کۆنگرەی سێیەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان#- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – #26-01-1953#) ، لەژێر کاریگەی جیابوونەوەی باڵی هەمزە عەبدوڵڵا لە حزب، لە شاری #کەرکووک# بەسترا.
کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – 26ی کانوونی دووەمی 1953) ، لەژێر کاریگەی جیابوونەوەی باڵی هەمزە عەبدوڵڵا لە حزب، لە شاری کەرکووک بەسترا.
$بەستنی کۆنگرە$
دوای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی دووەم لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی کاتی حزب لە بارەی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ و ئەو بارودۆخەی بەهۆی جیابوونەوەی باڵی هەمزە عەبدوڵڵاوە بەسەر پارتیدا هاتبوو، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی کاتی پارتییەوە پەلە لە بەستنی کۆنگرەی سێیەم کرا.
دوای ئامادەکاریی تەواو، لە ڕێکەوتی 26ی کانونی دووەمی 1953 بە ئامادەبوونی 35 تا 40 نوێنەر لە ڕێکخستنەکانی پارتی و ئامادەبوونی سەرکردایەتی کۆن و نوێی حزب، لە بارودۆخێکی ئەمنی دژوار و سەختدا بە شێوەیەکی نهێنی لە ماڵی ڕەئیس ئەوەل فاتح جەباری لە گەڕەکی شاترلوی شاری کەرکووک کۆنگرەی سێیەمی پارتی بەسترا.
دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کۆنگرە و پەسەندکردنی لەلایەن ئامادەبووان، کار هاتە سەر بڕیاری گۆڕینی ناوی حزب و دەستکاریکردنی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، ئەوەبوو ناوی حزب لە پارتی دیموکراتی کوردی ئێراقەوە گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق و نەخشەش بۆ گۆڕینی پرۆگرام و پەیڕەوی حزب کێشرا. ئەم کارە هێڵرایەوە بۆ دوای دەستنیشانکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب. دواتر لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی نوێ هەڵبژێردران کە بریتیبوون لە:
مەلا مستەفا بارزانی سەرۆک
#ئیبراهیم ئەحمەد#، سکرتێری گشتی
دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم
#میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی#
#نوری شاوەیس#
عەلی عەبدوڵڵا
#نوری ئەحمەد تەها#
#جەلال تاڵەبانی#
عومەر مستەفا
عەلی حەمدی بێدوهی
ڕەشید عەبدولقادر
محەمەد ئەمین مەعروف
جەلیل هۆشیار
دواتر چوار ئەندام بۆ مەکتەبی سیاسی دەستنیشان کران کە بریتیبوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا و عومەر مستەفا.
لەم کۆنگرەیەدا ناوی سەرۆک بە دەق دەهێنرێ، وەک ئەوەی لە ماددەی بیست و نۆیەمی پەیڕەوی ناوخۆیدا هاتووە: سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق، قارەمانی ڕزگاری کوردستان
#مەلا مستەفا بارزانی# سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراقە و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی پارتیدا زاراوەی سکرتێری گشتی بەکارهێنرا.
$گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرە بریتیبوون لە$:
گۆڕینی ناوی پارتی، لە پارتی دیموکراتی کوردەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراق.
هزری مارکسی لێنینی وەک ئایدۆلۆژیی پارتی دەستنیشان کرا.
ناوی ئۆرگانی پارتی لە ڕزگارییەوە کرایە خەبات.
دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی #یەکێتیی قوتابیانی کوردستان#، #یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان#.
دەرکردنی هەمیشەیی هەمزە عەبدوڵڵا لە ڕیزەکانی پارتی دا.
وەرنەگرتنی عەونی یوسف بە نوێنەری کۆنگرە بە تۆمەتی گوێنەدانە بڕیارەکانی سەرکردایەتی کاتی کۆنگرەی دووەم.
پەیکەری پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراق، بە پشت بەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی سێیەم، بەم شێویەی خوارەوە ڕێکخرا: شانە، لێژنەی ناوچە، لێژنەی لق، کۆمیتەی ناوەندی، مەکتەبی سیاسی، سکرتێری گشتیی پارتی، سەرۆک.
هەڵگرتنی ئایدۆلۆژیای مارکسیزم – لینینیزم، ئەگەرچی لەگەڵ بیروباوەڕی حزبی نەتەوەیی نەدەگونجا و دژی ئارەزووی زۆربەی کادیر و ئەندامانی پارتی بوو، پێدەچوو سەرەڕای ئەوەی بیروباوەڕی باوی ئەو سەردەمە بوو، هۆکارەکەی ڕکابەری لەگەڵ حزبی شیوعی بووبێت، کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوبیرانی شیوعی و مارکسی لە کوردستان پەیوەندی بە پارتییەوە بکەن.
لە ڕووی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکانی حزبەوە، پاش کۆنگرەی سێیەم، سەرەڕای ڕۆژنامەی ڕزگاری کە ناوەکەی بۆ خەبات گۆڕدرا و ئۆرگانی پارتی بوو، ڕۆژنامەی نداء کردستان بە زمانی عەرەبی دەست بە چاپکردنی کرایەوە، دوو بڵاوکراوەی تریش بە ناوەکانی ڕێگەی نوێ تایبەت بە ڕۆشنبیران و لاوان و نڕکەی جوتیار تایبەت بە جوتیاران بە زمانی کوردی بڵاوکرانەوە. [1]