ناونیشان: بچووکترین 10 دەوڵەتی جیهان
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
ڕووبەری گۆی زەوی 510,066,000کم²، کە لە ئاو و وشکانی پێک دێت، و ڕووبەری ئاوەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە 382,672,000 کم²، واتا بەڕێژەی لە 70.9% ی لە ڕووبەری گۆی زەوی، بەڵام ڕووبەری وشکانی 148,429,000کم² واتا بەڕێژەی 29.1% لە ڕووبەری گۆی زەوی، و هەندێک دەوڵەت ئەوەندە بچووکن ناتوانین بەئاسانی لەسەر نەخشە دیاریان بکەین، هەندێکیان ئەوەندە بچووکە قەبارەیان لە قەبارەی گەڕەکێکی هەندێک دەوڵەت تێپەرنابێت.
$1- وڵاتی ڤاتیکان:$
بچووکترین دەوڵەتی جیهانە هەرچەندە لە ڕووی سەربازییەوە سەر بەئیتاڵیایە، بەڵام وڵاتێکی سەربەخۆیە و هەموو وڵاتەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، شاری ڕۆما لە هەموو لایەکەوە ڤاتیکانی دەورە داوە و تەنها دیواری تایبەت ڤاتیکان لە شاری ڕۆما جیای دەکاتەوە، ڕووبەری ڤاتیکان نزیکەی 0.44 کم2، و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 1000 کەسە، و لە دیاردە نامۆکانی وڵاتی ڤاتیکان نەبوونی منداڵ لە وڵاتەکەدا، و هەموو دانیشتوانی ڤاتیکان قەشەن و سوپای ئیتالیا بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی ڤاتیکان و بەرری کردن لە ڤاتیکان لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک نەخوازراو، چونکە ڤاتیکان هێزی دەریایی و ئاسمانی و وشکانی نییە و هێزی ناوخۆ کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی ڤاتیکان بریتیە لە پاسەوانی سویسری کە ژمارەیان نزیکەی 100کەسە.
$2- دەولەتی مۆناکۆ:$
میرنشینی مۆناکۆ دەکەوێتە باشووری کیشوەری ئەوروپا، لە کەناری باکووری ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست، و سنووری تەنها لەگەڵ فەرەنسادا هەیە، و 18 کم لە شاری نیسی فەڕەنسیەوە دوورە دەکەوێتە سەرەتایی بانەکانی چیای ئەلب و بەرزترین بەشی 140م بەرزە و ڕووبەرەکەی نزیکەی 2.02 کم2، بەڵام هەرچەندە ڕووبەری زۆر بچووکە بەڵام یەکێکە لە دەوڵەتە زۆر چڕەکانی جیهانە لە ڕووی دانیشتوانەوە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 39 هەزار کەسە، و یەکێکە لە ناوجە گەشتیارییە گرنگەکانی جیهان و گەشتیار لە هەموو لایەکی جیهانەوە ڕووی تێ دەکەن، و هێزی دەریایی و ئاسمانی و وشکانی نییە و ژمارەی هێزی پۆلیس لە وڵاتەکەدا 500 پۆلیسە و ژمارەی هێزی ناوخۆی مۆناکۆ 100 کەسن و سوپای فەڕەنسا بەرپرسیارە لە پاراستنی وڵاتی مۆناکۆ، زۆربەی دانیشتوانی مۆناکۆ فەڕەنسین و زمانی فەڕەنسی زمانی فەرمی وڵاتە و ئاینی فەرمی وڵات، ئاینی مەسیحیە.
$3- کۆماری نۆورو:$
کۆماری نۆورو لەکۆندا پێ دەوترا دورگەی شادی یان دورگەی دڵخۆشکەر، بچووکترین دەوڵەتی دورگەییە و ڕووبەری 21کم2 و لە یەک دورگە شێوە هیلکەیی پێک دێت و دەکەوێتە ئەرخەپێلی مایکرۆنیزیا لە نیوەی باشووری گۆی زەوی لە زەریای هێمن و دەکەوێتە باشووری هێڵی کەمەرەی و دورگەکە نزیکەی 60م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ژمارەی دانیشتوانی 11000کەسە بەپێی ئاماری ساڵی 2005، و ئابووری کۆماری نۆورو پشت بە ناردنە دەرەوەی فۆسفات دەبەستێت لە ساڵی 1907وە بەڵام بەرهەمهێنانی فۆسفات بەهۆی زۆری بەرهەمهێنان تەواو بووە و ڕێژی بێکاری لە وڵات نزیکە لە 90%، نزیکترین دورگەیەبۆ کۆماری نۆورو دورگەی بانابا لە کۆماری کیریباس بەدووری 300 کم بەرەو ڕۆژهەڵات، بچووکترین دەوڵەتی دورگەی سەربەخۆیە و تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە پایتەختی فەرمی نییە بەڵام شارێکی ناوەندی هەیە پێی دەوترێت شاری یارین و زمانی فەرمی وڵات ئینگلیزیە.
