ئێمە لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین، سەردەمێک کە ژن تیایدا دینامۆی گۆڕانکارییە. لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و ئێران ژنان ڕابەری بزوتنەوەی ئازادیخوازین. ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی داگیرکار، دیکتاتۆرییەت، پیاو سالاری، هەژاری و نادادپەروەری دەجەنگن. بۆیە بە یارمەتی #فایەق بێکەس#، ئەم بەیتە لەگەڵ ئەمڕۆدا دەگونجێنم و دەڵێم:
میللەتی بێ عیلم و بێباک چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟
واسیتەی بەرزی و تەرەققی هیممەتی ژنانەیە (1)
تووڕەیی ژن لە چەوسانەوە و بەگژداچوونەوەی نادادی کردەگەلێکی خۆماڵی و خۆکردیین و هاوردەی هیچ شوێنێک نین. ژنان لە بەشە جیاکانی کوردستان چیتر بە کۆت و بەندی پیاو سالاری و ستەمکاری ڕازی نین و خاوەندارێتی جەستە، بڕیار و ژیانی خۆیان دەکەن. کەچی لە باشوور تازە پیاوانی دەسەڵاتدار پێمان دەڵێن ژن کێڵگەی دروستکردنی منداڵە، ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی مێرد و منداڵی بکات، ژن دەبێت خەتەنە بکرێت تا شەهوەتی کەم بێتەوە و ”بەدڕەفتاری“ نەکات، مافی پیاوە هەرکاتێک ویستی و گەر بە زۆریش بێت لەگەڵ ژنەکەی بخەوێت.
لە باشوور کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژن، ڕێگرتن لەوەی هوشیاربێت، بخوێنێت و کاربکات وەک شێوازێک لە پاراستن نمایشدەکرێن. سیستەمی پیاو سالاری هەر خۆی مەترسی دەستدرێژی، گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دروستدەکات و ئەم مەترسییانەش بەکاردێنێت و بە ناوی ”پاراستنی ژن“ەوە ڕێگری لە بەشداری ژن دەکات لە کایە هونەری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکاندا.
ئەم پیاو سالارە ئایینی، حیزبی و نەریتخوازانە هەموو توانای خۆیان بەکاردێنن تا ژن بە دەستەمۆیی و بێدەسەڵاتی بهێڵنەوە. هەر بۆیە لە ساتێکدا کەسێک یان گرووپێک هەڕەشە لەو سیستەمە بکات کە ئەوان دەیان ساڵە دەیچنن و دروستی دەکەن، ئەوا بەوپەڕی هێزی خۆیانەوە پەلاماری دەدەن.
سیستەمە لاوازبووەکان و ئەوانەی لەژێر مەترسیدان هەمیشە توند و تیژترینن (جا ئەوە دەوڵەتی ئێران بێت یان سیستەمی پیاو سالاری)، ئەوان بەهێزترین چەکەکانی خۆیان بەکاردێنن تا داکاکۆکی لە مانەوەی خۆیان بکەن. بۆیە گەر یەکێک لێی پرسیت: ئایا گۆڕانکاری ڕوویداوە؟ پێی بڵێ: ئەو هەموو هێرشە توندەی دەکرێتە سەر ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەڵگەیە بۆ ئەوەی درز کەوتۆتە گوتار و تێڕوانین و هەوڵەکانی زۆرداران و پیاو سالارانەوە.
فێمینیستەکان دەمێکە وتوویانە: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیوە. بە واتایەکی تر گەر ژنان هەرگیز ژنێکی ئازاد و ئازا نەبینن، پێیانوایە کە شتی وا بوونی نییە و ناتوانن وا بن. بەڵام سەیری ئەو هەموو ژنە تووڕە و ئازاد و ئازایەی دەوروبەرمان بکە کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و چیتر بێدەنگ نابن. ئەوان ڕۆژانە پیشانمان دەدەن کە گەر پێکەوە کاربکەین، دەتوانین لە پیاو سالاری و نادادپەروەری دەربازبین.
بەڵام خانمی گەنجی باشوور، پێش هەموو شتێک بخوێنەرەوە، خۆت پەروەردە بکە، هاوپشتی ژنانی دەوروبەرت بکە، ستراتیژی کارت هەبێت و وزەی خۆت بپارێزە بۆ کاتی گونجاو.
ئازادی لە ڕواڵەت و جوانکاری و جل و بەرگدا کورتمەکەرەوە، چونکە ئازادی واتە بەرپرسیارێتی. خۆت پێبگەیەنە تا بتوانی بەرپرسیارێتی بڕیاردان و خاوندارێتی خۆت هەڵگریت. بێباک مەبە لە چەوسانەوە! تووڕە بە بەرامبەر بە زوڵم. تووڕەیت لە نادادپەرەوەری بەکاربێنە تا شەڕ و گۆڕانکاری گەورە بکەیت کە تەنها بە گرووپ دەکرێت نەک بە شەڕی بچووک و بەتەنها. لە شەڕە تەنهاکاندا زۆرجار دەدۆڕێیت بەڵام لە کاری پێکەوەییدا هیوای سەرکەوتنت هەیە.
(1) لە بنەڕەتدا بەیتەکەی مامۆستا فایەق بێکەس بەمجۆرەیە:
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟
واسیتەی بەرزی و تەرەققی هیممەتی مەردانەیە. [1]
د.#چۆمان هەردی#
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 1,112 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!