$ئەگەر هەسارۆکەکان بەقەبارەی جیاواز بەر زەوی بکەون چی ڕوودەدات؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
هەسارۆکەکان بەر گۆی زەوی دەکەون دۆزەخێک لەو شوێنانە دروست دەکەن کە بەریان دەکەون، ئەگەر زۆر گەورە بن بەڕادەی چەند سەد مەترێک یان چەند کیلۆمەترێک ئەوا کاریگەریەکانیان بەشێکی گەورە یان هەموو سەر ڕووی هەسارەی زەوی دەگرێتەوە. بۆ ئەوەی هەسارۆکەیەک لەکاتی بەرکەوتنی بە زەوی تەقینەوەیەکی وەک ئەوەی شاری بەیروت دروست بکات کە لە ئەنجامی تەقینەوەی 2700 تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیا ڕوویدا، پێوستە ئەو هەسارۆکەیە تیرکەی تەنیا 3.5 مەتر بێت و بە خێرایی 20 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بەر زەوی بکەوێت.
هەسارۆکەکان بەگشتی بەردینی و ڕەقن، هەموویان وەکو هەسارەکان لەنێو کۆمەڵەی خۆر بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، گەلێکیان خولگەکانیان ناڕێکە و بەهۆی کاریگەری هەسارەکان لەسەریان یان یەکتربڕینی خولگەکانیان لەگەل خولگەی ئەو هەسارانە جار جارە بەریان دەکەون، گۆی زەویش بەدور نییە لەو بەرکەوتنانە. هەسارۆکەکان بەزۆری لە بەردی سیلیکات پێک دێن، بەزۆری بڕێکی باش لە ئاسن هەروەها هەندێکیان نیکلیشیان تێدایە، کاتێک بەرەوە زەوی دێن و بەر زەوی دەکەون خێراییان لەکاتی بەرکەوتنیان بەڕووی زەوی بەگشتی دەکەوێتە سەر قەبارە و بارستاییان هەروەها ئەو ئاڕاستەی کە لێیەوە دێن بە بەراورد بە جوڵەی گۆی زەوی لەکاتی بەرکەوتنیان، بەڵام بەگشتی بەرەنجامی خێراییەکانیان لە نێوان 15 بۆ 30 کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا کاتێک بەر ڕووی گۆی زەوی دەکەون.
دەتوانریت پێوانەی هێزی بەرکەوتنی ئەو هەسارۆکانە بە زەوی پێوانە بکرێت لەڕێگەی هاوکێشەیەک، بەڵام بە نزیکەیی ئەگەر خێرایی هەسارۆکەکە نزیکەی 20 کیلۆمەتر بوو لە چرکەیەکدا، ئەوا هەر 1 کیلۆگرام لە بارستایی هەسارۆکەکە هێزی تەقینەوەی 50 کیلۆگرام تی ئێن تی دروست دەکات.
ئەگەر هەسارۆکەیەک تیرەکەی 100 مەتر بێت، لەکاتی بەرکەوتنی بە زەوی چ تەقینەوەیەک بەرپا دەکات؟
هەسارۆکەیەکی بەردینی ئەگەر تیرەکەی 100 مەتر بێت ئەوا لەکاتی بەرکەوتنی بە گۆی زەوی بە خێرایی 20 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا هێزی تەقینەوەکە و بەرکەوتنەکەی یەکسان دەبێت بە 62 ملیۆن تۆن تی ئێن تی. ئەمەش زۆرترە لە هێزی بەهێزترین بۆمبی ناوکی هایدرۆجینی کە ئەمەریکا یان ڕووسیا بە ئاشکرا هەیانە لە ئێستادا.
