قوماش 68
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دەرکەی حەوشێم پێوەدا و چوومەوە ژۆرێ، گۆتم: وەڵلا سەری شێرۆم لە قوڕێ ڕاکرد، ئەوە گیرایە و هاتینە مار و منداریشی لوول دەن! نەمدەزانی چبکەم، ویستم بە خۆشم بەسە بانیدا هەرێم، ئێ شێرۆ بگیرێ، لەگەر یەکەم ڕاشدی کە لەبن گێی دەدەن، دەرێ کاکە ئەنگۆ لۆ وەرگەڕاینە من، بڕۆن فرانی بگرن، ئەو ئەمنی ناردیە، بە منیشی نەگۆتیە موخەڕیبە، گۆتی: کابرایەکی فەقیرە پێویستی بە عیلاجیە، ئەمن چبزانم موخەڕیبە! لەو وەزعە خراپەی دابووم لە دەرکەی درا، بە جارەکی هەناوم پسا، لە بەختی من داکم لای دەرکەی حەوشێ بوو، یەکسەر دەرکەی کردەوە، تەماشام کرد کابرایەکی ڕەفیق حیزبیە، دەبانچەکی بەستیە و سمێرەکی گەورەی وەکی قیڕی بەردایتەوە، گۆتیە داکم: خالە هذا بیت کاکا جبار(پلە ئەوە ماری کاکە جەباریە)، داکم گازی منی کرد و گۆتی: دەوەرە بزانە ئەو پیاوە چیدەوێ! تازە تێئارام و نەمتانی هەرێم، بە ترسەوە چووم و گۆتم: اتفضل!(فەرموو)، گۆتی: هذا بیت کاکا جبار، الاسیر عند الفرس المجوس(ئەوە ماری کاکە جەباریە، ئەوی دیلە لە ئێرانێ، لەکن فارسە ئاگر پەرستەکان)، وەکی ئەو قسەی کرد، هاتمەوە سەرەخۆ، گۆتم: دیارە هاتینە سەر لە منداری جەباری سمایل سۆفی بدەن، ئەوی چەند سارە دیلە لە ئێرانێ! گۆتم: لا واللە هذا مو بیتهم، بیتهم ڕابع بیت عليمين(ناوەڵلا ئەوە هەونیە، چارەم ماری دەستە ڕاست ماری وانە)، گۆتی: زین کاکا واللە جبنا لاهلە ارزاق، لان هو اسیر(ئەوە ئەڕزاقمان لۆ مندارەکانی هینایە، چونکە ئەو دیلە)، کابرا ڕۆیی و ئەمنیش پشیەکم هاتەوە بەرێ، گۆتم: ئەلحەمدولیللا لۆ ماری شێرۆی نەهاتینە، خۆ ئەمن زەندەقم چوو، بە ئیسرەحات چوومە پێش دەرکەیی و تەماشام کرد، فەردە شەکرەک و فەردە ئاردەک و فەردە برنجەک و دوو تەنەکە ڕون و کارتۆنەک ئاوی تەماتەیان لۆ مندارەکانی جەباری هینابوو، ئەمن تەماشام دەکردن، وەختەکی شێرۆ بە خۆو بە لادەوە هاتەوە، وەکی چاوی بەو هەموو ڕەفیق حزبیەی کەت لە پێش ماری وان، زەندەقی چوو، ڕاست پێی لێنا و هەرات، گەیشتە لای من و گۆتی: درت داکەت، ئەوە داکت بە.... دام! هەرچەند هاوارم کرد: مەڕۆ، شێرۆ سەت و بیستی قەپات کرد و ئەو کۆرانەی لە تۆز و خۆرێ وەردا! نەمزانی بەو دیمەنەی شێرۆی نە پێبکەنم نە بگریێم!
