ناونیشان: زوحەل شاجوانی هەسارەکانە
نووسەر: #لوقمان حەوێز#
ئەم نوسینەم نوێترین و وردترین زانیاری و شیکارە کە بە زمانی کوردی خرابێتە ڕوو لەسەر هەسارەی زوحەل و ئەلقە جوان و بەناوبانگەکەی و نەمانی ئەو ئەڵقانە لە داهاتوو.
هەسارەی زوحەل جگە لە گۆی زەوی جوانترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە، بە ئەڵقە پانەکەی دەوری دەناسرێتەوە و بەناوبانگە، شەشەم هەسارەیە لەڕیزبەندی دوری لە خۆر، دووەمیانە لە گەورەیی دوای موشتەری، تێکڕای دووریەکەی لە خۆر 1429 ملیۆن کیلۆمەترە، بە 29 ساڵ جارێک بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە، خولانەوەی بە دەوری خۆی خێراترە لە خولانەوەی گۆی زەوی بە دەوری خۆی، درێژی شەو ڕۆژێک لەسەر هەسارەی زوحەل تەنیا 10 کاتژمێر و 40 خولەکە.
زوحەل بە یەکێک لە دێوە گازیەکانی کۆمەڵەی خۆر دادەنرێت وەکو موشتەری، تیرەکەی نۆ ئەوەندەی تیرەی گۆی زەویە، بەڵام تێکڕای چڕی پێکهاتەکەی 12% ی تێکڕای چڕی پێکهاتەی گۆی زەویە، بەڵام هێشتا لەبەر گەورەیی قەبارەکەی ئەوا بارستەکەی 95 ئەوەندەی بارستەی هەسارەی زەویە.
کرۆکی هەسارەی زوحەل لە ئاسن و نیکل پێک دێت، دوای کرۆکەکەی چینێکی قووڵ لە هایدرۆجینی ڕەق هەیە، دوای ئەوە چینێکی شلی هایدرۆجین و هیلیۆم دێت، دوای ئەم چینەش چینی دەرەوە دێت کە شل و گازیە و هەموو ڕووەکەی دادەپۆشێت، زوحەل یان ساتۆرن ڕەنگێکی زەردباوی هەیە بەهۆی کریستالەکانی ئامۆنیا لە چینەکانی سەرەوەی بەرگە هەوایەکەی، هەروەها ڕەشەباکان لەوێ هێندە بەهێزن هەندێک جار خێرایی با لەسەر ڕووەکەی دەگاتە 1800 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، پێکهاتەی بەرگە هەوایەکەی بڕی 96.3% لە گازی هایدرۆجین پێک دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە گازی هیلیۆم پێک دێت.
ئەڵقەکەی زوحەل زۆر پانە، لە هێڵی ناوەراست لە بەرزایی 6,630 کیلۆمەتر دەست پێدەکات تا دەگاتە بەرزی یان دووری 120,700 کیلۆمەتر لە سەر ڕووی هەسارەکەوە، لەگەڵ ئەم پانیەش ئەستووری ئەلقەکە تەنیا نزیکەی 20 مەتر دەبێت، 93% ی پێکهاتەکەی لە ئاوی بەستوو پێک دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە کاربۆن پێک دێت، قەبارەی پارچەکانی ئەم ئەلقە گەورەیەی دەوری هەسارەی زوحەل لە 10 مەتر بەرەو خوارەوەیە تاوەکو بچوکتر لە یەک ملیمەتر.
هەسارەی زوحەل بە پاشای مانگەکان دادەنرێت لەنێو کۆمەڵەی خۆر، 82 مانگی هەیە بەمەش لەپێش هەسارەی موشتەریە کە 79 مانگی هەیە، تایتان گەورەترینی مانگەکانی زوحەلە، تیرەکەی 5151 کیلۆمەترە واتە لە مانگی هەسارەکەمان گەورەترە، لەڕاستیدا ئەو مانگەی زوحەل لە هەسارەی مەریخیش گەورەترە، مانگی ئێنچێلادەس زۆر بچوکترە و تیرەکەی تەنیا 504 کیلۆمەترە.
ئاژانسی ناسا زۆر گرنگی بە هەردوو مانگی تایتان و ئێنچێلادەس دەدات لەبەر ئەوەی لەسەر ڕوو و لەژێر توێکڵەکەیان زەریا و دەریاچەی شل هەیە، بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ئەگەری بوونی جۆرێک لە ژیانی سەرەتایی هەیە لە ژێر توێکلی سەرەوەی مانگی ئێنچێلادەس، هەروەها سەر ڕووی مانگی (تایتان) یش بە گونجاوترین شوێن دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆر دوای گۆی زەوی و هەسارەی مەریخ بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە داهاتوودا، بە پێچەوانەی سەر ڕووی هەسارەی زوحەل کە بە شێوەیەکی سەرەکی وەکو هەسارەی موشتەری و ئۆڕانۆس و نیپتۆن لە گازی شلی میثان پێک دێت و هەرگیز گونجاو نیە بۆ ژیانی مرۆڤ.
