ئەحەکان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
ئەحە زۆر حەزی بە خۆی بوو. هەمیشە خۆی ڕادەنا و وای نیشاندەدا یەکجار ئازایە. هەمیشەیش جلی ڕەشی لەبەر دەکرد، دەسمالێکی مەشەدی دەخستە ملی و کە بە ڕێگادا دەڕۆیشت کەمێک خۆی دەلەنگان، باڵەکانیشی لە چاو خەڵکی فشتر بوون. هەوڵیشی دەدا ڕاستەوخۆ لەچاوی خەڵکی نەڕوانێ. تا دەیتوانی سمێڵیشی زل دەکرد، ئەوەندە زل کە دەگەیشتە لێوی خوارەوەی. بە هەمان لێویش دەیلستەوە. بە دوو پەنجەیش دەیلاواندەوە.
سمێڵەکانی ئەحە وەک سمێڵی پشیلەکانی گەڕەک دەبریقایەوە.
بەڵام کێشە ئەوە بوو ئەحە ترسنۆک بوو. کە تووش دەبوو خۆی گێل دەکرد، یاخود ڕێگای خواردەکردەوە. لەبەر ئەمە خەڵکی ناویان نابوو ئەحە فشەکەر.
ئەحە فشەکەر کە یەکجار بەمە ناڕاحەت بوو، لە خەیاڵی بینینەوەی چارەسەرێکدا بوو. سەرئەنجام بینییەوە. لە دوو گەڕەکی ئەوبەرییەوە، کەمێک واوەتر لە تەنیشت، پیاوێک هەبوو بە هەمان قەڵافەت و ڕوخساری وەک خۆی، ڕەنگە کەمێکیش بەرزتر و پان و پۆڕتر، بەڵام وەک دەیانگوت دیوی ناوەوە و دەرەوەی وەک یەک بوون. ئەو پیاوە وەک ئەحە ترسنۆک نەبوو. ئەوەی دەینواند بەڕاستی بوو. کە لە شەڕەوە دەگلا، وەک سەگی بێ حەیا دونیای دەهێنایە سەر سەری خۆی. مەگەر کەس دەیوێرا توخنی کەوێ!
ئەحە بۆ ئەوەی سەرنجی ئەو پیاوە کە بە ڕێکەوت ئەویش ناوی ئەحە بوو و بە ئەحە سینگ شێر ناوبانگی دەرکردبوو، بەرەو خۆی ڕابکێشێ؛ کەوتە هەوڵ. هاتوچۆی ئەو چاخانەی کرد وا ئەو هاتوچووی دەکرد. کە یەکەم جار بینی، لە کاتی سڵاوکردن وەها دەستی بە سینگییەوە گرت و وەها بۆی چەمییەوە کە کۆتەکەی لە سەر شانی خزایە خوارەوە. ڕێک بۆ سەر تەپڵی عەرزەکە لە بەردەمی ئەحەی نێردا! بگرە بەمەیش ڕازی نەبوو. کاتێک لە تەنیشتییەوە بە ئەسپایی دانیشت، بە گۆشەی چاوەکانی بەردەوام لێی دەڕوانی و زوو زوو سووکە قونێکی بۆ حەوادەدا و دیسان دەستی بە سینگییەوە دەگرت، دەموشتایەوە و بەساقەی دەبوو. ئەحە سینگ شێر کە سەرەتا گوێی بە ئەحە فشەکەر نەدەدا، لە دووای ئەوەی ئەحە چەند جارێک چاییەکانی بۆ حسێب کرد و بۆ کەبابێک لە باشترین کەبابخانەی شاریش دەعوتی کرد و بگرە بە دەسماڵە مەشەدییەکەی دەوری ملی پێڵاوە ڕەشەکانیشی بۆ سڕییەوە، ملی دایە ئەوەی ئەحە فشەکەر شوێنی بکەوێ و بە یەک یاخود نیو هەنگاو لە دوواوە بە شوێنیا بڕوات. بەم شێوەیە سێبەری ئەحە سینگ شێر کەوتە سەر سەری ئەحە فشەکەر.
ئەحەی یەکەم ئیتر لەو ڕۆژەوە یەکجار گۆڕا. ئەمجارە ڕاستەوخۆ لە چاوی خەڵکی دەڕوانی و بگرە زوو زوو تفێکیشی ڕۆدەکردە سەر زەوی. کە ئەحە سینگ شێر لەوێ بایە وەها بەگژ خەڵیکدا دەچووەوە کە سینگ شێری سەرۆکی بە سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانی و، دوواتر بە بزەیەکەوە سەرێکیشی لێ بادەدا. ئەحە وای لێهات ڕیشێکی تەنکیشی هیشتەوە بۆ ئەوەی وەک جەنگاوەرە کۆنەکان زیاتر هەیبەت بە خۆی ببەخشێ.
بەڵام کێشە ئەوە بوو ئەحە فشەکەر کاتێک ئەحە سینگ شێری لێ دووردەکەوتەوە هەر هەمان ئەحەکەی جاران بوو بە دڵە بچووکەکەیەوە، بە دڵە خێرا و چۆلەکەئاساکەیەوە. بگرە جارێکیان زەفەریان لێهێنا و لە لاکۆڵانێکدا وەهایان کوتا کە چەند ڕۆژێک لە ناو جێگادا بۆی کەوت. ئەحە لە دووای ئەم کارەساتە یەک دەققە چییە لە سینگ شێر دوور نەدەکەوتەوە.
