عەدێ و مەدێ 10
سەر سەت مەتری هەمووی قەپات بوو، دەرزیت فڕێ دابا نەدەکەتە عاردی، گۆتم : ئەوها بڕوا لۆ عیشایێش ناگەینە قەبرستانی، عەدێ گۆتی : خەمت نەبی، بە دەرکەی پشتەوە دەچینە ژۆرێ، لە پشت سناعەی جادەک هەیە دەچتەوە هەولێری نوێ، بەوێ دادەڕۆین !
هەردوو برا چونکە زۆر چووبوونە سەر قەبران لۆ مەسوولی گەورە و تڕە مەسوولان، زۆر باش شارەزای کون و کەلەبەری قەبرستانی شێخ ئەحمەدی بوون، چووینەوە سەر جادەی شەقراوەیی لە سناعەی تێپەڕین و لە بەینی مەعمەل جغارە و وەزارەتی پێشمەرگەی چووینە ژۆرێ، سێ چار دەققەکی ڕۆیشتین و گەیشتینە قەبرستانی و بە دەستە ڕاست چووینە ژۆرێ، چەند تڕومبێل لە سەر سەت مەتری بوو، هەندەش زیاتر لە ژۆرێ بوو، گۆتم : زۆر مەچوونە ژۆرێ دەنا گیر دەبین، هەر لەوناوەی ڕاگرین باشە ! عەدێ گۆتی : وەلەو ئەتوو زۆربەی جار تێناگەی، بەران ئەوجارە بڕۆکەکی تێدەگەیی !
تڕومبێلمان ڕاگرت و هاتینە خوارێ، بە پێیان ڕۆیشتین و هەر گەیشتینە ناو قەرەبارغی و عەدێ و مەدێ وەرگەڕانە چۆکیان و دەستیان بە وەی ڕۆ وەی ڕۆی کرد ! ئەو خەرکە بە ڕاست و چەپ ئاوڕیان داوە، ویستم لەوان دوور کەومەوە و نەزانن لەگەرە وانم، بەران مەدێ تووند قۆری منی گرتبوو، دوو سێ جار خۆم ڕاتەکاند فایدەی نەبوو !
ئەو دوو برایە خۆیان نەهێشت هەنکی بگریێن و لە خۆدەن، بەلا چاوەکی هەر تەماشای ئەولا و ئەولایان دەکرد و دەیانوویست مەسوولەکەی ببیننەوە و بچن باوەشی تێهەرینن و تێر تێر بگریێن، گێم لێبوو ئێکەک گۆتی : وابزانم ئەوانە برای ڕەحمەتینە ! ئێکەک لەولاتر گۆتی : بە گێرەی ئەو شین و واوەیلایەی وا پێدەچی، خەرکەکی زۆر دەورەیان لە عەدێ و مەدێی داو دەیانگۆ برام سلاوەتەکی لێدەن و ناوی خوای بینن، کاکە هەموومان دەمرین و دەچینەوە لای خوای، مەدێ گۆتی : وازمان لێبینن، ئەمە تازە پشتمان شکا، ئەی هاوار چ موسیبەتەکی گەورەیە، عەدێ لێی وەرگرتەوە و گۆتی : ئەوجە لەوە پاش تەلەفۆن لۆ کێ بکەم و لەگە کێ دانیشم ! دوو جار ویستم لە قریتەی پێکەنینێ بدەم، بە زۆری خۆم گرت، ڕێک تەمسیلەکەی عادل ئیمامم بە بیر هاتەوە وەکی مێردی پلکی سەرۆک وەزیرانی دەمری و ئەویش دەچتە تازیەیی و دەبینی چ کۆیلە و ماستاوچیەک لەوێ خەریکی شین و واوەیلاینە ! ئاخر هەتا گەیشتینە قەبرستانی عەدێ و مەدێ بەندیان دەگۆ، هەونکەش ببینن چ دکرەکی دەکەن !
هەندیان لە خۆدا، وەختەکی تاقەتیان لێ بڕا و دانیشتن، بە دانیشتنیش هەر شینیان دەکرد و بابە ڕۆییان دەگەیشتە ئەوسەری قەبرستانی، خەفەتی گەورەی ئەوان ئەوەبوو مەسوولەکەیان نەدەدیتەوە و بیانبینی ئەوان چ شینەکی دەکەن، وەختەکی مەلا دەستی بە تەلقینی کرد، عەدێ و مەدێ غاریان دا و چوون لەسەر قەبرەکەی درێژ بوون و تووند باوەشیان بەو سەر و ئەو سەری قەبرەکەی کرد !
مایتی..[1]
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 958 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!