$بۆچی تەنیا نین لە گەردووندا؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
پێشەکی بۆ مەزەندەکردنی گەورەیی و فراوانی قەبارەی گەردوونی بینراو و بچووکی هەسارەکەمان ئەم بەراوردیە بەکاردەهێنم: قەبارەی هەسارەی زەوی لە نێو گەردوون لە دەنکە لمێکیش بچوکتر دەبێت ئەگەر بۆ نموونە گەردوونی بینراو ئەوەندەی هەموو دەنکە لمەکانی بیابانی گەورەی باکووری ئەفریقیا بێت کە ڕووبەرەکەی نزیکەی 10 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، کەواتە ئەگەر ئێمەی مرۆڤ تەنیا بین لە گەردوون، ئەوا ئەم هەموو فراوانی و بێ شوماریە ئەقڵ وەستێنەی گەردوون بۆچی؟
نابێت تەنیا بین، چونکە:
یەکەم: ژیان و ئێمە هەین و دروست بووین لەنێو کۆمەڵەی خۆر لەسەر هەسارەی زەوی، ئەمەش مانای ئەوەیە گەردوونی ئێمە گونجاوە بۆ ژیان، بۆیە لەم گەردوونە فراوان و بێ شومارەدا ئەگەری ڕوودان و دووبارە بوونەوەی سەرهەڵدانی ژیان هەیە و زۆرە لە گەلێک شوێنی تر.
دووەم: هەموو کونج و بستێکی گەردوونی بینراو کە لە پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە پێک دێت و هەریەکەیان لە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار ئەستێرە و هەسارە پێک دێت، هەمووشیان بەیەک کۆمەڵە یاسا و ڕێسای فیزیایی و هەمان هێز بەڕێوە دەچن، ئەو یاسا و هێزە فیزیاییانەی کە هەن و ئێمە پێوانە و چاودێریان دەکەین لە هەموو بستێکی گەردوونیش هەن و هەمان هێز و یاسان.
سێیەم: هەموو گەردوونی بینراو لە هەمان کۆمەڵە توخم دروست بووە و پێک هاتووە، هایدرۆجین و کاربۆن و ئۆکسجین و کۆمەڵێک توخمی سەرەکی تر کە پێکهاتەی سەرەکی ژیانن و ئاوێتە ئۆرگانیکەکانیان دروستکردووە، هەمان ئەو توخمانە لە سەرانسەری گەردوون هەن.
لە هەر گۆشەیەکی گەردوون بارودۆخ گونجاو بێت بەپێی یاسای ئەگەرەکان Probabilities لەم فراوانیە بێ شومارەی گەردوون هیچ دوور نییە ژیان دروست بووبێت، ئەمەش لەوانەیە ملیۆنەها شوێنی تر و بگرە زۆرتریش بگرێتەوە لە شوێنەکانی تری گەردوون جگە لە هەسارەی زەوی.
ئەو بەشەی گەردوون کە دەتوانین چاودێری بکەین پێی دەووترێت گەردوونی بینراو، بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان و وردبوونەوەکان لەسەر وێنەکانی تەلەسکۆپی هابڵ دەرکەوتووە کە تەنیا لەو بەشە بینراوەی گەردوون پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە.
ترلیۆن واتە یەک هەزار ملیار یان یەک هەزار بلیۆن، هەر یەکێکیش لەو گەلەئەستێرانە دەیەها ملیار بگرە سەدەها ملیار ئەستێرەیان تێدا هەیە، هەندێکیشیان زۆر زیاتریش ئەستێرەیان تێدایە، بۆ نموونە گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا کە نزیکترین دراوسێی ئێمەیە پتر لە یەک ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە، ژمارەی ئەستێرەکانی ئەندرۆمیدا ئەوەندە زۆرە کە لە ماوەیەکی کەمدا دەبینین کە یەکێک لەو ئەستێرانە بەشێوەی سوپەرنۆڤا دەتەقێتەوە وکۆتایی بەتەمەنی دێت و بەردەوامیش ئەستێرەی تر دروست دەبن.
بێ گومان هەموو گەردوون زۆر زۆر لەگەردوونی بینراو فراوانترە، دەشێت هەموو گەردوون بێ کۆتاییش بێت.
لەوانەیە بوون و سەرهەڵدانی بوونەوەری زیرەک زۆر دەگمەنتر بێت لە دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیانی سادە بەتایبەتی ژیانی یەک خانەیی بەپێی هەمان کۆمەڵە یاسای فیزیایی هەروەها یاسای ئەگەرەکان، لەبەر ئەوەی بۆ نموونە لەسەر ڕووی زەوی دوای پتر لە سێ ملیار ساڵ ئینجا ژیانی سەرەتایی پەرەی سەندوە و گەیشتوە بە ئاستی بوونەوەری زیرەک، بەڵام لەبەر فراوانی و بێشوماری گەردوون ئەگەری بوونی بوونەوەرە زیرەکەکان هێشتا هەر هەیە و زۆریشە، ئاخر تەنیا لەنێو گەلەئەستیرەکەی ئێمە واتە ڕێی کاکێشان لایەنی کەم لە نێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرە هەیە، ئێستا دەزانین و دڵنیاین هەندێک لە ئەستێرەکان هەسارەیەک یان زیاتریان هەیە وەکو خۆری ئێمە کە ئەستێرەیەکی مام ناوەندیە و کۆمەڵێک هەسارەی بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، بەو پێیە تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەکەمان لایەنی کەم دەیەها ملیار هەسارە و بگرە زۆر زیاتریش هەیە.
گەلێک لەو هەسارانە لە زۆرنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دەشێت ئاو هەبێت لە دۆخی شل کە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ دروستبوونی ژیان بەو شێوەیەی لەسەر ڕووی زەوی دەیزانین کە ژیانی کاربۆنیە، دەشێت ژیان بەجۆر و شێوەی تریش هەبێت لە شوێنەکانی تری گەردوون کە ئێمە جارێ نایزانین وەکو بۆ نموونە ژیانی سیلیکۆنی. [1]