مەستوورە کە حەسنا و ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ!
هاتووم، وتی، عوقدەم هەیە، قەت مومکینە وا بێ؟
هی تۆم ئەگەرەم مەسئەلە حەل کەی بە جەوابێ
هەر مەسئەلە بیکرێ کە بە تۆ شەرحی کرابێ
مومکین نییە کەس دەخڵی بکا چین و خەتا بێ
ئایینە بە مایینە دەبێ ڕەنگ نوما بێ
مەستوورە بەمەستوورە دەبێ موهرەگوشا بێ
نوکتێکی زەریفە بە نەسیبی زورەفا بێ
تەعریفی دەکەم، بەڵکوو لە بۆ دەرد شیفا بێ
ئەم سیڕڕە چییە میسلی سوها بێ، نەسوابێ؟!
دوڕڕێ کە وەکوو دوڕڕی سەما بێ، نەسما بێ؟!
دوککانی توحەف، کانی حەیا، کانی بەقا بێ
قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپابێ
وەک خەیمە بە پەردێکی دوو ئەستوونە بە پا بێ
سەر تیلەکی نەختێ بە نەزاکەت قڵەشابێ
وەک هیمەتی سۆفی کە لەنێو خەڵوە خزابێ
مەستوور و عەزیزی شەرەف و ڕیفعەت و جا بێ
یا کۆمڵە زیوی بوخەلا دوور لە سەخا بێ
موغلەق بە بەخیلی، بە مەسەل مشتی مەلا بێ
کاسێکی بلوورینی نخوونی لە سەرابێ
نەختێکی لەبەر مەوجی لەتافەت قڵەشابێ
یاخۆ پەڵە بەفرێکی کە ئەسڵەن نەشکابێ
قەندیلی مونیر و گوزەری ئاب و هەوا بێ
کام ئاب و هەوا؟ موعتەدیلی نەشئونوما بێ
یەعنی لە وەسەت کانییە گەرمێکی تێ زابێ
لەو کانییەدا چووزەرە ڕێواسێ ڕووابێ
بەو چووزەرە ڕێواسە کەمێکی قڵەشابێ
یا قەسری موعەللا کە لە ئاوێنە کرابێ
یا غونچەیی نەشگوفتە کە ئاوی نەدرابێ؟!
یا گومبەدی نەزهەتگەهی نێو باغچەسەرا بێ
ئەلوانی گوڵامێز و شەکەربێزی تیا بێ؟!
یا قورسی نمەک هەروەکوو مەڕمەڕ بە زیا بێ
جێی قەترەیە ئاوێکی لەنێودا قڵەشابێ؟!
یا گردەکی گردێکی کە شیرین هەڵی دابێ
گردی نمەکین، یەعنی گیای لێ نەڕووابێ
دامێنی بە ئەنواعی گوڵ و مڵ خەمڵابێ
گەنجێکی تێدا بێ کە تیلەسمی نەشکابێ
حوققێکی زەڕی سافی لەسەر بانی نرابێ
نەختێکی بە سەد سەنعەتی مانی قڵەشابی؟!
یا ڕەئسی یەتیمێکی کە بێ بەرگ و نەوا بێ
غەڵتان و سەراسیمە: نە داکێک و نە بابێ
فێسێکی سپی و توندی لە کەللەی کەلی نابێ
هێشتاکو لە حەق جێگەیی خاسی نەدڕابێ
چەسپیدە و خڕ هەروەکوو بەر قاڵبی دابێ
نەختێکی لەبەر توندی و سفتی قڵەشابی؟!
دورجێکی موجەوهەر کە هەموو حوسن و بەها بێ
دوڕڕێکی مونەووەر کە هەموو ئاوی سەفا بێ
بەیزێکی شوتورمورغی کە وا تازە کرابێ
وەک بەیزەیی بەیزا بە زیا و بە سەنا بێ
خرچێکی مودەووەر، بە عەسەل ئاوی درابێ
نەختێکی لەبەر حوسن و حەلاوەت قڵەشابێ؟!
