ئەنجوم یاموڵکی ئەو ژنەی بۆ یەکەمین جار لە تورکیا کۆمەڵەی ژنانی کوردی دامەزراند خەڵکی #سلێمانی# بوو.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژنان لە پرسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی گرنگ و سەنگیان بینیوە و لەناو کەسانی گرنگ لە مێژوودا جێگەیان گرتووە.
یەکێک لەو ژنە کوردانەی کە مێژوو ناتوانێت لەیادی بکات خاتوو ئەنجوم یاموڵکییە کە چالاکوانی مافەکانی ژنانە و لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا بە شێوازێکی مۆدێرن دەستبەکاربووە. لە ساڵی 1919 لە ئیستەنبووڵ بە سەرۆکایەتی ئەنجوم یاموڵکی کۆمەڵەی ژنانی کوردی دامەزراندوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەدا کردووە، کاریگەرییەکی تەواوی لەبرەودانی کۆمەڵەکە هەبووە. نووسەرە تورکەکان دەڵێن 'یاموڵکی هێمایە لە مێژووی کورددا'، چونکە یاموڵکی یەکەم کەسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە باسی ماف و ئازادییەکانی ژنان بکات.
خاتوو ئەنجوم ئەسما خان یاموڵکی لە ساڵی 1895 لە شاری سلێمانی، لەگەڕەکی #سابونکەران# لەدایکبووە و کچە #مستەفا پاشای یاموڵکی# ناوەنجی بووە. پاشای باوکی زۆر هاوکار و ئاریکاری کردووە و پاڵپشتی بووە بۆ داواکردنی مافی ژنانی گەلی کورد.
شتێک لەم ژنەدا زۆر سەرەنجڕاکێش بووە؛ لەگەڵ ئەوەی زمانزانێکی باش بووە، لەکاتی وتاردان و قسەکردندا زۆر ئازایانە لێدوانی داوە، بۆیە وتاربێژێکی کەم وێنە و ئافرەتێکی بەویقار و زرنگ بووە. خەڵکی لەبەر هۆشیاری و زیرەکی و ئازایەتی خۆشیان دەویست.
ئەنجوم یاموڵکی یەکێک لەو ژنانە بوو کە لە مەیدانی سولتان حەمید قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە ژنانی کورد بۆ زیهنیەتی مۆدێرن کار بکەن و هەموو ژنان بە بێ جیاوازی ڕەگەز، زمان و ئایین خاوەنداری لەو تێکۆشانە بکەن.
خاتوو ئەنجوم هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری دا هەتا ئافرەتان بتوانن بخوێنن و ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان بەرزتر بکەنەوە.
لە دوای درووستبوونی کۆماری تورکیا و کێشەی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا، پەڕاگەندە و ئاوارەی ئەوروپا دەبێ. لە تاراوگە لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت و دواجار لە غوربەتا لە ساڵی1970 زاینی لە پاریس گیان دەسپێرێ و لە بەغدا بەخاک دەسپێردرێت. [1]