بەڵام زەمانە بێ وەفا بوو و هاوڕێی سینگ شێری کتوپڕ نەخۆش کەوت و لە خەستەخانە لە سەر تەختێکی سپیی چوارگۆش پاڵی لێدایەوە، بگرە لە دووای دە ڕۆژ بۆ هەمیشە دونیای فانی جێهێشت و مرد! ئەحە فشەکەر بەم ڕووداوە کە ئەو لای خۆی ناوی نابوو کارەسات وەها داچڵەکا نەبێتەوە. باوەڕی نەدەکرد سینگ شێرێکی لەو چەشنە ئاوەها قەڵافەتی لە عەرزبدرێ و بۆ هەمیشە چەرخی چەپگەردی گەردوون جێ بێڵێ. ئەحە بە ئیستایشیەوە نازانێ خودا ئەم بێڕوحمیە چی بوو لە حەقی ئەو و لە حەقی هەموو ئەحەکانی تری دونیادا کردی.
ئەحە فشەکەر کە یەکجار خراپی لێقەومابوو و، بگرە لە سەرەخۆشییەکەیشیدا نەیوێرابوو بەشداری بکا لە ماڵەوە هەتا چەند هەفتە لێی کەوت و، وەدەر نەکەوت. دایکە پیرەکەی کە بە دەستییەوە وەڕەز ببوو، خالەکانی تێبەردا و بەڵام ئەمەیش چاری نەکرد. ئەحە وتی ئەوەندە خەفەتی سینگ شێر بە سەرییەوە بارە کە ناتوانێ ئیتر قەت ئەو کووچە و کۆڵان و شەقامانە ببینێتەوە وا لەگەڵ سینگ شێری هاوڕێی کاتی خۆی پیایانا ڕۆیشتبوو.
ئەحە فشەکەر ئێستاکە چەندین مانگە لە ماڵەوەیە و، تەنیا بە شەو، ئەویش درەنگان وەدەر دەکەوێ. خەڵکی ئیتر بەرەبەرە ئەویان لەبیر چووەتەوە، بەڵام ئەحە خۆی خۆی لەبیر نەچووەتەوە. ئیستایش کە بە ئیستایە هەر گوێی بۆ ئەوە هەڵخستووە بەڵکوو سینگ شێرێکی تر ڕووبکاتەوە گەڕەک یاخود گەڕەکەکەی تەنیشتی، بگرە گەڕەکەکانی ئەو سەری شاریش، ... گرینگ نیە، لە هەر کوێ بێت ئەحە دەتوانێ بەپەلە خۆی بگەیەنێتێ، ... بەس بەو مەرجەی سینگ شێرێکی تر دەستکەوێ. بەس وەک پێغەمبەرەکان لە شوێنێکەوە لە کونێکی ئاسمان بەربێتەوە!
هەڵبەت ئەحە بۆخۆیشی نازانێ بۆ لای وایە ئاسمانێ بەو زل و زەبەنی و پان و پۆڕییە، دەبێ کونی تیابێ. بەڵام با تیای بێ!
زەمەن تێدەپەڕێ و هەر هەواڵ نیە. یان ڕەنگە کەسێک نیە خەبەر بۆ ئەحە بێنێ، ئەگینا دەکرێ لەم چەرخی یەکجار چەپگەردی گەردوونەدا ئەحە سینگ شێرێکی تر دەستنەکەوێ؟! نا، شتی وانابێ، ... مەحاڵە. ئەحە لەبەر خۆیەوە بیردەکاتەوە و، بە خۆی دەڵێ:
هەر دەستدەکەوێ، ... تەنگانە هەمیشە بەری تەسک بووە، ... ئەحە سینگ شێرێکی تر هەر نازڵ دەبێتەوە، ... ئا دەبێتەوە!... خوا دەلیلی داماوانە!
دایکی قاپی نیسکێنەکە بە تووڕەییەوە و بە دەستە لەرزۆکەکانییەوە دەخاتە بەر دەمی و، دەڵێ ئەمەیش هەڵقوڕێنە! ئەحە فشەکەر بەدەم خەیاڵەوە هەڵیدەقوڕێنێ. پاییزە، هەوا ساردە، لە دەرەوە خوناوکە بارانێک دایکردووە و خەریکە دیوارە گڵینەکان دەلێسێتەوە، ڕێک وەک لێوی خوارەوەی جارانی ئەحە بەسەر سمێڵکە ڕەشە بریقەدارەکەیدا. سەلکێک پیازی سووریشی بەسەردادەکا. قرقێنەیەکیش دەداتەوە. چاوەکانی زیت تر دەبن.
ئەحە کە نازانێ هی قرقێنەکەیە، هی پیازەکەیە یان باران؛ لەبەر خۆیەوە بەو نیگا زیتانەوە وا لە پەنجەرەکەوە گوزەردەکەن و دەگەنە ناو دنکە بێ ئەژمارەکانی باران، دەڵێ:
نا، ... ئا، ئەمجارەیان نیچە دەخوێنمەوە!... نیچە![1]