ناونیشانی پەڕتووک: وەسیەتنامەی سیاسی
ئامادەکردن وەرگێڕان: #سوارە شاکەلی#
وەرگێڕان لە زمانی: ڕووسی
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: چوارجرا
ساڵی چاپ: 2022
[1]
ئەم نامیلکەیە، ئەو ڕەخنانە لەخۆ دەگرێت، کە ئاڕاستەی (وەسێتنامەی سیاسی) پلیخانۆڤ کراون، لە لایەن نووسەران و پلیخانۆڤ ناسەکانی ڕووسەوە، کە پێیان وایە ئەم دۆکیۆمێنتە پلیخانۆڤ نەینووسیوە.
یەکێتی سۆڤێیەت و شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرباری ئەوەی دەکرێت وەک بەشێک لە مێژوو لێی بڕوانین، لە هەمان کاتدا بە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و پڕ شکۆی مرۆڤایەتی لە مێژوودا دەژمێردرێت، هەوڵێکی مرۆڤایەتی بوو لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی دا، بەبێ پشت ئەستوور بوون بە هیچ هێزێکی ئاسمانیی و ڕۆحی لە سەردەمێکی نوێدا، لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ڕووسیا. پەرچوو ئاسا هەوڵێکی مرۆڤایەتی خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە... هەڵبەتە ئێمە کارمان بەسەر ڕووداوەکانی دوای ئەوە و ئەو چارەنووسەوە نییە، کە بەرۆکی یەکێتی سۆڤێیەتی گرت.
بەڵام دەتوانم بڵێم، شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەلشەفیکییەکان، شەپۆلێکی گۆڕانکاریی بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەموو مرۆڤایەتی گرتەوە و تا هەنووکەش مرۆڤایەتی لە ژێر کاریگەری ئەو بۆچوونانەدایە.
ئەگەرچی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، لای هەمووان ئاشکرایە شۆڕش و پاش هاتەکانی چین و دەشکرێت بیرمان بۆ ئەوە بچێت هەموو جارێک شۆڕش ناتوانێت ئەو ئامانجانە بپێکێت، کە لە پێناویدا کۆمەڵە سیاسییە جیاوازەکان
ڕژێمەکان دەڕووخێنن و سەرلەنوێ بنیاتی دەنێنەوە، هەر بۆیە ئاساییە، نەتەوەیەکی بەش خوراوی وەک ئێمە، چیدی بەو سەرنج و ئاواتەوە لە شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی جیهان نەڕوانین... بەڵام وەک مێژوو، ناتوانین شۆڕشی فەرەنسا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە بیر بکەین، ئەگەرچی شۆڕشی فەرەنسا شۆڕشێکی گشتگیر بوو، بەڵام شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەر لە سەرەتای ساڵانی 1880 وە تاوەکوو ڕووخاندنی حکوومەتی کاتی لە پیترۆگراد، لەسەر بازووی کۆمەڵێک بیرمەند و خەباتگێڕ هاتە ئەفراندن، کە دەکرێت هەر یەکێکیان بە قارەمانێکی ئەفسانەیی بژمێردرێن، ئەوەی ئەوان چ لە ناوخۆی ڕووسیا و چ لە تاراوگەدا پێیدا تێپەڕێوون و چەشتوویانە، گەلێک ئەستەمە بە وشە و گێڕانەوە، گوزارشتیان لێ بکرێت، گرنگی ژیاننامەی ئەو بیرمەند و شۆڕشگێڕانە لەوەدا بەرجەستە ناکرێن، کە هەوڵیان دابێت سیستەمی ڕژێمی قەیسەری لە ڕووسیادا ئاوەژوو بکەن، بەڵکوو ئەو بیرمەندانەی ڕووس خۆیان و هەرچییان هەبوو کردیان بە قوربانی لە پێناو مرۆڤایەتیدا... هەر ئەمەش فاکتەری سەرەکیین بۆ ئێمە تا دەستبەرین بۆ ساخکردنەوە و مشتوومڕکردنن لە بارەیانەوە... ماوەیەکە لەنێو خوێنەرانی کورددا، وەسێتنامەی سیاسیی پلیخانۆڤ گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت و چەندوەرگێڕێکی بەڕێزیش لە عەرەبییەوە وەریان گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. هیوادارم ئەم کورتەیە لە بارەی پلیخانۆڤەوە بە کەم کردنەوەی ڕۆڵی ئەو بیرمەندە تەماشا نەکرێت و لەهەمانکاتدا خاڵێک دابنێین لەبارەی کارکردن لەسەر ئەم دۆکیۆمێنتە و چی تر وەرگێڕە ئازیزەکان کاتی خۆیان بەهەدەر نەدەن بەوەرگێڕانی ئەم کارەوە... لەسەرەتاوە، لە چەند شوێنێکی جیاوازدا ناچاربووم گفتوگۆی لە بارەوە بکەم، لێتان ناشارمەوە، تەنانەت دەستم کرد بە کارکردن لەسەر ئەم تێکستە، هێشتا لە سەرەتای کارەکەدا بووم، باشبوون لە یەکێک لە دیدارەکانمدا لەگەڵ کاک)حەسەن یاسین (گفتوگۆمان دیسانەوە گەڕایەوە سەر ئەم دۆکیۆمێنتە و بەڕێزیان باسیان لەوە کرد، کە ئەو دۆکیۆمێنتەیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی لە زمانی عەرەبییەوە، ئەو دەرفەتەی ڕەخساند هەم زیاتر لە یەکدی نزیک ببینەوە، لە هەمان کاتدا بیروڕای خۆمان لە بارەی پلیخانۆڤەوە زیاتر ئاڵوگۆڕ بکەین... هەرچەندە تا ساتی ئەو دیدارە خۆم بە یەکێک لە شارەزاکانی بواری ژیان و کارەکانی هەریەک لە)لێنین و ستالین و ترۆتسکی(کە زۆر بابەتی جۆرا و جۆرم لە بارەیان خوێندبووەوە، بەڵام هەرچی پلیخانۆڤە ئەوا کۆمەڵێک زانیاریی گشتگیرم لە بارەی ئەم بیرمەندەوە دەزانی، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نزیک لەو شوێنەی کە ماوەیەک تیایدا نیشتەجێبووم لە مۆسکۆی پایتەخت، زانکۆیەک هەبوو بەناوی)زانکۆی ئابووری مۆسکۆ بە ناوی گ. ڤ. پلیخانۆڤ، (پاشان ئاشنای) وەسێتنامەی سیاسیی (بووم و هەندێکم لە بارەی ئەو ڕەخنانەوە خوێندبووەوە، کە ئاڕاستەی ئەو بەڵگەنامەیە کرابوون... لێ کاتێک لەگەڵ کاک حەسەندا بە یەک ئاشنا بووین، بە شێوەیەکی ورد کەوتمە کارکردن لە بارەی وێستگەکانی ژیانی پلیخانۆڤ و ژیانی سیاسیی و بەرهەمەکانییەوە، دەتوانم بڵێم لە ئێستادا هەگبەیەکی باشی پڕ لە زانیارییم لە بارەی ئەو بیرمەندە گەورەیەوە کۆ کردووەتەوە... دواتریش کەوتمە وێزەی ئەو ڕەخنانەی لەبارەی ئەم دۆکیۆمێنتەوە نووسراون.