ئەی بەرکەوتنی هەسارۆکەیەکی تیرە یەک کیلۆمەتری چی لێدەکەوێتەوە؟
هەسارۆکەیەکی تیرە یەک کیلۆمەتری لەکاتی بەرکەوتنی بە ڕووی زەوی بەهەمان خێرایی واتە 20 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بڕی هێزی تەقینەوەکەی دەگاتە 62 هەزار ملیۆن تۆن تی ئێن تی. واتە 62 گێگا تۆن تی ئێن تی، ئەمە ئەگەر ڕووبدات لایەنی کەم ڕێژەیەکی زۆر لە ژیان لە پانتاییەک کە نزیکەی ئەوەندەی ئەوڕوپا دەبێت لەناو دەبات، دەبێتە دروستبوونی ژمارەیەکی زۆریش لە بومەلەرزە و سونامی بەهێز و وێرانکەر لە ناوچەی جیاجیای جیهان بەهۆی دروستکردنی شەپۆڵی سایزمیکی بەهێز بەتایبەتی لە شوێنە نزیکەکان لە بەرکەوتنەکە، هەروەها دور نییە گەلێک لە گڕکانە متبووەکانیش چالاک بکاتەوە. لایەنی کەمیش نیو ملیۆن ساڵ جارێک هەسارۆکەیەکی وا بەر هەسارەی زەوی کەوتووە و دەکەوێت.
ئەی هەسارۆکەیەکی تیرە 10 کیلۆمەتری؟
هەسارۆکەیەکی لەم قەبارەیە لە دوای بەرکەوتنی بە ڕووی زەوی ئاگر و دۆزەخێکی گەورە لەسەر ڕووبەرێکی زۆر گەورەی گۆی زەوی بەرپا دەکات کە لەوانەیە بگاتە 20% یان زیاتر لە ڕووبەری زەوی، بڕی هێزی تەقینەوەکە دەگاتە 62 ملیۆن ملیۆن تی ئێن تی، جگە لەهێنانی بومەلەرزە و سۆنامی وێرانکەر بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی دەرچوونی بڕێکی زۆر لە لاڤا لە ڕووبەرێکی گەورە لە شوێنی بەرکەوتنەکە، دواتریش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرپابوونی لەناوچوونێکی گەورە و بە کۆمەڵی ژیان لەسەر ڕووی زەوی بەهۆی ئەوەی تەپ و تۆز و دوکەڵی تەقینەوەکە بەری خۆر دەگرێت بۆ چەند مانگ و لەوانەیە چەند ساڵێک، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینێکی کت و پڕ لە پلەکانی گەرما و دروستبوونی زستانێکی ناوکی و بەستەڵێکی زۆر بەهێز لەسەر ڕووی زەوی کە لایەنی کەم لەوانەیە چەند ساڵیک بخایەنێت.
هەرچەندە ئەم بەرکەوتنانە وێرانکاریەکی ئێجگار زۆر ئەنجام دەدەن، بەڵام بە دیاردەیەکی سرووشتی و بەردەوام دادەنرێن لەنێو کۆمەڵەی خۆرەکەمان لەگەڵ ئەوەی بەبەردەوامیش بوونەتە هۆی لەناوبردنی بڕێکی زۆر لەژیان، بەڵام بەزۆری بۆتە هۆی دەرکەوتن یان باڵادەستی جۆری نوێ لەزیندەوەران لەنێو سیستەمی ژینگەیی سەر ڕووی زەوی، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بەرکەوتنە مەزنەکەی بەر لە نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ نەبووایە کە لەبەرکەوتنی هەسارۆکەیەک هاتە کایەوە کە تیرەکەی بە 15 بۆ 20 کیلۆمەتر دەخەمڵێنرێت ڕوویدا ئێستا مرۆڤ بوونی نەبوو لەسەر ڕووی زەوی، ئەو بەرکەوتنە بووە هۆی لەناوچوونی داینەسۆرەکان کە گەورەی سەر ڕووی زەوی بوون بۆ پتر لە 130 ملیۆن ساڵ، بەڵام ئەمەش دواتر بووە هۆی باڵادەستی شیردەرەکان و گەشەکردنیان، بێ گومان ئێمەی مرۆڤیش تەنیا جۆرێکین لەو شیردەرانە. [1]