#قەسری شیرین# نزیکترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە شاری کەلار لە باشووری کوردستان و بە دەستەخوشکی کەلار و خانەقین ناسراوە. جوگرافیاکەی هاوشێوەی شاری خانەقین بە دارخورما دەورەدراوە و خاوەن باشترین و بەتامترین خورمای ڕۆژهەڵاتە. ئەم شارە لە دێرزەمانەوە شوێنێک بووە بۆ پێکەوەژیانی کورد، کە تێیدا شیعە و سوننە لەگەڵ #یارسان# و کریستیان و جووەکان بە ئاشتەوایی پێکەوە دەژین.
ناوی ئەم شارە بۆ درووستکردنی کۆشک، یان قەسری شیرین دەگەڕێتەوە، کە #خەسرەوپەروێز# لەم ناوچەیە درووستی کردووە و شارێکی لە دەوری کۆشکێک بنیات ناوە. ڕووباری ئەڵوەن لەناوەڕاستی ئەم شارە دەگوزەرێ و دەڕژێتە باشووری کوردستان. ئەڵوەن دوو شاری قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵات و خانەقین لە باشوور پێکەوە گرێ دەدا و جوانییەکی بێوێنەی بەو دوو شارە بەخشیوە.
قەسری شیرین ناوچەیەکی مێژوویی پڕ لە شوێنەواری دێرینە، وەکوو کۆشکی خەسرەوپەروێز، کاروانسەرای شاعەباسی و #ئاتەشگەی چوارقاپی#. یەکێک لە شوێنەوارە ناسراوەکانی قەسری شیرین، ئاتەشگە، یان ئارگەی چوارقاپییە.
ئاتەشگە (ئارگە) ی چوارقاپی یەکێکە لە گەورەترین ئاتەشگەکانی سەرسنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ئارگەیە کەوتووەتە ناو شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان و مێژووی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.
ئەم ئاتەشگەیە داڵانێکی بۆ تەوافکردن هەبووە، بەڵام بەدرێژایی ڕۆژگار ڕووخاوە و بەشێک لە شوێنەوارەکەی ماوە. ئاتەشگەکە چەندین ژووری 25 مەتر بە 25 مەتری لەخۆ گرتووە، کە بنمیچێکی 16مەتری بەشێوەی گومەز دایپۆشیوە. هەرکام لە ژوورەکان چوار دەروازەی ڕۆیشتنەناویان هەبووە. لە دەوروبەری ئەم ئاتەشگەیە چەندین شوێنەواری دیکە هەن، کە پێویستیان بە هەڵکۆڵین و توێژینەوەی زانستییانەی زیاتر هەیە. ئەو کەرەستانەی لە درووستکردنی ئەم بینایە بەکار براون بریتین لە؛ بەرد، گەچ و خشت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 953 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!