$ئەزموونەکانی بواری کارکردنم ئەمانەی فێرکردم$
1- لە بەشێکدا کار مەکە؛ گەر بەرپرسی بەشەکەی بروانامەی نەبێت یان بروانامەکەی لە خۆت نزمتر بێ.
2- لە شوێنێکدا کار مەکە ؛ گەر هاوسەرەکەت لە هەمان دەزگادا بێت.
3- هاورێیەتی یان هاوسەرگیری یاخود خۆشەویستی مەکە لەگەڵ بەرپرسی دەزگاکەت یان بەشەکەت.
4- لە شوێنێکدا کار مەکە؛ گەر بەرپرسەکەی خزم یان هاورێی دێرین و پێشوەختت بێت.
5- سوکایەتی، بێ کەرامەتی، ناهەقی، ستەم و نادادپەروەری قبوڵ مەکە؛ لەپێناو مانەوەت ؛ گەر پێویستی
ماددی یان مەعنەویشت گرێدراوی مانەوەت بێت.
6- لەکاتی هەڵەکردنی بەرپرس یان هەر کەسێکی دەزگاکە بەرامبەر خۆت بێ یان ئەویدی بێدەنگی یان بێهەڵوێستی هەڵمەبژێرە.
7- بێدەنگ مەبە؛ لەکاتی ڕووبەرووبونەوەت بە دەستدرێژی سێکسی؛ گەر لە لایەن هەرکەسێکی نێو دەزگاکەتەوە بێت(بەرپرسی دەزگا، بەرپرسی بەش و هاورێیەکی کار. هتد)
8- لە کارەکەت جدیی بە و بۆ فێربوونی زیاتر تەنها پشت بەخۆت ببەستە.
9- بەرژەوەندی سەرخستنی کارەکەت پێش هەموو شتێک بێت؛ بۆیە کات بەفیرۆ مەدە بە شتی بێسوود و قسەوباس و هتد.
10- بە گەیشتنت بۆ کار، کێشە تایبەتییەکانی خۆت وەلا بنێ و هیچ کەس مەکەرە هاوبەشی خەم و کێشەکانت لە نێوەندی کارتدا.
$ئەزموونەکانی 21 ساڵی بواری نوسینم ئەمانەی فێرکردم$
1- ئەو کاتەی ڕستەیەک، بابەتێک یان هەر بیرۆکەیەکی نوسین دێتە بیرت؛ دەستبەجێ بینوسە، چونکە جارێکی دیکە هاوشێوەکەی نایەتەوە بیرت.
2- تێگەیشتنت لە خوێندنەوەی هەر بابەتێکی خوازراوت، دەتگەیەنێتە نوسینێکی نوێی تایبەت بەخۆت کە گوزارشتە لە بیرو هزرو ئامانجی خۆت.
3- هەرگیز ڕستە، برگە و نوسینی هیچ کەسێکی دیکە بەکارمەهێنەو مەیکە بەهی خۆت؛ بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدەی.
4- هیچ کات هەوڵ مەدە لەوەی کەسێکی دیکە بابەتت بۆ بنوسێت، و دواتر لەژێر ناوی خۆتدا بڵاوی بکەیتەوە، چونکە تەمەنی هەڵەکردن کورتەو نەبوونیشی ڕاستترە.
5- لەکاتی وەرگێرانی بابەتێک؛ مافی خۆت مەخەرە پێش نوسەرەکە، چونکە مافی ئەو لەپێشترە؛ وەک لەخۆت.
6- هەوڵ بدە لە ماڵەکەی خۆتتدا ژینگەیەکی تایبەت بە خۆتت هەبێ بۆ کاری نوسینەکانت، و وەک نوسەرێکیش هیچ کات خۆبەلزانینت نەبێ(متواضع بە).
7- هەوڵ مەدە بنوسیت؛ تەنها لەبەرئەوەی بنوسیت، گرنگ ئامانجە لە نوسینەکەت؛ بزانیت بۆ و بۆ کێ دەنوسیت?
8- ئامانجت زیادکردنی بابەت و کتێبەکانت نەبێ لەرووی ژمارەوە؛ هێندەی گرنگیدان بە ناوەرۆک و جۆری بابەتەکانی هەڵیدەبژێریت.
9- دانانی نرخ لەسەر کتێبەکانت؛ گەر کەمیش بێت جێبەجێکردنی کارێکی ڕاست و باشترە.
10- هەرگیز چاوبەرەوژێری هیچ کەس و لایەنێک مەبە بۆ چاپکردنی کتێبت؛ گەر بەهۆی ناسینیشتەوە هەر کەس چاپیکرد، دەتوانیت وەک مافێکی خۆی ناوی بهێنیت و سوپاسی بکەی.
#کنێر عەبدوڵڵا#[1]