۆکاری بەکەم سەیرکردنی ژن و لە بچوکترین شت دەبێتە قوربانی، چەندین هۆکاری کوشتن و خۆکوشتن بەناوی نەخۆشی دەروونییەوە پشتگوێ خراون و دواتر کەیسەکەی دادەخرێت.
چالاکوانان داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم دەکەن پێداچوونەوە بەهەندێک یاسا بکرێت و لێژنەی ژنان لەپەرلەمان هەبێت.
ڕێزان قادر، یەکێکە دیکەیە لەچالاکوانانی بواری ژنان، باسی لە کۆمەلێک هۆکار کرد و پەروەردە بنەڕەتییەکانی خستەڕوو و وتی: یەکێک لە هۆکارەکان کە هەیە نەبوونی پەروەردەیەکی دروستە کە بەڕاستی لە باخچەی ساوایانەوە دەبێت ئەم هەنگاوە بنرێت و فێربکرێت کە جیاوازی ڕەگەزی لە مێشکیدا نەچەسپێت، بۆیە تا بناغەیەکی پتەو نەبێت ئەوا داهاتووشی هەر خراپ دەبێت و منداڵهێنان و گەورەکردن بە تەنیا پەروەردەی پێناوترێت.
ڕێزان ئەوەشی وت: لە بواری کۆمەڵایەتی و تەندروستی کۆمەڵایەتیدا پێویستە بە بەردەوامی پڕۆگرام و بەرنامەیان هەبێت، چونکە ڕووداو و توندوتیژییەکان بە بەردەوامی هەیە، هەروەها بەهێزبوونی لایەنی ئابووریش ئەتوانێت دەوری کارا ببێنێت لە کەمکردنەوەی کێشەی ژنان، چونکە ژنێک کە لە لایەن هاوسەرییەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت کە ئابوری بەهێز نەبیت یان خاوەن کاری خۆی نەبێت ناتوانێت خۆڕاگر بێت لە بەرامبەر کێشەکان.
بەبۆچوونی ئەو چالاکوانە، ڕێکخراوەکان دەتوانن جەخت لە کاراکردنەوەی لیژنەی ژنان بکەنەوە و ئەندام پەرلەمان و سەرۆک پەرلەمان ئەگەر بیانەوێت کار بکەن دەکرێت، دەشڵێت: کۆڕ و سیمینارەکان با تەنیا بۆ نوخبەکان و دەمووچاوە دووبارەکان نەبێت و بچنە ناو گەڕەکەکانەوە و بە هاوکاری ئەنجومەنی گەڕەک سیمینار و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە[1].
2019-09-30