لە تاقیگەی پشکنینی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل پشکنین بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان دەکرێت و سەرپەرشتی تاقیگەکە دەڵێت، دەرگایان بۆ هەرکەسێک واڵایە کە گومانی هەیە.
د. موافق سلێمان بەرواری، سەرپەرشتی گشتیی تاقیگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، لیژنەکانی پەرلەمان، وەزارەتی دارایی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆنسوڵەکانی ئەمریکا و تورکیا هەموویان سەردانیان کردووە، ڕاپۆرتەکانیان هەموو ئەرێنی بوون.
لە تاقیگەکە ئامێری پێشکەوتوو دانراون. لەسەری ئەم مانگەوە ڕۆژانە هەموو داتا و زانیارییەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەگەنە وەزارەتی دارایی و لایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
د. موافق سلێمان بەرواری ئاماژەی بەوە دا، ئەنجامەکانی ئێمە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی باوەڕپێکراون و هەموویان بڕوانامەی ئازییان لێدەدەین.
95٪ی پێداویستییەکانی دهۆک و بەشێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە دابین دەکرێن. سێ ڕۆژیشە لە دەروازەکە 100٪ هاتووچۆ وەکو پێش کۆرۆنا ئاسایی بووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ساڵی 2019 و 2020دا زیاتر لە 36 هەزار سەرپێچیی قاچاخچێتی تۆمارکراون، لێیانکۆڵراوەتەوە و بەشێکیان ڕەوانەی دادگە کراون.
کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، لە هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ کاری ساختە دەکرێت و تاوەکو ئێستا 36 هەزار کێشەی گومرگی تۆمارکراون و لە 2019وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 هەزار تۆن کەرەستەی جۆراوجۆر گەڕێنراونەتەوە و لەنێوبراون.
بە گوێرەی ئامارەکانی ژووری بازرگانیی دهۆک، بەر لە شەڕی داعش قەبارەی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل 12 ملیار دۆلار بوو، هەولێر و ئەنقەرە بەرنامەیان وابوو بیگەیێننە 20 ملیار دۆلار، بەڵام داعش و کۆرۆنا کاریگەرییان هەبووە و ئێستا بۆ حەوت ملیار دۆلار دابەزیوە.[1]