$زیندان قوتابخانەیە؟$
#عارف قوربانی#
هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک هەڕەشە و مەترسیدایە، بەشێکیان دەرەکین و پەیوەندییان بە ستراتیژی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکەوە هەیە. بەشێکیشیان کێشەی ناوخۆیین، بەڵام لە هەمان کاتدا زەوینەخۆشکەرن بۆ درووستکردنی هەلومەرجێک، کە هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان کاریگەرییان زووتر و زیاتر بێت لەسەر داهاتووی کوردستان. جیاواز لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان و شێوازی (بەڕێوەبردنی ململانێکان) هەروەها خراپ بەڕێوەبردنی سیاسەتی کوردی و خراپ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی ژیانی خەڵک، کە ئەمانەش وەک دەرئەنجام هەر ئاویان کردووە بە ئاشی هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکانەوە، کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیش کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندندان، ئەگەر مەترسییەکانی لە هەڕەشە دەرەکییەکان زیاتر نەبێت بۆ ئاییندەی میللەتەکەمان، کەمتریش نییە.
بێگومان دەسەڵاتی کوردی چارەی گۆڕینی ئامانج و ستراتیجی هەرێمایەتی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکەی لانییە و ناتوانێت بە ئاسانی بەر بە و مەترسییانە بگرێت، بەڵام چارەسەری ناکۆکی و کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی کوردستان لە دەستی حوکمڕانانی کوردستان خۆیدایە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، کۆتاییهێنانە بە و ژینگە و هەلومەرجە کە بۆ مەترسییە دەرەکییەکان درووستبووە. بۆیە ئێستا ئەرکی پلەیەکی دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوەیە چارەسەر بۆ کێشە ناوخۆییەکان بدۆزنەوە.
کێشە ناوخۆییەکانیش بەشێکیان سیاسین، لێکەوتەی کێشە سیاسییەکانیش کۆمەڵێک کێشەی دیکەی وەک ئابووری و دارایی و ئیداری و ئەمنی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەچارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان کۆتایی بە بەشێک لە و کێشانە دێت. ئەمەیان بەرپرسیارێتییەکی هەمەلایەنەیە لە ئەستۆی هەموو سەرکردەکانی حیزبە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، پێویستە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەست بۆ ڕیشەی چارەی ئەم کێشەیە بەرن. پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش بەشێکی هەر لێکەوتەی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانە، لەلایەک بە داڵدەدانی تاوانباران و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی لاوازکردنی ڕۆڵی دادگە و دەسەڵاتی دادوەریی و فەرامۆشکردنی یاساوە. بەڵام ئەوەش هەموو هۆکارەکانی نین، دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم پەرەسەندنانەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئێجگار زۆرن، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە، حکومەت پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەیە تا بە دەستنیشانکردنی سەرجەم هۆکارەکان چارەسەریان بۆ دیاریبکات.
زۆرجار لە و هەواڵ و ڕاپۆرتانەی بڵاودەبنەوە پەیوەست بە و کردەوە تووندوتیژییە کۆمەڵایەتیانەی ڕوو دەدەن، دەگوترێت بکەر (تاوانبار) پێشینەی هەیە. یا ماوەیەک لە زیندان بووە و ئازادکراوە و تاوانی ئەنجام داوەتەوە، یان دەگوترێت تاوانی ئەنجام داوە و دەستگیر نەکراوە. واتا هەر هۆکارەکە ئەوە نییە تاوانبارێک کە دەستگیر ناکرێت و تاوانەکەی بۆ پەردەپۆش دەکرێت، بێباکانە تاوانی دیکە ئەنجام دەداتەوە، ڕەنگە ژمارەی ئەوانەی سزا دراون و زیندانیان چەشتووە و باجی هەڵە و تاوانەکەشیان بە قوورسی داوە و دواتر تاوانی دیکەیان کردووە، کەمتر نەبن لەوانەی گوێ بە دەسەڵات و یاسا نادەن.
ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، بۆچی کەسێک کە تاوان ئەنجام دەدات و سزا دەدرێت، ئامادەی دووبارەکردنەوەی تاوانی هەیە؟ دەبێت بەدوای ئەوەدا بچین بزانین زیندان قوتابیخانەیە، مرۆڤ لە خراپە دووردەخاتەوە و چاکسازییەکانی ناو زیندان کەسی تاوانبار ئامادە دەکاتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، یاخود خودی زیندانیش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ڕێژەی تاوان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا؟ لێرەدا بە مەبەست نموونەی کەسێکی نزیکی خۆم دەهێنمەوە تا باشتر لە کێشەکە تێبگەین. کوڕێکی خوشکەزام پۆلیسی هاتوچۆ بوو، بەڵگەی تۆماری ئۆتۆمبێلێکی ساختە کردبوو فرۆشتبووی بە هاووڵاتییەک، کە هاووڵاتییەکە بۆی دەرکەوتبوو ئەم تۆمارە ساختەیە، بووە کێشە. دەمانتوانی لەدەرەوەی یاسا و بەشێوەی چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام باوکی و ئێمەش بۆچوونمان وابوو پێویستە بدرێتە دەستی یاسا بۆ ئەوەی سزا بدرێت و کورد واتەنی (با عاقڵ بێت) .
