$نامەکە بۆ کوردستانە نەک بۆ ئیسرائیل$
#عارف قوربانی#
سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی خۆی لە مووشەکبارانکردنی #هەولێر# گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی پیلان و شەڕانگێزییەکانی زایۆنیزمی کردووەتە ئامانج، بەڵام پێناچێت ئەوە ڕاستییەکە بێت. تەنیا ئەو بەشەی ڕاگەیێندراوەکە ڕاسته، کە دەڵێن ئێمە بووین مووشەکەکانمان هاویشتووە، ئەو بەشەی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەیان کە گوایە تۆڵەکردنەوەیە لە ئیسرائیل، درۆیەکی گەورەیە، هەروەها ئەوەش کە دەڵێن بنکەی ئیسرائیلمان کردووەتە ئامانج لە هەولێر ئەوەشیان هەر ڕاست نییە.
ئیسرائیل بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو چەند جارێک ڕاستەوخۆ لەناو ئێران گورزی گەورەی لە و وڵاتە وەشاندووە، لە سەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن مەلاکانەوە لە ئێران، ئیسرائیل بنکە ئەتۆمییەکانی تەقاندنەوە. لە و کاتەشەوە تائێستا دەیان پسپۆڕ و شارەزایی بواری ئەتۆمی لەناوجەرگەی تاران کردووەتە ئامانج و تەنانەت لە ڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە هەموو ئەرشیڤ و بەڵگەی کارکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی گواستەوە بۆ ئیسرائیل، ئێران تۆڵەی هیچ کام لەمانەی لە تەلئەبیب نەکردەوە. بەدرێژایی 10 ساڵی ڕابردووش زۆر فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و سوپای قودس و بەرپرسانی ئیتڵاعاتی ئێرانی لەناو سووریا کوشتووە. ئێران نەیتوانیووە ڕاستەوخۆ تەنانەت یەک مووشەکیش بە ئیسرائیلەوە بنێت. هەرچی کرابێت دژ بە ئیسرائیل لە ڕێگەی گرووپەکانی حیزبوڵڵا و حەماس و قاعیدە و گرووپگەلەکانی دیکە کردوویانە، نەک ڕاستەوخۆ ئێران خۆی ئەنجامی دابێت.
هیچ گومان لەوەدا نییه، کە بابەتی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل تەنیا ڕووپۆشی ئامانجێکی دیکەیە، ئەزموونی ڕووداوەکانی ڕابردوو سەلماندوویەتی ئێران ناتوانێ تۆڵە لە ئیسرائیل بکاتەوە. ئەگەر ئەو پڕوپاگەندانەی ئێران ڕاست بووونایە، کە ئەوە بنکەی ئیسرائیلە لە هەولێر، بەدڵنیاییەوە ئێران نەیدەتوانی بیکاتە ئامانج. ئێران خۆی زۆر باش دەزانێت بنکەی مۆساد لە نزیکترین دەروازەکانی جەستەیە وە لە کوێن، هیچ کات زاتی ئەوە ناکات مووشەکی تێبگرێت. بۆیە ئێران هەڵە دەکات ئەگەر زۆر جەخت لەوە بکاتەوە بابەتەکە پەیوەستە بە تۆڵەکردنەوە وە لە ئیسرائیل، چونکە ڕەنگە ئەوکات بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باوەڕ بە قسەکانی ئێران بکەن. لە و کاتەدا دەکەونە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئیسرائیل هیچ بنکە و بارەگایەکی نییە و پەرێزی خۆیان لەوە پاک دەکەنەوە ئێمە هیچ کات بەشێک نین و نابین لە کێشە و ململانێی تاران و تەلئەبیب. لەکاتێکدا ئێران بە تێگرتنی ئەم مووشەکانە شتێکی دیکەی لە هەرێمی کوردستان دەوێت، نەک پاکانەکردن بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە.
هەروەک چۆن بەستنەوەی ئیسرائیل بەم مووشەکانەوە وا دەکات ناوەرۆکی نامەکە بە باشی نەگات، تێکەڵکردنی بابەتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەغدا و هاوپەیمانێتیی سێ قۆڵیی (سەدر، بارزانی و حەلبووسی) وەک هۆکارێکی پشتەوەی مووشەکەکان هەر هەڵەیە. ڕاستە ئێران تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر نیگەرانە لە و هاوپەیمانێتییە، بەڵام پێشتر پەیامی نیگەرانییەکانی بە قائانیدا نارد. پەیامی پشت ئەم مووشەکانە نە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە نە تەلئەبیب، بەڵکوو پەیوەندی بە و جەمسەربەندی و دابەشبوونەی ئێستای جیهانەوە هەیە بەسەر هەردوو بلۆکی ڕووسیا و ئەمریکاوە. یەکێک لە دەرهاویشتەکانی ئەو جەمسەربەندی و دابەشبوونەوەیەی جیهان بەسەر ئەم دوو بلۆکەدا، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی غازی سرووشتی و ڕێڕەوەکانی گەیاندنێتی بە بازاڕی جیهانی. بۆیە ئەم مووشەکانەی ئێران کە بە زەرفێکی ڕووپۆشکراوی ئیسرائیلدا ناردی بۆ کوردستان، پەیوەندی بە گازی سرووشتیی کوردستانەوە هەیە.
ئەمریکا و ئەوروپا بەدوای جێگرەوەی غازدا دەگەڕێن، لە ڕیزبەندیی بەدیلەکاندا بە پلەی یەکەم چاویان بڕیوەتە تورکیا تاوەکو گازی سرووشتیی قەتەر، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات و کوردستان بگەیێنێتە ئەوروپا. پووتین ڕاستەوخۆ نامەی ناڕەزایەتی داوە بە قەتەر، لەگەڵ ئیسرائیلیش لە گفتوگۆدایە. پێیان وابوو بە و بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی ئێراق لە بە نایاسایی ناوبردنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ئەو دەرگەیەش دادەخەن، بەڵام کارکردنی کۆمپانیای کار بۆ ڕاکێشانی بۆریی غاز لە هەولێرەوە بەرەو #دهۆک# بە ئامانجی بەستنەوەی بە تورکیاوە، سەکۆی مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێرانی جووڵاند و ڕاستەخۆ ماڵی (شێخ باز) خاوەنی کار گرووپی کردە ئامانج، نەک بنکە و بارەگای ئیسرائیل. مووشەکەکان نامەی ئێرانە بۆ کارنەکردن لە بەستنەوەی بۆریی گازی سرووشتیی کوردستان بە تورکیاوە، کە ئێستا کۆمپانیای کار خەریکی کارکردنە تێیدا.
من نازانم هەرێمی کوردستان دواجار خۆی بەکام لادا یەکلادەکاتەوە، یاخود چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و ڕووداوانە دەکات، پەیوەست بە و پێویستییە جیهانییەی بەشێکی لە خاکەکەی ئێمەشدا هەیە، بەڵام دەبێت لەیەک شتدا بەرچاوی ڕوون بێت، کێشەی غازی سرووشتی و ململانێی ڕووسیا و ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و ڕێڕەوەکانی بە بازاڕکردنی، وادەکات هیچ کام لەو جوگرافیایانەی سەرچاوەی وزەن ناتوانن هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو بلۆکە ڕاگرن و بە بێلایەنی بمێننەوە. بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان کە نیمچە قەوارەیەکی لەرزۆکی هەیە، توانای بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکانی کەمترە، پێویستە پەیامەکان وەک ئەوەی هەن وەربگیرێن و بە بیری ورد و هەڵسەنگاندنی لۆژیکیانە بڕیار بدەن. [1]