لۆ تەکسیەک بە کۆرانێ دانەهات، دەستم لێ ڕاگرت و سواربووم، گۆتم: خێرت دەگاتێ بکەوە دوو ئەو تەکسیەی! کابرا گۆتی: چاوەکەم ئەگەر دوژمنداری و دەتەوێ بیکوژی، وەرە خوارێ، تاقەتی کووشتن و بڕین و سین و جیمی پۆلیسانم نیە، گۆتم: کاکە وەڵلا جیرانمە و ئیشم پێیتی، دوژمنداری چی و حاری چ! دەتوو پێ لێنێ و بگە تەنیشتی، باشبوو کابرا قەناعەتی کرد، گێڕی گۆڕی و پێی لێنا، خوا ڕەحمی کرد لە فلکەی سێتاقان ترافیک لایتی سۆر پێبوو، لە تەنیشت شێرۆی ڕامانگرت، هاوارم کرد: دختۆر مەڕۆ چ لە گۆڕێ نیە، وەرە بابگەڕێینەوە، ئاوڕی داوە و گۆتی: ئەدی ئەو هەرایە چبوو؟ گۆتم: هاتینە ماری جەباری ئەڕزاقیان لۆ هیناینە، نیو دینارم دا سایەق تەکسیەکەیی و هاتمە خوارێ، سواری تڕومبێلی شێرۆی بووم، گۆتم: بادەوە لۆ مارێ! گۆتی: هەی عەرزو عروزت بسووتێنم سەرلووس، دەبینی تووشی چ دەردەکت کردم!
ترافیک لایت کەسک بوو، شێرۆ بایداوە لۆلای مارێ، گۆتم: پێمبرێ چت کرد؟ گۆتی: لێمگەڕێ با هەناسەکم بێتەوە بەرێ، هەروا عیساب و کتابی دەکەم کوو هەرێم و بچمە کێ و مندارەکان کوو قورتار کەم!
گەیشتینەوە لای مارێ و لە تڕومبێلی دابەزین، دیتمان ڕەفیق حیزبیەکان ڕۆیشتبوون، گۆتم: دختۆر شێرۆ وەرە بابچینە مارێمە و لۆم باسی بازۆی بکە، گۆتی: بێمە مارینگۆ و داکت پێمبرێ قوون کەتی! گۆتم: خەمت نەبی وەنارێ، بابچینە ژۆرێ، شێرۆ سەرەکی بادا و گۆتی: خوایە زۆر شوکر، چووینە ژۆرێ، دیتم بابیشم هاتتەوە، سەلاممان کرد و دانیشتین، گۆتم: دایە، چایەکی لۆ دختۆر شێرۆی لێنێ، مەرەقی چایەی دەستی تووە! داکم گۆتی: وەی سەرچاوان، ئەوجە ئەمە چەند دختۆر شێرۆمان هەیە! شێرۆ هەوایەک چووە کەپووی، گۆتم: بابە، دختۆر شێرۆ وا لەکن بازۆی دێتەوە! بابم سەری سوڕما، بەینەکی تەماشا شێرۆی کرد، ئەوجە گۆتی: ئەو قسە ڕاستە دختۆر شێرۆ؟ ئەویش گۆتی: بەرێ وەیە و دختۆر شێرۆ بەخۆی ئیشی خۆی زۆر باش دەزانی و بەخۆشی دەزانی چدەکا و چ ناکا! بابم گۆتی: دە لۆمان باسکە کوڕم، بزانین بازۆ کووە؟ شێرۆ گۆتی: وەڵلاهی شەنسی هەبووە و سەلامەتە، گوللەکی بە قۆری کەتیە و ئێکیش بە ڕانی، بەران شەنسی هەیە و هێسکی نەگرتیە، گوللەکیش سەرچیخ چووە و بە سەری کەتیە، یەک تۆزیدی لۆولای ڕۆیشتبا مێشکی تەفروتوونا دەکرد، بەران هەبی و نەبی دوعای داک و بابی و ئینگۆ بووە پاراستیتی، گۆتم: چت لۆ کرد؟ گۆتی: وەڵلا برینەکەم لۆ خاوین کردەوە و ئەو جێیانەی بڕابوون دووریمەوە، بەس جارێ بە ئاسانی ناتانی شاری بە جێبێلی، چونکە برینەکەی پێویستی بە تەداویە و دەبی ڕۆژێ دوو دەرزیشی لێبدرێ، بابم گۆتی: ئەوجە کێ هەیە دەرزی لێدا؟ گۆتی: ئەو مارەی لێیتی ئێکیان دەورەی دەرزی لێدانی دیتیە، پێمگۆ بەینان و هێواران ئەو دەرزیەی لێدە! ئەمن وای لۆ دەچم لە ماوەی عەفتەکی بتانی بەسە پێ کەویتەوە! گۆتم: سەلامی مەت پێگەیاند؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا، بەران زۆر بێ تاقەت بوو؟ گۆتم: لۆ؟ گۆتی: یەکەم خینی زۆر لێ ڕۆیشتبوو، دووەمیش گۆتی: خیانەتمان لێکرایە و هەر لەناوە خۆمان جاسووس هەبوو، هەر گەیشتینە لای ماری ئەو سەرۆک جاشەی، خائینەکە خۆی لەمە دزیەوە و ئەمەی تەسلیمی دوژمنی کرد! بابم گۆتی: یەعنی خیانەتەکە لەناو خۆیان بووە؟ شێرۆ گۆتی: ئەرێوەڵلا، بازۆ زۆر بێتاقەت بوو، سەری لەبن گێی من ناو گۆتی: بگەڕێمەوە چیای دەڕۆم و لەوێ نامینێم، ڕەنگە بچمە ئەوڕوپای، ناتوانم چیدی لە ناو گۆماوی خیانەت بژیم! ئەمە زۆر بێ تاقەت بووین، بابم سەرەکی بادا و گۆتی: حەیف و مخابن، خیانەت لە کوردی نابڕێ! باشە دختۆر شێرۆ دەکرێ ئەمە بچین بازۆی ببینین؟ شێرۆ گۆتی: نەکەن چشتی وابکەن، بازۆ گۆتی: پێیان برێ نەکەن بێن، چونکە هەموویان چاودێرییان لەسەرە!
شێرۆ چایەکەی خواردەوە و هەستاوە بڕوا، بابم گۆتی: ئەو دەرمانانە بایی چەندی بوون؟ شێرۆ گۆتی: ئەو قسانە چیە، ئەمن لۆ بازۆم کردیە، بازۆ براو جیرانی خۆمانە، وەڵلا یەک دیناری وەرناگرم، داکم گۆتی: ڕەبی شێرۆکە خوا دەپەنای خۆت بگری کوڕم! شێرۆ گۆتی: مەمنونم دایە عاجی، ئەتوو بەس ئەو دوعایانە لۆمن بکە، وەلەو مندارە هورتکەی گەڕەکێت بە من فێر کردیە، یاڵلا جەماعەت دەڕۆم فلیمەکەی ئیبراهیمی تەواو دەکەم، بزانم عەمەلیاتیان لۆ چاوی کیژەکەی کرد، داکم گۆتی: کیهان کیژ؟ شێرۆ گۆتی: کیژەکەی ناو فلیمی دەرێم فلیم، خۆ بەڕاستی نیە! داکم سەرەکی بادا و گۆتی: ئەنگۆ بڕۆننێ قوون کەتی کوو ئەمنی دەست خەرەت دا! شێرۆ هەندەی خۆ برند کرد و بە عاردی دادا، گۆتی: وەڵلاهی وە بیللاهی ئەمن ئەتوو بناسم لەو دنیاش بە قوون کەتی گازم دەکەی، ساعێبی ئەو پرچک و پەلارانە بی، ئەهلی بهەشت و جهەنەمم لێ تێدەگەینی، ئاخ لە دەستە توو دایە عاجی، داخ لە دەستە توو دایە عاجی! بابم لەسە پشتێ کەت هەنکی پێ بکەنی و گۆتیە داکم: وەڵلاهی دەعوەتەکی دختۆر شێرۆی نەکەی بە قازی قەت خوا لێت خۆش نابی، داکم گۆتی: بە چاوان، شەرتبی قوونە جۆرەی قازەکەی بە کاملی لە پێش دانێم! شێرۆ ڕاست شێت بوو، گۆتی: ئەی خوا بتگری دایە عاجی، لە قازیش باتداوە سەر قوونی! شێرۆ دەرپەڕی و بە جێی هێشتین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!