خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
لەم ڕۆژانەدا دۆژمنی نەبینراو و نەناسراو، واتە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووی کردووەتە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو وڵاتەکان. ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد نە دەسەڵاتی سیاسیمان هەیە و نە وەکوو نەتەوەی کەمینەیش ئەمانناسن و حیسابمان بۆ دەکەن. میراتخۆرەکانی خەلیفەکانی ئەستەمووڵ لەوەیش تێپەڕیون و ئاوی خواردنەوەیان بە ڕووی پتر لە 1000000 دانیشتووی ڕۆژئاوای نیشتماندا (#حەسەکە# و گۆندەکانی) بڕیوە و سەلماندوویانە کە دوابەدوای ئەوەی بە چەک نەیانتوانی تێکمان بشکێنن، ئێستا دەیانەوێ بە کۆرۆنا لە ناومان بەرن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە لەمە باشتر نییە و وەک هەموو شارەکانی دیکەی ئێران، پێداویستیی نەخۆشخانەکان و پێداویستییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتییان دابین ناکرێت و کوردستانییەکان جگە لە خۆیان هیچ یار و یاوەرێکی دیکەیان نییە. لەم کەشوهەوایەدا تەنیا خۆمانین کە دەبێ یارمەتیی کوردی مەینەتکێش بدەین.
من وەکوو پارێزەرێکی کورد کە تا ڕادەیەک دەردی خەڵکی کوردم بینیوە و چێشتووە، لە هەموو کوردێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، داوا ئەکەم بەهەر شێوەیەک ئەتوانن یارمەتیی خەڵکی کوردستان و لە ڕاستیدا یارمەتیی خۆمان، بدەن. وەک نەریتێکی هەمیشە زیندووی ئەم وڵاتە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم جارەش لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەینی یارمەتیدانی هاووڵاتییان و بەگژاچوونەوەی بەڵای نگریسی کۆرۆنا دامەزراوە و لەم کەمپەینانەدا گەلێ چالاکی و تێکۆشانی بەنرخ و هەڵسوکەوتی باشمان بینیوە. تکا لە هەموو لایەک دەکەم ئێستا کە هیچ کەس و دەسەڵاتێک یارمەتیمان نادەن، با خۆمان بە بەشداریکردن یان یارمەتیدانی ئەو کەمپەینە مەدەنی و ئینسانییانە، وەک هەموو مێژووی پڕشانازیمان بەر بە گەورەتربوونەوەی ئەم کارەساتە نوێیەش بگرین.
هیوام دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەرییە بۆ کۆمەڵگا و نیشتمانەکەمان.
براتان ساڵح نیکبەخت
#11-04-2020#
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 1,499 mal angesehen