فۆنیم (Phoneme) یان واچ لە زمانەوانیدا بە بچووکترین بەشی گوتە (قسە) دەگوترێت کە دەبێتە هۆی گۆڕینی واتای وشە.
واچەکان بچووکترین یەکەی دەنگیی سەربەخۆن کە جیاوازی واتایی پێک دەهێنن، بۆ وێنە لە کوردیدا (ر) و (ڕ) دوو واچن، لە بەر ئەوەی کە لە دوو وشەی وەک (کەر و کەڕ) دا دەبنە هۆی جیاوازی واتایی، بەڵام لە بڕێک زماندا (وەک زمانی فارسی، ئینگلیزی و..) یەک واچن، چونکە واتا ناگۆڕن.
مۆرفیمەکان بە یارمەتی واچەکان دروست دەبن (یەک یان چەند مۆرفیمیش، وشەیەک پێک دەهێنن). بۆ وێنە: (تۆ) لە دوو واچی (ت) (/t/) و (ۆ) (/o/) پێک هاتووە.
ئەو دەنگانەی کە لە سیستەمی دەنگی هەر زمانێک دەبنە هۆی جیاوازی واتایی لە وشەکاندا و دابەش ناکرێن، بە واچ دەناسرێن.
ئەرکی سەرەکی واچ بریتییە لە (جیاکردنەوەی یەکەکانی گوتە لە یەکتر و بەدیهێنانی جیاوازی واتایی لە یەکەکانی گوتەدا). لە تێکەڵ بوونی [یەکەکان و ڕیتمەکانی دەنگی (قاڵب)] لەگەڵ [یەکەکان و ڕیتمەکانی واتایی]، سیستەمی پەیوەندی، واتە زمان بەدی دێت.
هەر کۆمەڵگایەکی زمانی، شێوەی نووسینی هەبێت یان نە، لە ژمارەیەکی سنووردار واچ کەڵک وەردەگرێت، کە پێویست نییە لە واچی زمانەکانی تر بچێت. بە گوتەی زمانناسان، هەموو زمانەکان واچین. بەگوێرەی دوامین لێکۆڵینەوە؛ (زمانی هاوایی 13، واتە کەمترین ژمارەی واچ و زمانێک لە دەستە زمانی قەوقازی 75 واچ، واتە زۆرترین ژمارەی واچی لە زمانەکانی دونیادا هەیە.)
نووسەی واچەکان لە نێوان / / دا دەنووسرێن و ئەم شێوە نووسینە لە شێوازی واچنووسی جانز دانیێڵ، وەرگیراوە.
گۆکردنی واچەکان لە یەک زماندا هەمیشە وەکیەک نییە، ئەم جیاوازییەش نابێتە هۆی خولقاندنی دوو واچی جیاواز، بۆ وێنە [د] و [ڎ] لە زمانی کوردیدا، لە باری فۆنۆلۆجییەوە یەکسانن، چونکە هیچ دوو وشەیەک (بە واتای جیاوازەوە) لە زمانی کوردیدا پەیدا نابێت کە جیاوازی نێوانیان، تەنیا لە [د] و [ڎ] دا بێ. لە بڕێک شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا [د] و لە بڕێکی تردا [ڎ] باوە. وەک: (بادام و باڎام، سەد و سەڎ، و…) یان [س] و [ص] وەک: (سەد و صەد، سەوزی و صەوزی، و…)
دەبێت بزانین کە واچ لەگەڵ پیتدا جیاوازە. پیت شێوەی نووسراوی واچە و واچ شێوەی زارەکی پیتە. ئەم دووانە هەمیشە پەیوەندییەکی یەکسانیان نییە. لەوانەیە لە بڕێ زماندا، بڕێک واچ شێوەی نووسینیان بۆ دانەنرابێت؛ بۆ وێنە لە ڕێنووسی عەرەبی زمانی کوردیدا، هیچ پیتێک بۆ واچی بزرۆکە (I) دەستنیشان نەکراوە، وەک لە وشەی (سڕ) واچی بزرۆکە (I) لە نێوان واچی (س) و (ڕ) دا پیتی نییە و نانووسرێت.
لقێک لە زمانەوانی دەپەرژێتە سەر واچەکان و بە فۆنۆلۆجی دەناسرێت. زمانی کوردی 37 واچی هەیە، کە 8یان دەنگدار و 29یان بێدەنگن:
29 واچی بێدەنگ (کپ): ئ ب پ ت ج چ ح خ د ڕ ڕ ز ژ س ش ع غ ف ڤ ق ک گ ل ڵ م ن و ه ی
8 واچی دەنگدار (بزوێن): ا، ی، ۆ، ێ، و، وو، ە، بزرۆکە I
[1]