چۆنیەتیی دروستکردنی فەرش لە #سنە# و دەوروبەری
کولتوور و دابونەریتی دروستکردنی فەرش (قاڵی) کە پیشەی (تەونەگەر)ی ماڵانە، لەلایەن کچان و ژنانی کورد لە سنە و دەوروبەری سەدان ساڵە باوە و لە ڕابردوو و ئێستاش ئەم پیشەیە هەم بووەتە کولتوورێکی دیرێن و هەم سەرچاوی بژیوی زۆرێک لە پیاو و کچ و ژنە فەرشچنەکانە.
فەرشی دەستی (تەون) کە بە (تەونەگەری)ش ناسراوە جاران کە وەک ئەمڕۆ پیداویستی و ئیمکاناتی پێشکەوتنی سەردەم نەبوو بە شێوازی نەریتی قۆناغەکانی جێبەجێ دەکرا کەم بەم چەشنە بووە.
سەرەتا ژنان پاش ڕستنی خوری و گڵۆڵەکردنی دەیانناردە لای وەستای ڕەنگرەس (ڕەنگڕێژ) و ئەویش لە چەندین قازان (مەنجەڵ)ی گەورەی تایبەت بە ڕەنگکردن کە ئەوکات ڕەنگەکان سروشتی و لە توێکڵی گوێز و پیاز و چەند بەرهەمی دیەک دروست دەکران، دەیکوڵان و پاش چەند کاتژمێر هەر پارەبەنێکی دەکردە چەندین گڵۆڵە بەنی ڕەنگاوڕەنگ و ڕادەستی ساحیبەکەی دەکردەوە.
پاشان لە ماڵان و لە هەندێ شوێنیش کارگەی بەکۆمەڵی فێرکاریی تەونکردن هەبوو، وەستای کارامەی نانەوەی (تەون) لەسەر داری تایبەت تەونەکەی بۆ تەونەگەرەکەان دەنیایەوە.
لە سنە و دەوروبەری چەندان جۆر فەرشی جۆراوجۆر بەدەستی کچان و ژنانی کارامە دەچنران کە هەندێکیان بریتی بوون: ماسی دەرهەم، سوجا (سجادە)، گوڵفەرەنگ، بیجاڕی، جاجم و تورنج و.....
چنینی فەرش لە کوردەواری خۆی خاوەن مێژوو و کولتوورێکی تایبەت بە خۆیە و پێوەندیی نێوان وەستا و شاگرد و لە زستانی کوردەواری، بووەتە هەوێنی دەیان داستان و چیرۆکی فۆلکلۆری و گۆرانی و بەیت و باوەی کوردی.
ڕەنگاڵەیی و جوانی و پتەوی و سەرنجڕاکێشی و پاراستنی ڕەسەنایەتی لە تایبەتمەندییەکانی فەرشی سنەن کەلە مۆزەخانە ناوخۆیی و جیهانییەکان خاوەن پێگە و ناوبانگی تایبەتە.
جیاواز لە فەرشی سنە، بەرهەم و پیشەی دەستیی ناسراو و لەمێژینەی دەڤەری بیجاڕ (هەرێمی گەڕووس)، فەرش (قاڵی)، جاجم و بەڕە و جۆرەکانی بەناوی فەرشی دەستیی بیجاڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی جیهانیی هەیە و ڕازێنەرەوەی مۆزەخانەکانی ئێران و جیهانە.
ئەم فەرشە دەستییە کە بە دەستی کچان، ژنان و کوڕان و هونەرمەندانی دەستڕەنگینی دەڤەری گەڕووس دروست دەکرێت، پێشینەیەکی سەدان ساڵەی هەیە و
فەرشی بیجاڕ کە چەندین شێواز و دیزاین و نەخشەی جۆراوجۆری هەیە، سەرنجڕاکێشی، جوانی، ڕەسەنانەیتی و سادەیی و تێکەڵاویی ڕەنگ و قایمی لە تایبەتمەندییەکانیەتی.
ناسراوترین نەخشە و شێوازەکانی فەرشی بیجاڕ بریتین لە:
راوگەی تورنجدار، ڕاوگەی دوورەدیمەن، نەخشەی لەیلی و مەجنوون، مینیاتۆری، داستانە ئوستوورەییەکان، فەرەنگ مستەوفی، گوڵفەرەنگی، نەخشە بیجاڕ، لەچکی تورنجدار، گوڵ و بولبول و گوڵدانی، شێوازی قرژاڵی، بەندی خاتەم شیرازی، بەندی گوڵفەرەنگ، ماسی دەرهەم، شاعەباسی، ماسیی بیجاڕ، ماسیی سنە و ماسیی هەوشار.
بەڕای کارناسانی فەرشی، ئەو ڕەنگ و نەخشانەی کە تەونگەرانی کوردی بیجاڕی و تیکاب بۆ فەرشی هەڵدەبژێرن، دەربڕ و نیشاندەری سروشت و کولتووری ناوچەکە و هاوکات ڕەنگاوڕەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.[1]