لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی پەژاک و کۆداردا هاتووە ئێمە وەک ” پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (#پژاک#)” و “کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لە ڕێی ئەو لێدوانە هاوبەشەوە هەڵمەتێکی بەرفراوان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ ئیعدام” دەست پێدەکەین و پەیوەست دەبین بە خەباتی گشتی هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەورووپا. ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێکە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی گەلانی چەوساوە بە تایبەت گەلانی کوردستان و ئێران، لەبەر ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە و هەموو بەرینایی ئێران لەخۆ دەگرێ.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاتی ئازادی ” گەلانی چەوساوە و بن دەست و ڕێبەر ئاپۆ” هاتووە، چونکە ئازادی هەردووکیان پەیوەستە بە یەکەوە و دوژمنان بە باشی لەو مژارە ئاگادارن. فەلسەفەی بەرخۆدانی گەلان پێمان دەڵێ کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی، ڕاوەستاندنی ئیعدام، مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبێ لەو هەڵمەتەدا بەشداری چالاکانە و بەهێزیان هەبێ و هەموو ماڵ و شەقام و شوێنێک بکەن بە مەکۆی تێکۆشان و خەبات.
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی پەژاک و کۆداردا ئەوەش هاتووە، بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانەی لەسێدارەدان کە یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێکدێنێت، هاوجۆشی و یەکگرتنی بەرفراوان نێوان سەرجەم هێزە ئازادیخواز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پێویست دەبینین. لەم سۆنگەیەوە ئەم هەڵمەتە بە هەنگاوێکی گرنگ لەپێناو یەکێتی و یەکگرتوویی سەرجەم گەلانی چەوساوە و مافخواز لەئێران و کوردستان دەزانین و بەم ڕێگەشەوە مسۆگەر دەتوانین نەیارانی گەل ناچار بە پاشەکشێ لەسیاسەتی سەرکوت و داگیرکاری لەسەر خۆ بهێنین.
دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی پەژاک و کۆدار
هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” هەڵمەتی سەرجەم گەلانە
ئازادی گەلی کورد و گەلانی ستم لێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵی گەلانەوە. هیچ تێکۆشانێکیش بە بێ ژێرخانی فکری و ئەندێشەیی لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ناتوانێ بەرهەڵستکارییەکی ڕادیکاڵی لە بەرامبەری فاشیسم هەبێ. لەبەر ئەوە پێویستە کە ڕێکخستنی گەل لە ڕەوتی تۆکمەکردنی ژێرخانی ئەندێشەییدا هەنگاو هەڵگرێ، تاکوو گەلان بتوانن میکانیزمی بە ئیرادەبوون بۆ هاتنە ناو گۆڕەپانی خەبات و مەیدانداری وەدەست بخەن. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و ناوخۆی ئەو وڵاتانە، قۆناغێکی لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە چوارچێوەی هەڵمەت گەلێک دەست پێکردووە و بۆ هەر بەشێکی کوردستان دروشمێکی دیاری کردووە.
ئێمە وەک ” پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” و “کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لە ڕێی ئەو لێدوانە هاوبەشەوە هەڵمەتێکی بەرفراوان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ ئیعدام” دەست پێدەکەین و پەیوەست دەبین بە خەباتی گشتی هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەورووپا. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئاپۆیی خاوەن ڕێبازی تۆکمەی” تێکۆشان، ئەندێشە و هزری تێکۆشان، کرداری ڕادیکاڵ” لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە جەنگی جیهانی سێیەم هاوتەریب لەتەک داگیرکاری دەوڵەتانی ستاتۆپارێز و فاشیست تێیدا بەڕێوەدەچێ. ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێکە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی گەلانی چەوساوە بە تایبەت گەلانی کوردستان و ئێران، لەبەر ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە و هەموو بەرینایی ئێران لەخۆ دەگرێ.
کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن دەوڵەتانی هەڕێمی و هێزە هەژمۆنەکانی جیهانییەوە کۆیلە کراون، ڕووبەڕووی شەڕ، بێکاری، برسێتی و داڕمانی کۆمەڵایەتی کراونەتەوە. لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، شەڕی جیهانی سێیەم بووەتە هۆی کاول بوونی ڕۆژهەڵاتیناوەڕاست، بەڵام تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازانەی ڕادیکاڵی گەلان لە دژی داگیرکەران و چەوسێنەران بۆ ساتێکیش ڕانەوەستاوە. خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵی ڕابردوو کە لە چواربەشی کوردستان بەڕێوەچووە، لە سایەی تێکۆشانی ڕادیکاڵی ئاپۆیی، کە بە هیچ شێوازی لە هەمبەری داگیرکەران نەرمی نانوێنی و باجیان پێ نادا، ئاستێکی جیهانی پەیدا کردووە. لە ساڵی داهاتوودا بزووتنەوەی ئاپۆیی تێدەکۆشێ، گەلانی چەوساوە بانگهێشتی مەیدانەکانی تێکۆشان بکا تا ئامادەبوونیان لە گۆڕەپان و مەیدانەکانی خەباتدا ببێتە هۆی وەدەست هێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان. لەم میانەیەدا، پێشەنگی گەلانی ستەم لێکراوی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە ڕێبەر ئاپۆ، لە لایەن داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی هەرێمی و جیهانیەوە لە زیندانی ئیمڕاڵیدا ئەسیر و گۆشەگیرکراوە، تاکوو بەو شێوەیە بتوانن ئەنجامە تاڵ و نەگریسەکانی شەڕی ئەم سی ساڵەی دوایی بەسەر گەڵان و نەتەوەکانی هەرێمەکە بسەپێنن، بەڵام بزووتنەوەی ئاپۆیی هەرگیز ئیزنی وەها کارەساتێک نادا. لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشان و ئامادەیی گەلان و کۆمەڵانی خەڵک لە مەیدانەکان، دوژمنان نەیانتوانیوە هەتا ئێستا بە ئامانجە دڵخوازەکانیان بگەن. شکستی سەرمایەداری داگیرکار لە داهاتوودا بە ئاستی تێکۆشانی گەلان و مەیدانداریان لە گۆڕەپانەکانی جیاوازی خەباتەوە بەستراوەتەوە. بۆیەش کاتی ئازادی ” گەلانی چەوساوە و بن دەست و ڕێبەر ئاپۆ” هاتووە، چونکە ئازادی هەردووکیان پەیوەستە بە یەکەوە و دوژمنان بە باشی لەو مژارە ئاگادارن. فەلسەفەی بەرخۆدانی گەلان پێمان دەڵێ کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی، ڕاوەستاندنی ئیعدام، مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبێ لەو هەڵمەتەدا بەشداری چالاکانە و بەهێزیان هەبێ و هەموو ماڵ و شەقام و شوێنێک بکەن بە مەکۆی تێکۆشان و خەبات.
وەک پژاک و کۆدار بە دەنگێکی زوڵاڵ ڕایدەگەیەنین کە کات کاتی دیمۆکراسی و ئازادییە و گەلانی ئێران زۆر زیاتر لە گەلانی دیکە پێویستی و نیازیان بە ئازادییە. لە مێژوودا ئێران، وڵاتی سەرهەڵدان و شۆڕشە، لەبەر ئەوەش ئامادەیی و دەورگێڕان و خاوەن ڕۆڵبوونی ئەو گەلانە لە پێناو ئازادی هەم بۆ ئێران و هەم بە مەبەستی ئاشتەوایی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکجار دیارکەرە و وەک ئاشکرایە هەتاوی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت. وێڕای شەمەزارکردن و مەحکوومکردنی داگیرکاری، ستم و بیدادی، بەتایبەت ئاستەنگی و کۆسپ بۆ دیمۆکراسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامی ئیعدامەکان، بە ڕێزەوە، هەموو گەلان بە مەبەستی ئامادەبوون و بەشداریکردن لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” بانگهێشت دەکەین. بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانەی لەسێدارەدان کە یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێکدێنێت، هاوجۆشی و یەکگرتنی بەرفراوان نێوان سەرجەم هێزە ئازادیخواز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پێویست دەبینین. لەم سۆنگەیەوە ئەم هەڵمەتە بە هەنگاوێکی گرنگ لەپێناو یەکێتی و یەکگرتوویی سەرجەم گەلانی چەوساوە و مافخواز لەئێران و کوردستان دەزانین و بەم ڕێگەشەوە مسۆگەر دەتوانین نەیارانی گەل ناچار بە پاشەکشێ لەسیاسەتی سەرکوت و داگیرکاری لەسەر خۆ بهێنین. بێگومان بۆ تێپەڕ بوون لەدیکتاتۆریەت و داگیرکەریەکانی ئەمڕۆکە و بونیادنانی ئێران و کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانە و دژە مرۆیی لەسێدارەدان بە کارێکی هەنووکەیی و ژیانی لەقەڵەم دەدەین. لەم ڕوانگەوە سەرجەم کۆمەڵگای ئێران و گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ژنان و گەنجان بۆ بەشداری و پشتگیری کارا لەم هەڵمەتەدا بانگهێشت دەکەین. بێ گومان، ئامادەبوونی کوردان و ئێرانیانی نیشتەجێی ئەورووپا ڕۆڵی گرینگی دەبێ لە سەرکەوتنی ئەو هەڵمەتەدا و بزوێنەر و بەرەوپێشبەری تەڤگەرەکانی ناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لەبەر ئەوەش بڕوامەندین کە گەلەکەمان ماندوونەناسانە لە ئەورووپا وەک هەمیشە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێ. ڕێبەرئاپۆ پێشەنگ و ڕێبەری “ئازادی و دیمۆکراسی”یە و تا ئەو کاتەی ئازاد نەبێت، گەلانیش ئازاد نابن. بە هیوای ئەو ڕۆژەی خۆری ئازادی و دیمۆکراسی لە هەموو شوێنێکی ئێران و کوردستان بدرەوشێتەوە.[1]