ناونیشانی بابەت: زمان ماڵی بوونە
نووسەر: مارتن ھایدگەر فەیلەسوفی ئەڵمانی
وەرگێڕان: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
زمان ئەو ئامرازەیە کە بەجیھانمان دەناسێنیت و لەلایەکی تریشەوە جیھانمان لە پێش چاودا دەکاتەوە، زمان ئامرازی پەیوەندی گرتن و دەڕبرینە لە خودی خۆمان لەبەرانبەر خودێکی تر، ھاوکات زمان ئامرازی بیرکردنەوەشە. لە پەرستگای زمان دا مرۆڤ ھەست بە بوون و کەینونەی خۆیدەکات، وەلەم پەرستگایەدا مرۆڤ خودی خۆی دەناسێت و دەتوانێت ھزر و بیر و بۆچونەکانی دەرببڕێت. ھەر بۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن ھایدگەر دەڵێت: (زمان ماڵی بوونە، ماڵێکە مرۆڤ تیایدا نیشتەجێ دەبێت. ئەوانەی بە وشە بیردەکەنەوە و بە وشە بنیات دەنێن پاسەوانی ئەم ماڵەن، وە ئەم پاسەوانی و خەمخۆرییەیان خستنەڕوو و دەرخستنی بوونە) .
ھایدگەر دەڵێت: (مرۆڤ وا خۆیپیشاندەدات کە ئەو خولقێنەری زمان و سەروەرێتی، بەڵام لەڕاستیدا زمان سەروەری مرۆڤە، وەھەر کاتێک پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زمان تێکچوو، ئەوە ھەستکردن بە نامۆ بوون لە سرووشتی مرۆڤدا دەست پێدەکات) .
زمان پەرستگا و ماڵە، ماڵیش مانای جێگیربوون و ھەستکردن بە ئاسوودەیی و دڵنیاییە بۆ مرۆڤ. بەڵام دوژمنانی مرۆڤی کورد و بەیارمەتیی خودی کورد خۆی بەچەندین شێوە ئەم ماڵەیان وێرانکرد، بۆیە دەرکراین لە ماڵەکەمان و بوین بە غەریبەیەک لە ماڵی خۆماندا و ماڵەکەمان پڕبوو لەوشەی بێگانەی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی...ھتد و لەو کاتەوە تاکو ئێستا نامۆبوون و ھەستکردن بە غەریبی مرۆڤی کورد بەردەوامە .
زۆربەمان وابیردەکەینەوە کە گوایە زمانی کوردی زمانێکی ھەژارە و ناتوانرێت بە زمانی کوردی زانست و چەمکە فەلسەفیەکان دەربڕینی تەواویان بۆ بکرێت، بەڵام ئەمە ھەڵەیەکی فکری گەورەیە کەلەمێشکی مرۆڤی کوردا چەسپاوە، و نووسەری کوردی بە ناوبانگ #بەختیار عەلی# لە وەڵامی پرسیارێکی لەم شێوەیەدا دەڵێت: (زمانی کوردی ھەژار نییە، ئەوە ئاستی مەعریفی نووسەر و ڕۆشنبیری کوردە ھەژارە و ناتوانێ بیربکاتەوە و فیکر بەرھەم بھێنێت، بۆیە دەیخاتە ئەستۆی زمان) .
ئەم وتەیەی کاک بەختیار زۆر ڕاستەو تەمەڵی و بێخەمی ڕۆشنبیر و زانستکاری کوردە کە ھەوڵ نادات زمانەکەی دەوڵەمەند بکات، ئەویش بە زیاتر نووسین و بەکارھێنانی، دەنا پەڕتووکە فەلسەفیەکانی د. محەمەد کەمال و گۆڤارە زانستییەکانی وەکوو زانستی سەردەم، باشترین بەڵگەن و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە زمانی کوردی زمانێکە دەتوانرێت فەلسەفەو زانستی پێ بنووسرێت و زمانێکی ھەژار نییە، تەنیا ئەوەیە کەمتەرخەمی لەلایەن پسپۆڕەکانی ئەم بوارانەدا ھەیە کە ھەوڵیان نەداوە بە زمانی کوردی شیرین زانیاریەکانیان بگەیەنن.
بێگومان هەموو زمانێک ئەگەر بەکار نەهێنرێت هەژارە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، تەنیا بە بەکارهێنان و نووسین و بیرکردنەوە زمان دەوڵەمەند دەبێت، هەموو گەشەکردنێکی زمان پەیوەندی بە گەشەکردنی ھزر و فیکری ئەو گەلەوە هەیە.
ئێستا و لەم بۆنەیەدا کە ڕۆژی جیهانی پاراستنی زمانی دایکە دەشێت بە گرنگی زیاترەوە خزمەتی زمانەکەمان بکەین، ئەویش بەوەی ھەر یەک لە بواری خۆیدا بۆ نموونە
من وەک پزیشکێک ھەوڵبدەم، زۆرترین زانیاری پزیشکی بە زمانی دایک کە ئەویش زمانی شیرینی کوردییە بگەیەنم. خزمەتکردن بەو مانایەی کاری پێ بکەین و بەکاری بهێنین و گرنگی بە وشەی زیاتری کوردی و دۆزینەوەی هاومانای زیاتری کوردی بدەین. وەداواکارم لە ھەموو ئەو کەسانەی پسپۆڕی جیاوازیان ھەیە، ئایا پزیشکی بێت یاخود ھەر بوارێکی زانستی یاخود فکری جیاواز ، ھەوڵبدەن بە زمانی کوردی بنووسن و زانیاری بڵاوبکەنەوە ئەگەر زمانی کوردییەکەشیان پێرفێکت و تەواو نەبێت، چونکە زمانێک پێی نەنووسرێت و بیر نەکرێتەوە پێی ھەرگیز دەوڵەمەند نابێت و بەھەژاری دەمێنێتەوە .
من وەک پزیشکێک و مرۆڤێکی کورد شانازی بەوەوە دەکەم کە لە ئێستادا کاتێک بمەوێت بگەڕێم بۆ بابەتێکی پزیشکی یاخود زانستی، فکری، ھەر بوارێکی تر ، بتوانم ھەندێک زانیاریم دەستبکەوێت بە زمانی دایکی خۆم و ھەمیشە پەنا نەبەم بۆ زمانە بێگانەکانی وەکوو عەرەبی، ئینگلیزی.. ھتد بۆ دەسکەوتنی زانیاری لەسەر بابەتێک.
تێبینی: وتەی ناو کەوانەکان لە پەڕتووکی «مارتن هیدغر، الوجود والزمان
وەرگێڕان بۆ زمانی عەرەبی: فتحی المسکینی » وەرگیراوە. [1]