عاموودا کۆنترین شاری ڕۆژئاڤای کوردستان
ئەیاز هەرکی
عاموودا شارێکی هەژارنشیینە لە جەزیرەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی 20 کم لە ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ دوورە، 2 کم لە سنوورەکانی باکووری کوردستانەوە دوورە، 26 کم لە ڕۆژئاڤای ناحیەی دێربێسيەوە دوورە و شاری ماردین بە ئاسانی دەبینرێت، هەروەها نزیکەی 70 کم، لە ناوەندی پارێزگای حەسەکەوە دوورە و پێش پەیمانی سایکس بیکۆ و دابەشبوونی کوردستان بەشێک بووە لە دەشتی ماردین لە باکووری کوردستان و یەکێکە لە ناوچە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا. هاوکات خەڵکی عاموودا لە ماوەی یازدە ساڵی شۆڕشی گەلانی سووریا بە تایبەت لە ڕۆژئاڤای کوردستان بە ئارامی و دوور لە شەڕ ژیاون.
عاموودا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە پێکەوە ژیانی نێوان هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بە درێژایی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست. بە تایبەت لە دوو سەدەی ڕابردوودا بەشێک لە شۆڕشگێڕانی کورد بەهۆی زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی عوسمانییەوە و شکستی ڕاپەڕینەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و ئاوارەکانی ئەرمەن و مەسیحی لە باکووری کوردستان و ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە بەدوای ژیانێکی سادە و ئارامدا دەگەڕان، لە عاموودا نیشتەجێ بوون و کەلتور و دابوونەریتەکانیان پاراست، هۆزی داقووری ڕۆڵێکی گرنگیيان لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا گێڕاوه و بە پایتەختی داقوورییەکان ناسراوە.
$شارستانییەت بنیاتنراوە$
عاموودا لە باکوورەوە بە چیای ئۆمەریان و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە شاری قامیشلۆ دەورە دراوە و دوو دەریاچەی بچووکی هەیە و (رووباری چەمی دارێ) شارەکهی کردووە دوو بەشەوە. هاوکات شوێنەوارەکانی وەک:(بازاڕی شاگر) گردی مۆزان و شەرمۆڵە، هێمای مێژووی شارەکەن و مێژووی دروست بوونيان بۆ زياتر لە 3000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە سەرەتای مێژووە لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووه و شارستانییەت بنیاتنراوە.
پێش شۆڕشی گەلانی سوريا، شاری عاموودا سەر بە پارێزگای حەسەکە بووه، ئێستا سەر بە کانتۆنی جەزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستانە و پێشبینی زۆر لەسەر ناوەکەی هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە میدیاوە هاتووە واتە (ئامەد، ئامێدی، ئاموودا).
لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا فەرەنسییەکان بنکەیەکی سەربازیان لەوێ دامەزراند و لە ساڵی 1934دا بەئیدارەی سەربەخۆ ناسێندراوه و 95%ی له پێکهاتەی کوردی موسڵمانن و باقی تر سوریان و عەرەبن. بە پێی سەرژمێری ساڵی 2008 ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی عاموودا بە گوندەکانیشەوە 50 بۆ 60 هەزار کەس بووە و بەپێی ئامارەکانی ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەسە. چونکە هەر چەندە بەهۆی هەژارییەوە هەزاران کەس لە شارەکە کوچیان کردووه. بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ناسەقامگیری لە سووریا و ڕۆژئاڤای کوردستان هەزاران پەنابەری دیکە نیشتەجێی ئه و شارەن.
$هێمای پێکەوە ژیان$
هاووڵاتیانی شاری عاموودا بە پێشەنگ لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و کاری دەستی دادەنرێن. هەروەها بە ئاشتی و ئارامی دەژین و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەهێزییان لە نێوان خۆیاندا هەیە و عاموودا بە هێمای پێکەوە ژیان و کەلتووری جۆراوجۆر لە نێوان ئایینە جیاوازەکاندا ماوەتەوە و گوند وماڵی مەسیحی و ئەرمەن و ئێزیدی بە درێژایی مێژوو هێمای پێکەوەژیانی شارەکەن.
هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکانی کورد لە کۆنەوە لە عاموودا و دەوروبەری دەژین، وەک داقووری و گاباری و ملان و مەندی و بەهدینی و مێرسینی و ئۆمەری و خاتوونی و هێزکی و بەراڤی و شکاکی و مێردینی... هتد. کۆنێ ڕەش، مێژوونووسی دیاری ڕۆژئاڤای کوردستان دەڵێت:)هەندێک لە بنەماڵەی هۆزی هەرکی لە شارەکانی عاموودا و قاميشلۆ دەژین).
هەروەها ڕووبەری ئێستای عاموودا نزیکەی 8 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی گوندەکانی 184 گوندە، کشتوکاڵی سەرەکی بریتییە لە گەنم و سۆرگۆم و گارس و باخ و باغی میوە و خاکەکەی بەپیتە بۆ بەرهەمهێنانی پیاز و بەخێوکردنی ئاژەڵداری ناسراوه.
بەهۆی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردەوە، عاموودا وەک پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە چەند جارێک لەلایەن داگیرکەرانەوە وێران کراوە.
$راپەڕینی عاموودای لێکەوتەوە$
کۆنێ ڕەش، مێژوونووسی ڕۆژئاڤای کوردستان لە کتێبی (مێژووی قامیشلۆ) دا دەڵێت:) دوای شکستی کۆنفرانسی گوندی
(توپز) لە کۆتاییەکانی ساڵی 1937دا لە نێوان سەرۆک هۆزەکانی کورد و شێخەکانی عەرەب و ئاشوری ڕاپەڕینی عاموودای لێکەوتەوە و فەرەنسییەکان پاڵپشتی ئاشوورییەکانی کرد و شارەکەیانی بۆردومان کرد و سوتاند. سەعید ئاغای داقووری سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی کرد دژ به کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی و پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد له سوریا. دواتر سەعید ئاغای داقووری و لایەنگرانی کشانەوە بۆ دەڤەری شەنگال و ڕاپەڕینەکە بە (تۆشا عاموودا) ناسراوه. واته تالان و وێرانکردنی عاموودا.)
هاوکات لە 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1960 ئاگرێک لە سینەمای عاموودا کەوتەوە و 283 خوێندکاری کوڕ و کچ گیانیان لەدەستدا وهەموویان لە قوتابخانەی سەرەتایی بوون و زۆربەیان خەڵکی شاری عاموودا بوون. وەک زانراوە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی مۆلیدەی کارەباوە بووە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە گومان لە ڕووداوەکە دەکەن. چونکە داهاتی سینەما بۆ پشتیوانی بووە لە شۆڕشی جەزائیر.[1]