کەیسەکەی چووە دادگە، لەبەر ئەوەی خۆی پۆلیسی هاتوچۆ بووە و ئەم کارەی کردووه، بە بڕیاری دادوەر ماوەی سێ ساڵ لە زیندان بوو. دایکی و هەندێ لە کەسوکار کە سەردانیان دەکرد دەیانگوت پێمان دەڵێت هەرچیتان پێدەکرێت لە زیندان دەرمبێنن، (خەریکە بە ڕێگەی جۆراوجۆر فێری تلیاک کێشانمان دەکەن) . دوای سێ ساڵ مانەوە لە زیندانی چاکسازی گەوران، ئازادکراو گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی. ماوەی چەند مانگێک دەوامیکرد، ڕۆژێک نووسراوێک دەچێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی و فەسڵ دەکرێت.
تەلەفۆنی بۆ من کرد، کەوتمە هەوڵدان بۆ ئەوەی بخرێتەوە سەر کارەکەی. هەر کەسێک لەناو پارتی و یەکێتیی پێم وابووبێت حورمەتی بۆچوونم دەگرن، پەنام بۆ بردووە و داوام لێکردووە هەوڵێک بدات ئەم کوڕە بخەنەوە سەر کار. هێندە خەڵکم ڕاسپارد و ئەوانیش بەدەم داواکەمەوە دەچوون و بێئاکام دەبوو، تووشی سەرسوڕمان هاتم لەوەی هۆکار چییە لەوەی ئەم هەموو تەکلیفە دەکەم و کارەکەی جێبەجێناکرێت. تا ڕۆژێک دۆستێک ئاگاداری کردمەوە لەبەر ئەوەی برایەکی ئەم کوڕە کە لەدەرەوە دەژیت لە فەیسبووک قسەی بە جەنابی مەعالی کردووە، بۆیە ڕێگە نادرێت ئەم بخرێتەوە سەر کارەکەی.
لە هەموو دونیادا شێوازەکانی سزادان لەبەرانبەر تاوان بە جۆرێکە بەپێی یاسا و تێڕوانینی دیدی دادوەران تا بە و سزایە لە تاوانەکە پاک دەبێتەوە، دوای ئەوە سزای خۆی و ماڵ و منداڵی نادرێت. کەسانێک هەن لەبەرانبەر تاوانێکدا تەنیا بەوەی دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە سزادەدرێن، یاخود بە سزای مادی، هەیە دەخرێتە زیندانەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، هەیە بۆ هەمیشەیی، تاوانباریش هەیە سزای مەرگی بەسەردا دەدرێت. ئەم ڕیزبەندییە لە سزا لەپێناو ئەوەدایە ئەوانەی تاوانێکیان ئەنجام داوە و ئومێدی ئەوەیان لێدەکرێت چاک بکرێن، لە زیندان ئامادە دەکرێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە. دوای ئەوەی کەسێک بەحساب ئامادەکراوە بخرێتەوە ناو کۆمەڵگە، دوای ئازادکردنی نانی خۆی و ماڵ و منداڵی نابڕن و لەسەر کار دوری ناخەنەوە، یا ڕێگەی چوونەوە سەر کاری لێناگرن، چونکە ئەگەر ئەوەتکرد کەواتا دەتەوێ تاوان بکاتەوە.
ئەم کوڕەی خوشکەزام 25 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبوو، پێنج سەر خێزانن و نە تەمەنی دەرفەتی ئەوەی دەدات هەموو کارێک بکات و نە توانای ئەوەشی مابوو. ماوەیەک لە #چەمچەماڵ# مایەوە بێئیش و بێکار، لەپێناو ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکەی دوای ئەو لێشاوەی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئەوروپا ڕووی لە بێلاڕووس کرد، ئەمیش بەنیازی هەندەران سەری خۆی هەڵگرت و دوای گەیشتنی بە تورکیا زیاتر لە شەش مانگە هیچ چارەنووسێکی دیار نییە و بێسەروشوێنە.
لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەم دۆسیەیە کە ڕەنگە نموونەی هاوشێوەی زۆر بن، بۆ ئەوەیە بڵێم هەڵە لە مامەڵەی حوکمڕانیمان هەیە لەگەڵ کێشەکان. ئەگینا کەسێک چەندین ساڵ ژیان لە دۆزەخی زیندان بەرێتەسەر، بەشی ئەوە پەند وەردەگرێت بە ئاسانی پێی نەکەوێتەوە تەڵەوە. ئەگەر دوای ئازادبوونی نادادپەروەری یان زووڵم و ستەم لەسەری بە ئەندازەیەک نەبێت کە هیچ ڕێگەیەک بۆ چارەی کێشەکەی نەبینێتەوە. یاخود هەر لە بنەڕەتەوە بەهۆی سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادەوەری و مەحسوبیەت، سزاکەی بەناڕەوا چەشتبێت، بۆیە دوای ئازادبوونی وەک تۆڵە پەنا دەباتەوە بەر تاوان.
دەبێت ئەوانەی دەربەستی کوردستانن بەباشی لەم کێشانە تێبگەن و درک بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکەن کە کەمتر نییە لە هەڕەشە دەرەکییەکان لەسەر چارەنووسی هەرێمەکەمان. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرن بەشێک لە هۆکار و سەرچاوەی پەرەسەندنی کێشەکانیش خودی دەسەڵات خۆیەتی. ئاسانترین ڕێگەش بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەی کێشەکان، گۆڕینی دید و تێڕوانینی حیزبیانەی حکومەتە، بۆ دیدی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەیەکسانی لە بەڕێوەبردنی تەواوی کۆمەڵگە. [1]