ناونیشانی بابەت: خاڵە بە ئازارەکان یاخود (trigger point) چین لە لەشدا؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بریتین لە کۆمەڵێک خاڵی وروژێنەر و هەستەوەر لەناو ماسوولکەکاندا درووست دەبن لەکاتی تەشەنوج و گرژبوونی ماسوولکەکان، و بەشێوەی گرێیەک دەردەکەون لەناو ماسوولکەکاندا.
ئازارێکی بەردەوام درووست دەکەن لە ناو ماسوولکەکان دا و نەخۆش لەکاتی جوڵاندنی ئەو ماسوولکەیە ھەست بە شتێکی تیژ و زبر دەکات دەچێت بە ماسوولکەکەیدا ، لەکاتی دەست لێدان و شێلاندا ئازاری دەبێت.
$لەکوێ لەشدا درووست دەبێت؟$
خاڵی ئازار زیاتر لەناوەڕاستی بەشە گوشتنەکەی ماسوولکەکان درووست دەبێت کەبە (belly muscle) ناسراوە ، بەڵام ھەندێک جار لەناو بەستەرەکانیشدا درووست دەبێت ، زیاتر لە شان و مل و پشتدا ھەیە و بەدەست دەتوانرێت ھەستی پێبکرێت ، بەڵام لەھەموو بەشەکانی تری لەشیشدا درووست دەبێت کەمەرج نییە ھەستی پێبکرێت.
$ھۆکارەکانی:$
1- تەمەن؛ لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاتر دەبێت.
2- پێکان و بریندار بوون؛ بەھۆی کەوتنە خوارەوە یاخود بەھۆی سترێس وقەلەقی ، یاخود منداڵ بوون (بە تایبەتی لە پشتدا درووست دەبێت) ، یاخود ھەر جۆرە پێکانێکی تر.
3- کەمی جووڵەو نەکردنی وەرزش؛ ژیانی تەمەڵانە و ئیسراحەت ، کەئەمیش زیاتر لە تەمەنی (27 - 55) ساڵیدا ڕوودەدات و زیاتر لە پیاواندا.
4- خراپی پۆستچەر و باری لەش؛ خراپ بەکارھێنانی جومگەکان و ڕاوەستان و دانیشتن گرژی درووست دەکەن لە ماسوولکەکان ، بۆ نموونە زۆر بەکارھێنانی مۆبایل پشت ئێشەو مل ئێشە درووست دەکات ، قاچ خستنە سەر قاچ ئازار لە پشت و ڕان درووست دەکات.
5- خراپ بەکارھێنان و زیاد بەکارھێنانی ماسوولکەکان و دووبارە ئەنجامدانی جوولەیەک بۆ نموونە؛ ھەڵگرتنی شتی قوورس بە بەردەوامی ، شت سڕین و بەکارھێنانی پەلێک بە بەردەوامی.
6- باری دەروونی نائارام و بەردەوام؛ قەلەقی وسترێسی بەردەوام ، خەمۆکی ، ڕوودانی حاڵەتی ناخۆش و تێکچوونی باری دەروونی بەھۆی لەدەستدان و مردن.
7- کەمی ڤیتامینەکان وەکوو؛ ڤیتامین D، C، B، فۆلیک ئەسید ، ھەندێک کانزای وەکو: ئاسن ، مەگنیسێۆم.
8- تێکچوونی خەو و کەمخەویی و شەونخوونی.
9- کێشەی جومگەکان و جووڵەی زۆر و کەمی پشوو.
$نیشانەکانی:$
1- نەخۆش ھەمیشە دەناڵێنێت بەھۆی بوونی ئازاری بەردەوام لەھەندێک شوێنی لەشیدا.
2- بێھێزی و لاوازی ماسوولکەکان؛ یاخود ناڕێکی لەجووڵەی ماسوولکەکاندا، ئازار لەکاتی جووڵەکردن و کەمبوونەوەی جوڵە لەجومگەکان یاخود زیادبوونی ئازار لەکاتی ئەنجامدانی ھەندێک جووڵەدا .
3- بوونی ئازار لەکاتی دەستلێدانی ماسوولکەکە ، یاخود شێلانی ماسوولکەکە.
4- درووستبوونی سەرئێشەی قەلەقی و سترێس، شەقیقە، گوێ زڕندانەوە ، کێشە لەجومگەی شەویلگە ، لەگەڵ درووستبوونی خاڵی ئازارەکان.
5- بوونی نیشانەی (jump sign) ئەمیش بە واتایی ئەوەی کەدەست دەدەیت لە خاڵەکە نەخۆش بەرز دەبێتەوە لە ئازار و دەیەوێت بڕوات لەژێر دەستت . یاخود دەستدان لەشوێنێکی نزیک لە ئازارەکە یەکسەر ھەست بە ئازار بکەیت لە خاڵی ئازارەکاندا.
$دەستنیشانکردن:$
پشکنینی سەریری نەخۆشەکە و ھەستکردن بە ئاوسان لە ھەندێک جێگای ماسوولکەکان و بوونی گرێیەک لەناو ماسوولکەکان کە نەخۆشەکە لە کاتی دەست لێداندا ھەست بە ئازار دەکات ، بەھیچ جۆرێک بە ئەشعە (x ray) و ئەشعەی تەنووری (MRI) دەرناکەوێت ، بەڵام لەڕێی سۆنەری ماسوولکەوە دەتوانرێت ھەندێک جار ئاوسانی ماسوولکەکەو بوونی خاڵی ئازار ببینرێت.
$چارەسەرکردن:$
1- لەڕێگایی دەرمانەوە: ئەویش ئەگەر کەم بوو دەتوانین ھەندێک دەرمان بەکاربێنین وەکو: پاراسیتۆڵ ، دژە ھەوکەرە ناستیرۆێدەکان (NSAI) یاخود ماسوولکە خاوکەرەوەکان، ھێمن کەرەوەکان ، دژە خەمۆکیەکان، دژە پەرکەمەکان.
2- لێدانی دەرزی بۆ خاڵی ئازار لەژێر ئامێری سۆنەردا ، پێکھاتەی دەرزیەکە دەتوانرێت بەنجی مەوزعی بێت ، یاخود ستیرۆید ، یاخود پلازما و پرۆلۆتیراپی یان دەرزی بۆتۆکس بێت.
3- خاوکردنەوەی خاڵەکانی ئازار بە دەرزی چینی و دەرزی ئاژەنین و درای نیدڵینگ.
4- خاوکردنەوەی خاڵەکانی ئازار بە ئامێری شۆک وەیڤ، یەکێکە لەتازەترین ڕێگاکان ، کە دوو دەم بەکاردەھێنرێت، یەکێکیان بۆ خاڵە قووڵەکان ، ئەوەی تر بۆ خاڵە ڕووکەشەکان.
5- بەکارھێنانی جەوەنەو پاکی سارد و گەرم بۆ سەر خاڵەکان.
6- مەساج کردن وشێلانی قووڵ لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە.
7- وەرزش کردن و مەلەکردن بەشێوەیەکی ڕێک ڕۆژانە، بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی خاڵە بە ئازارەکان. [1]