ناو: ڕێشان
ناوی باوک: محەمەد حەمۆ
شوێنی لەدایکبوون: #عەفرین#
ڕۆژی لەدایکبوون: #08-06-1991#
$ژیاننامە$
ڕێشان حەمۆ لە ڕۆژاوای کوردستان لە شاری عەفرین لە ناو خێزانێکی ھونەردۆست لە دایکبووە. لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی بە ژەنینی ئامێری دەربووکە کردووە و لەگەڵ چەندین ھونەرمەندی ڕۆژاوای کوردستان، وەک ڕەشید سۆفی و عەزیز محەمەد و باڤێ سەڵاح، بەشداریی کردووە.
تاوەکو ساڵی 2000، باوکی ڕێشان، محەمەد حەمۆ، لەلایەن حکوومەتی سووریاوە، بەھۆی فرۆشتنی پەڕتووکی کوردی، چەندین جار زیندانی کرا و ئەشکەنجە درا، کە وای کرد کە خۆی و خێزانەکەی ناچار ببن بچن بۆ باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببن.
لە ساڵی 2007دا، چووە بەشی مۆسیقای پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان. دوای دوو ساڵ بەھۆی تەقینەوەیەکەوە لە شەقامی بەرانبەر پەیمانگەکە، کە بووە ھۆی شکاندنی دەستی، وازی لە خوێندن ھێنا. دوای بەجێھێشتنی خوێندن، دەستی بە ژەنینی ئامێری درامس کرد و لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی وەک یاس خدر، میکایل، ناسر ڕەزازی و دیاری قەرەداغی بەشداریی کرد.
لە ساڵی 2012دا، بەھۆی باری ئابووری بڕیاری دا وەکوو پیشە واز لە مۆسیقا بھێنێت و دەست بە کاری نواندن بکات. سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ڤیدیۆی کورتی کۆمێدی دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی کورتدا ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی 2015دا، بەشداریی لە چەند ڕیکلامێکی تەلەڤیزیۆنی کرد، کە دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو لە ناو خەڵکدا بە وشەی «بەسیتە».
لە ساڵی 2017دا، دەستی کرد بە پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕێشانیزم، کە بەرنامەیەکی ھەفتانە بوو کە بە شێوەیەکی کۆمیدیئامێز باسی لە دیاردەکانی کۆمەڵگە دەکرد.
لە ساڵی 2018دا، خەڵاتی باشترین پڕۆژەی میدیایی لەلایەن ڕێکخراوی کۆسۆڤەوە بە دەست ھێنا. لە ساڵی 2019دا، وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لە فیلمی پەیکەری دڵ، کە لە دەرھێنانی #شوان عەتووف# بوو، بەشدار بوو. لە ساڵی 2020دا، وەک ئەکتەری سەرەکی بە ڕۆڵی ئاسۆ لە درامای چەرخ و فەلەک بەشدار بوو. لە 2022دا، وەک ئەکتەری سەرەکی بە ڕۆڵی بابلۆ لە شانۆی دوا ڕۆژەکانی بابلۆدا بەشدار بوو.
[1]