ناسا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1997 کەشتی ئاسمانی (کاسینی) هەڵدا بەرەو هەسارەی زوحەل، لە ساڵی 2004 گەیشت بەو هەرسارەیە، تێچووی ئەم کەشتیە تاکو تەواوبوونی تەمەنی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017 گەیشتە چوار ملیار دۆلار.
لە سەرەتا ئەم کەشتیە لە دوو بەش پێک هاتبوو، بەشێکی کە ناوی هویجینز بوو لەسەر مانگی تایتان نیشتەوە و بۆ ماوەیەک کۆمەڵێک زانیاری گرنگی ناردەوە بۆ سەر زەوی لەسەر ژینگەی ئەو مانگە، لە وێنەکانی کەشتی هویجینز دەرکەوت کە لەسەر ڕووی تایتان کۆمەڵێکی زۆر لە دەریاچەی شل هەیە و بەشەکەی تر وەکو زەوی بەردینیە، ئەم مانگە یەکەم تەنە لە کۆمەڵەی خۆر دەریاچەی تێدا بێت لە دوای گۆی زەوی، هویجینز نیشتنەوەی یەکەمین کەشتی بوو لەسەر هەسارەکانی بەشی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر کە دەکەونە پشت هەسارەی مەریخ، واتە لە هەسارەی موشتەری تا قەزەمە هەسارەکانی پشتێنەی کەیپەر، بەشەکەی تری کەشتیەکە ناوی کاسینی بوو و تاوەکو مانگی نیسانی ساڵی 2017 لە خولگەیەک بوو بە دەوری مانگی ئێنچێلادەس کە دووەم مانگی گرنگی زوحەلە و گەلێک زانیاری لەسەر ئەو مانگەش کۆکردەوە، بەڵام دوای ئەو کاتە ناسا کەشتی کاسینی گواستەوە بۆ خولگەیەک بە دەوری هەسارەی زوحەل بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکەکانی بێنێت و لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017 خستیە خوارەوە بۆ سەر ڕووی هەسارەکە.
ئێستا دەزانین ئەڵقە جوان و بەناوبانگەکانی هەسارەی زوحەل بەرەو لەناوچوون دەچێت، لەڕاستیدا ئەو ئەڵقانە لەگەڵ هەسارەکە دروست نەبوون و تەمەنیان زۆر لەوە کورتترە کە پێشتر دەمانزانی.
بە پێی نوێترین لێکۆڵینەوەی ناسا دەردەکەوێت کە ئەڵقەکانی هەسارەی زوحەل نەوەکو تەنیا بەرەو لەناوچوون دەچن بەڵکو تەمەنیشیان زۆر کورتترە لەوەی کە پێشتر دەمانزانی، هەسارەکە وەکو گۆی زەوی تەمەنی نزیکەی 4.5 ملیار ساڵە، بەڵام ئەو ئەڵقانە کەمتر لە 100 ملیۆن ساڵە دروست بوون و زۆربەی پێکهاتەکەی لە پارچە و وردیلەی ئاوی بەستووە، ئەو پارچانە قەبارەیان لە قەبارەی دەنکە لمێک تا چەند مەترێک دەبن، لە لێکۆڵینەوەکەی ناسا دەرکەوتووە کە بەهۆی وزەی تیشکەکانی سەر و وەنەوشەیی کە لە خۆرەوە دێن بەرەو زوحەل، هەروەها هێزی بەریەکەوتنی وردیلەکانی میتیۆرەکان کە بەرەو هەسارەکە ڕادەکێشرێن ئەو پارچە ئاوە بەستووانە بە بەردەوامی بە بڕێکی زۆر کەم دەکەن بە هەڵم، ئەو هەڵمەش بەهۆی بواری موگناتیسی هەسارەکە و هێزی کێشکردنی بە خێراییەکی کەم بەرەو هەسارەکە دەچێت بەشێوەی باران دەکەوێتە سەر ڕووی هەسارەکە، هەر بە پێی هەمان لێکۆڵینەوە تاوەکو نزیکەی 300 ملیۆن ساڵی تر هەموو ئەو ئەڵقانە دەبن بە هەڵم و نامێنن. [1]