قوماش 66
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بە مشەوەشی گەڕامەوە مارێ، خەمی بازۆم بوو، زۆر دەترسام برادەر و هاوسەنگەرەکانی خۆی خەبەریان لێدابی و سەریان لە قوڕێ نابی، هەر لە حەوشێ دەهاتم و دەچووم، داکم و بابم زانیان وەزعم تەواو نیە، لۆیێ گۆتیان: کوڕم ئەگەر شتەک هەیە بەمەش برێ، لۆ ئەوها مشەوەشی، گۆتم: هیچ نیە، تەندروستیم بڕەک تەواو نیە، بابم گۆتی: کوڕم خەفارەت ئەوەتە لەوبەریە، دەبڕۆ خۆ پیشانی دختۆری بدە، گۆتم: نا پێویست ناکا، ئیشاڵلا باش دەبم! پاش عیشایەکی درەنگ چوومە پێش دەرکەی و تەماشا جادەی شێستیم کرد، دیتم لە سەر جادەیی و بەرامبەر ڕێزە مارەکەی مە سەیتەرەیان دانایە، ئاوڕم داوە لۆلای ماری مەفرەزە خاسەکەی جیرانمان، دیتم پێش ماری ویش قەرەبارغە و پڕی جاشە! گۆتم: خوایە بازۆی بپارێزی و بە سەبەبی من و هەورینی تووشی کێشەکی نەبی، نازانم ئەو شەوەم کوو بەڕێکرد، ئەگەر برێم نەنووستیمە درۆنیە، دەوری سعات چاری بەیانی گێم لە تەقەکی گەلە زۆر بوو، ئەو تەقە ڕەنگە نیو سعاتی خایاندبی و نەما، بیست دەقەی پێچوو دیسان تەقە دەستی پێکردەوە، هاتمە حەوشێ ویقەویقی ئیسعاف و تڕومبێلی پۆلیسی دەهات، بابم لەگەر ئەو تەق و تۆق و هەرایەی بە خەبەرهات و هاتە حەوشێ، چاوی بەمن کەت، گۆتی: ئەوە لۆ نەنووستی کوڕم؟ گۆتم: لەگەر ئەو تەق و تۆقەی بە خەبەر هاتم، گۆتی: خوایە بمانپارێزی، دەبی چببی بەو بەرە بەیانەی؟ زۆر بە سەبری گۆتم: وابزانم بازۆیە و بەسەر ماری ئەو موستەشارە جاشەی دادایە! گۆتی: ئەتوو بە ڕاستتە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا، گۆتی: کوو دەزانی؟ گۆتم: وەکی چوومە کنی وەیگۆ، گۆتی: ئیللا دەبی بیتۆپێنم! بابم مشەوەش بوو، گۆتی: کوڕم دوعای بکە خەبەریان لێنەدابی و تووشی شتەکی نەبووبی! گۆتم: ئەمنیش لەوەی دەترسێم، گۆتی: دەبڕۆوە ژۆرێ کوڕم، خوا کەریمە هەتا سبەینێ، چوومەوە ژۆرێ و لێم پارداوە، بەران خەون لێ نەکەت و لێنەکەت!
نوێژی بەیانیم کرد و نەمدەزانی چبکەم و کوو خەبەرەکی بازۆی وەرگرم، لە سەر جێی هەر فکرم دەکردەوە، دیاربوو لەگەر فکر کردنەوەی خەوم لێکەتبوو، دەوری سعات دەی بەیانی بەخەبەر هاتم، هاتمە دەرێ، دیتم داک و بابم لەبن هەیوانێ دانیشتینە، دەموچاوم شووشت و چوومە کنیان سەلام لێکردن و دانیشتم، داکم نانی لە پێش دانام و چایەکی لۆ تێکردم، گۆتمە بابم: دەنگ و باس چ هەیە؟ گۆتی: هیچم نەبیستیە، بەران وا هەست دەکەم وەزعەکە شلۆق بی، گۆتم: دەبی شێرۆی جیرانمان هیچ دەنگ و باسی لەکن نەبی، خۆ ئەو لە خەستەخانەیە، ڕەنگە شتەکی بزانی! گۆتی: وەڵلاهی ڕاست دەکەی، دەبڕۆ بزانە بە خەبەرەکی ناکەوی!