$4- دورگەکانی تۆفالۆ:$
لە کۆندا پێی دەوترا دورگەکانی ئەلیس و لە وڵاتە دراوسیەکانی وەکو کیریباس و نۆورو و سامۆا فیجی.
دورگەکانی تۆفالۆ دەکەوێتە زەریای هێمن لە نێوان هاوای و ئوسترالیا، ڕووبەری 26کم2 و لە 9 دورگە پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانی 11هەزار کەسە و ڵاتەکە مەترسی ونبوونی لەسەردا هەیە، چونکە لەوانەیە ئاوی زەریا دایپۆشێ بەهۆی بەرزبوونەوە ئاستی ئاوا لە زەریا بەهۆی ڕوودانی دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی و بچووکی قەبارەی و نزمی ڕووی زەوی دورگەکە لە ئاستی ڕووی دەریا کە لە 5م زیاتر نابێت، حکومەتی تۆفالۆ بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لە گەڵ حکومەتی نیوزیلەندا بو ئەنجامدانی ڕێکەوتنێک بۆ پاراستنی گەلەکی و گواستنەوەیان بۆ نیوزیلەندا، ئەگەر ئاوی زەریا دایپۆشی و بەتایبەتی پاش ونبوون و نقمبوونی هەندێک لە دورگەکانی لە ژێر ئاوی زەریادا.
دورگەکانی تۆفالۆ لە 9 دورگەی جیا پێکدێت، و ئابووری وڵات پشت بە کشتوکاڵی پژێوی و ڕاوی دەریای دەبەستێت.
$5- سان مارينۆ:$
کۆنترین وڵاتی کۆماریە لە مێژوودا، وڵاتێکە لە ناو وڵاتێکی تر، سان مارينۆ دەکەوێتە ناو خاکی ئیتاڵیا و ناکەوێتە کەناری دەریا واتا وڵاتێکی دەورە دراوە و نەڕوبار و نە دەریاجەیش تێدا نییە، ڕووبەری وڵات 61کم2، و ژمارەی دانیشتوانی 34هەزار کەسە، هەرچەندە وڵاتێکی بچووکە بەڵام ساڵانە زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار سەردانی سان مارينۆ دەکەن.
سان مارينۆ دەکەوێتە باشووری ئەوروپا و ڵاتێکی دەورە دراوە لە ناوەڕاستی ئیتاڵیا، و هەموو وڵاتەکە شاخاویە و تەنها لە 17٪ خاکەکەی لەبارە کشتوکاڵ، ئاووهەوای سان مارينۆ ئاووهەوایەکی نیمچە کەمەرەیی شێدارە، هاوینی فێنکە و زستانی ساردە.
$6- لختنشتاين:$
میرنشینی لختنشتاين، وڵاتێکی ئەوروپی بچووکە، دەکەوێتە دۆڵی ڕوباری ڕاین لە چیا ئەلب لە ئەوروپای ناوەڕاست، بەتایبەتی لە نێوان ڕۆژئاوای نەمسا و ڕۆژهەڵاتی سویسرا و شاری ڤادوز پایتەختی وڵاتە.
وڵاتێکی دەورە دراوە و هیچ دەرچەیەکی نییە بۆ دەریا، ڕوبەری 160کم2، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 38 هەزار کەسە، لختنشتاين سوپای نییە و سویسرا وڵاتەکە دەپارێزێت، لختنشتاين پێی دەوترێت بەهشتی باج، چونکە ڕێژەی باج زۆر کەمە ئەمەیش پاڵ بە 74 هەزار کۆمپانیای جیاواز نا بۆ خۆتۆمارکردن لە وڵاتەکە و دانانی نووسینگە بەمەیش ژمارەی کومپانیەکان لە ژمارەی دانیشتوانی لختنشتاين زیاترە.
$7- کۆماری مارشاڵ:$
کۆماری مارشاڵ لە کۆمەڵە دورگەیەک پێک دێت لە زەریای هێمنی ڕۆژئاوا، دەکەوێتە باکووری کیریباس و نۆورو و ڕۆژهەڵاتی میکرۆنیزیا و باشوور دورگەی ویک کە سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و دەکەوێتە دووری نزیکەی 4,800 کم لە ڕۆژهەتی چین و 3,500 کم لە باکووری ئوسترالیا و دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 5 - 15 باکووری هێڵی کەمەرەیی و لە نێوان هێڵی درێژی 161- 172 ڕۆژهەڵاتی هێڵی گرینیچ، ڕوبەری 181کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 75 هەزار کەسە، و ناونانی مارشاڵ دەگەڕێتەوە بۆ جۆن مارشاڵ کە بە دۆزینەروەی ئەرخپێلی مارشاڵ دادەنرێت لە ساڵی 1799.
ژمارەی دورگە سەرەکییەکانی ئەرخپێلی مارشاڵ 32 دورگە و 867 دورگەی مەرجانی و 1150 دورگەی بچووک کە لە ئاستی ڕووی دەریا نزمترە.