یاخود وەکوو خۆی شاهیدە، با وەسفی وەها بێ:
سیمین مەمکێکی هەکە تازە هەڵی دابێ
یا تازە هەنارێکی کەناری گوڵی مابێ
بێ درز و قڵیش میسلی شەمامێکی تەڵا بێ
بۆ تەجرەبە تا لەززەتی شیرینی ئەدا بێ
نەختێکی وەکوو دیدەیی دەرزی قڵەشابێ؟!
یاخۆ، مەسەلا، میسلی نە وا بێت و نەوا بێ
مەشهوور و خەفی هەروەکوو عەنقا و وەفا بێ
ساحێب زەڕ و زیوێ کە فریبی عوقەلا بێ
ئیکسیری تەڵای ئەحمەری چەند قەترە لە لا بێ
دەعوای ئومەرا چەندە لەسەر تەختی کرابێ
چەند خوێن کە ڕژابێت و چ خوێنی نەڕژابێ
کێ بێ لە جیهاندا چ گەدا بێت و چ شا بێ
تەرکێکی وەها ناسک و پڕ لەززەتی گابێ؟!
دێوانە کە زانی کە دەبێ عوقدەگوشا بێ
هەستا و گوتی: ئەشکی ڕەوانم بە فیدا بێ!
ئەم ساحێبی تەشریحە دەبێ هەیئەتی چا بێ
هەم شاریح و هەم جاریح و مووزیحە گوشا بێ
بۆ توند و ڕەقی مەتنی مەتینی حوکەما بێ
تەدقیقی ئەمیش سیڕڕە دەبێ خوفیە ئەدا بێ
نەرم و خۆش و مونتیج وەکوو بەستی ئودەبا بێ
توولانی و بەرجەستە وەکوو دەستی دوعا بێ
شەو نائیم و قائیم، عەلەمی بابی ڕەزا بێ
بێ دیدە هەڵستێ بە مەسەل عەینی عەسا بێ
مەجزووبی توروق، مورتەعیشی لەرزش و تا بێ
سالیک ڕەوشی مەسلەکی ڕێگەی سولەحا بێ
فەرقێکی هەبێ: داخڵی میحرابی ڕەجا بێ
چاوێکی هەبێ: غەرقەیی فرمێسکی بوکا بێ
ڕێی حورمەت و بێحورمەتی هەرگیز نەکوتابێ
چەند ئاوی ڕژابێت و، چ ئاوی نەڕژابێ
لەم ڕێگە سەریشی کە بچێ، یەعنی کوژابێ
گەردن کەچێ بەرپێتە، قەدەم ڕەنجەکە، سا بێ
تا گەرمڕەوی ڕێگەیی زوڵماتی بەقا بێ
ماء الخَضرت قەترە لەسەر قەترە فیدا بێ
کێ بێ وەکوو تۆ بەم شەوە ڕەحمی بە منا بێ!
مەجزووبە سیفەت، یەعنی سیلەی ڕەحمی تێدا بێ!
هەم جازیبە و قابیلەیی ئەخز و عەتا بێ!
مەستوورە و مەخفی، شەبەهی بادی سەبا بێ!
مەستانە هەڵستێت و بە کوێری ڕوقەبا بێ
ئەم بابزەنە گەرم و تەڕی کا بە کەبابێ
نالی! وەرە هەزلێکی کە عاری شوعەرا بێ
ڕووڕەش مەکە پێی سەفحەیی هەر لەوح و کیتابێ
تەحریری خەیاڵ و خەو ئەگەر بێتە حیسابێ،
دەروێش و گەدا، شاه و دەبێ شاه، گەدا بێ
وا چاکە خەیاڵ و خەوت ئەسراری هودا بێ
نەک بەحسی سوروور و عەلەم و بادی هەوا بێ...
ئەی قەلعەیی ماهم کە دەڵێی ئەوجی بورووجی
[1]