چووم لە دەرکەی ماری شێرۆم دا، مندارەک هات کردیەوە، گۆتم: بابت لە مارێیە؟ گۆتی: ئەوشۆ خەفەربوو لە خەستەخانەی تازە هاتتەوە وا پاری دایتەوە، گۆتم: بڕۆ گازیکە، ئیشەکی زەرورم پێیە! مندارەکە چووە ژۆرێ و پێنج دەقەکی پێچوو شێرۆ زۆز بە بێتاقەتی هات، گۆتی: بەخێراتی! گۆتم: بژی، ئەوشۆ خەفەربووی لە تەواری، تەماشایەکی کردم، گۆتی: لۆ دەپرسی؟ گۆتم: چ هەیە چ نیە؟ شێرۆ ئاوڕەکی لۆ ماری خۆیانی داوە و گۆتی: بابچینە مارینگۆ، گۆتم: بڕۆ بابچین، شێرۆ زۆر بێتاقەت بوو، گۆتم: لۆ ئەوها بێتاقەتی؟ گۆتی: بابچینە ژۆرێ پێت دەرێم!
چووینە مارێمە و شێرۆ سەلامی کرد و لە تەنیشت بابم دانیشت، داکم چایەکی لۆ تێکرد، بابم گۆتی: ئەتوو ئەوشۆ لە تەواری بووی، نەتزانی ئەو تەقە چبوو لە ناو شاری؟ گۆتی: وەڵلاهی چتان لێ بشارمەوە، ئەوشۆ پێشی مەلا بانگدانێ لە تەواری بووە هەراو لەوانەیە دوو سەت تڕومبێل خڕبۆوە، بابم گۆتی: خێربوو؟ گۆتی: وەڵلا دیاربوو پێشمەرگە هجومیان کردبوو، بەران پێدەچوو کەشف بووبن و خەبەریان لێدرابی، بابم گۆتی: کوو دەزانی؟ گۆتی: بەخۆم مەیتی پێنج پێشمەرگانم دیت لە حەوشەی تەواریان فڕێ دابوون، سێ چار جاشی کوژراو برینداریش هەبوون! وەکی شێرۆ گۆتی: مەیتی پێنج پێشمەرگانم دیت، ئەمن و بابم مشەوەش بووین، گۆتم: مەیتەکانت نەناسی؟ گۆتی: نەیانهێشت لێیان نێزیک کەوینەوە، بەران چونکە سەدریەی خەستەخانەم لەبەربوو هەرکووی هەبوو نێزیک بوومەوە، بابم گۆتی: مەیتەکانت ناسی؟
شێرۆ گۆتی: ئەوجە بیانناسی و نەیانناسی فەرقی چیە، هەمووی پێشمەرگە بوون و کوڕە فەقیر و هەژارن، بابم گۆتی: دەزانم شێرۆ دەزانم، بەران هیچیانت نەناسی؟ گۆتی: یەعنی کێبن بیانناسم، ئەنگۆ پێم برێن مەخسەدتان کێیە؟ گۆتم: مەخسەدمان بازۆیە! شێرۆ تەماشایەکی کردم و گۆتی: بازۆی کەونە جیرانی خۆمان؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: ئەوی داکت ناوی لێنابوو چاو بەلەبۆق؟ گۆتم: ئا ئا، گۆتی: لۆ بازۆ بوویتە پێشمەرگە؟ گۆتم: بەرێ، لەو ڕۆژی ئەمن لە دائیرەی ئەمن گیرام، ئەو ڕۆیی و بووە پێشمەرگە! شێرۆ گۆتی: وەڵلاهی دە هەبی و نەبی بازۆ بریندارە! گۆتم: کوو دەزانی؟ گۆتی: ئەو پێنجە هیچیان بازۆ نەبوون، بەران زابت ئەمنەکی عارەب هات، تەماشا مەیتی پێشمەرگەکانی کرد، سەرو تفی لێکردن و بە پێلەقان کەتە سەریان، ئەوجە گازی جاشەکانی کرد و تێری بە شاپان لێدان، گۆتی: هەی گەوادینە، ئەو بریندارەی نەبیننەوە هەرهەمووتان وەکی ئەو موخەڕیبانە دەتۆپێنم! کە شێرۆ ئەو قسەی کرد، زانیم بازۆ بریندارە و نەگیرایە، بەران دەبی بازۆ کێوە چووبی و لەکێبی؟ دەبی برینەکەی کووبی و کێندەری بی، کێ دەرێ خینی زۆر لەبەر نەڕۆییە و تەواو نەبووە، ئەمە هەموو زۆر تێکچووین و تەواو خەفەتبار بووین، بابم گۆتی: باشە چیان لە مەیتەکان کرد؟ شێرۆ گۆتی: وەڵلا هەموویان هاویشتە ناو پیکابەکی و بردیانن، هەتا بریندارەکانیشیان گۆستەوە خەستەخانەی عەسکەری، گۆتیان: ئەوانە نابی لێرەبن، گۆتم: هیچ خەبەری دیت نەزانی؟ گۆتی: جاشەکم تەداوی دەکرد، گۆتی: ئەمە پێشتر خەبەرمان لۆ هاتبوو، موخەڕیب دادەبەزن لۆیێ لۆیان لە بۆسە دانیشتبووین، هاتبوون خارم بکوژن، بەران نەگەیشتنە خارم و بە سەلامەتی دەرچوو، پێش ئەوەی ئەوان تەقەی بکەن، ئەمە لێمان دان، ئێکیان تێدابوو زوو بەخۆکەت و دەست بەکەریەکی زۆری کرد، سێ چارەکی لەمە بەرداوە و هەراتیش، هەرچەند لە دووی گەڕاین نەماندیتەوە! گۆتم: سەتاسەت ئەوە بازۆ بووە، دیارە جاسووس هەبووە و لەناو خۆیان خەبەر درایتە هەولێرێ مەفرەزەک دادەبەزی ئاگاداربن! شێرۆ گۆتی: بە خوای وا پێدەچی، بە گێرەی قسەینگۆش بی، ئەو بریندارە بازۆ بووە، هەرخوا بیپارێزی و دوعای بکەن نەگیرێ!
شێرۆ ڕۆیشتەوە ماری خۆیان و ئەمەش زۆر بە بێتاقەتی ماینەوە، نەماندەزانی کوو بە خەبەرەکی بازۆی بکەوین، گۆتمە بابم: دەچمە ماری بابی، بزانم ئاگایان لە هیچ هەیە، داک و بابم گۆتیان: نەکەی کوڕم نەکەی، کێ دەرێ ئێستا ماریان تۆق نەکرایە و هەموویان نەگرتینە، وەڵلا ئەوەی ئەوڕۆ بچیتە ماریان دەیگرن و بنبزری دەکەن! بابم سەرەکی بادا و ئاخەکی هەرکێشا، گۆتی: ئای خیانەت ئای، ئەو کوردە هەر ئەوها لەناو چووە و نەبوویتە هیچ، وەڵلا ئەگەر خیانەت نەبایە، هەونکە مەیتی ئەو ڕەیس جاشەی لە بن عاردی بوو! گۆتم: حەیف بازۆ نەیتانی ئەو سەرەتانەی لەناو ببا، بەس دوعای بکەن خوا بیپارێزی، ئەمن بەس ترسی ئەوەم هەیە، خۆی هاویشتبیتە مارەکی و ئەو مارە ڕاست تەسلیمی دائیرەی ئەمنی کەن! بابم گۆتی: ئیشاڵلا ئەوە ڕوونادا و بە سەلامەتی قورتار دەبی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!