$8- سانت کيتس و نيڤیس:$
سانت کيتس و نيڤیس دەکەوێتە ناوچەی دەریای کاریبی لە ئاوی زەریای ئەتڵەسی و لە دوو دورگە پێکدێت، بیرتین لە دورگەی سانت کيتس و دورگەی نيڤیس و بچووکترین دەوڵەتی سەربەخۆیە لە هەردوو ئەمریکای باکوورو باشوور لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوان، ڕووبەر وڵاتەکە 269کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 59 هەزار کەسە و چڕی دانیشتوان نزیکەی 164 لە کم2 و لە 90 % دانیشتوانی بەڕەچەڵەک ئەفریقین و زمانی فەرمی وڵات ئینگلیزیە، ئابووری وڵات بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە کەرتی گەشتیاری دەبەستێت هەروەها کشتوکاڵ وەکو قامیشی شەکر و پیشەسازی سووک و لە شارە گرنگەکانی وەکو شاری ساندی پۆینت و نیکۆلا و نیوکاسڵ و فیگتری و کۆتن و سانت پۆل.
$9- ماڵدیف:$
کۆماری ماڵدیف، وڵاتێکی موسڵمانە دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا لە باکوور و ناوەڕاستی زەریای هیندی لە باکوور هێڵی کەمەرەیی، بەشێکی دەکەوێتە نیوەی گۆی باکووری زەوی و بەشەکی تری دەکەوێتە نیوە گۆی باشووری زەوی و لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە بۆ ماوەی 820کم و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا بۆ ماوەی 130کم، دەکەوێتە خالی بەیکگیشتنی نێوان بازنەی پانی3.2028° باکوور و هێڵی درێژی 73.2207° ڕۆژهەڵات، و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای سریلانکا و هیند و ڕوبەری 300کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 500 هەزار کەسە و دانیشتوانی بەسەر 185 دورگە دابەش بووە، ماڵدیف ترسی نقمبوونی لە ژێر ئاوی دەریای لەسەرە بە هۆی دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی.
ماڵدیف لە ڕووی کارگێڕیەوە دابەش دەکرێت بۆ 21 بەشی کارگێڕی و پایتەختی وڵات شاری مالییە، و بەرزی دورگەکانی ماڵدیف نزیکەی 1.5م لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بەمەیش نزمترین وڵاتە لە جیهاندا
ئاووهەوای ماڵدیف، ئاووهەوایەکی خولگەییە و بەهۆی نزمی لە ئاستی ڕووی دەریاوە پلەی گەرمی هەمیشە بەرزە و شێدارە و ڕێژەی باران 253 سم لە باکوور و 381 سم لە باشوور و بەرزترین پلەی گەرمی 31.5 و نزمترین پلەی گەرمی264.4.
$10- ماڵتا:$
کۆماری ماڵتا وڵاتێکی ئەوروپایە دەکەوێتە ناو دەریا ناوەڕاست، یەکێکە لە بچووکترین وڵاتانی جیهان و بەرزترین ڕێژەی چڕی دانیشتوانی تێدایە پایتەختی وڵات شاری فالیتا کە بچووکترین پایتەختەکانی یەکێتی ئەوروپایە، ڕووبەرەکەی 316 کم2 و ژمارەی دنیشتوانی 500 هەزاە کەسە.
دورگەی ماڵتا گەورەترین ئەو سێ دوورگانەیە کە کۆماری ماڵتا پێک دێنن و دەکەوێتە ناوەڕاستی دەریا ناوەڕاست لە باکووری لیبیا و باشووری ئیتاڵیا و ڕووبەری 264 کم².
ماڵتا سەر بە کیشوەری ئەوروپایە و لە هەموو لایەکەوە بە ئاو دەورە دراوە و هیچ ڕێگایەکی وشکانی بەکیشوەری ئەوروپا نایبەستێتەوە بەڵام سنووری دەریایی هاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا و لیبیا هەیە و شوێنێکی ستراتێژی گرنگی هەیە، چونکە دەکەوێتە نێوان کیشوەری ئەوروپا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقیا، و بەپلەی 212 دێت لە ڕووی ڕووبەرەوە لەسەر ئاستی جیهاندا
ماڵتا لە سێ دوورگەی سەرەکی پێک دێت، ماڵتا گەورەترین دورگەیە لە نێوان ئەو سێ دوورگەیە و لە هەموویشیان پێشکەوتووترە و دورگەی گۆدش بەپلەی دووەم دێت لە ڕووی ڕووبەرەوە و دورگەی کەمۆنە بچووکترین دورگەکانی ماڵتایە و ژمارەی دانیشتوانی زۆر کەمە،
ماڵتا لە ڕووی جوگرافیاوە دەکەوێتە کیشوەری ئەفریقیا بەڵام لە ڕووی ڕامیارییەوە سەر بەکیشوەری ئەوروپایە و دەکەوێتە دووری 80کم لە باشووری ئیتاڵیا لە ئەوروپا و دووری 284کم لە ڕۆژهەڵاتی تونس و 333کم لە باکووری لیبیا لە ئەفریقیا کە نزیکترین دەوڵەتی ئەفریقیایە لە ماڵتاوە.[1]