$شەڕی #پەکەکە# و پێشمەرگە ڕوودەدات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#09-06-2021#
کاتێ دەڵێن کوردستان، واتە پارتی و کاتێ دەڵێن پارتی واتە کوردستان. ئەمە ڕستەیەکە لەنێو پارتییەکاندا بەردەوام دەگوترێتەوە، کە هەر کەسێ بۆ کوردستان کاربکات، ئێمە بە پارتی هەژماری دەکەین، با ئەو کەسە پارتیش نەبێ. ئەمە نیشانەی باوەڕی بەهێزی سەرکردایەتیی پارتی و پارتییەکانە، بەوەی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
پێشتر و ئێستاش، هەندێ هێزی ناوخۆیی و دەرەکی، کە خۆیان قودرەتی هێزی پارتییان نییە، هانی هێزێکی وەکوو پەکەکە دەدەن پارتی ڕابکێشێت بۆ شەڕێک، کە تێیدا خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێت. پارتی باش دەزانێت، هیچ جارێک هێندەی ئێستا پەکەکە لاواز نەبووە، ئەنجامی شەڕەکان ئەوە دەسەلمێنێ.
سەرکردەکی باڵا بە منی وت ئێستا 95٪ی چالاکیی پەکەکە لە باکووری کوردستان نەماوە لە باشووری کوردستانیش نەک بنکە بە بنکە بۆ سوپای تورکیا بەجێدەهێڵن، بەڵکوو چیا بە چیا چۆڵ دەکەن، ئەم چۆڵکردنە گومانێکی زۆری لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان درووستکردووە، دەپرسن بۆ هێزێکی وەک پەکەکە ئەو ناوچانە بەئاسانی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکات؟
سوپای تورکیا ئێستا شەڕی (تەقلیدی) لەگەڵ پەکەکە ناکات، هەمووی بە ڕێگەی چەکی پێشکەوتوو، فڕۆکەی درۆن و تەکنەلۆژیای سەربازی دەکات. لە #05-06-2021# کاتێ پێنج لە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست شەڕکەرەکانی پەکەکە لە چیای مەتین شەهید کران و ئەو چەکەی پێشمەرگەکانی پێ شەهید کراون جۆری (کۆڕنێت) ی دژەتانک بووە و پاشماوەی چەکەکە بەجێماوە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دێکۆمێنتکراوە.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم چەکە لەدەست پەکەکەدا هەیە، بۆ بەرانبەر هاتنی سوپای تورکیا بەکارنەهاتووە، کەچی بەرانبەر هێزی پێشمەرگە بەکاریدەهێنن؟ پێش ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی بکات بۆ چیای مەتین، لەرێگەی کەناڵی تایبەتەوە بە پەکەکە گوتراوە، هێزی پێشمەرگە دێت بۆ مەتین تاوەکوو بەبیانووی پەکەکە سوپای تورکیا ئەو چیایە ستراتیژییە وەک ناوچەکانی دیکە داگیرنەکات. وەڵامی پەکەکە ئەوەبووە، قبووڵی ناکەین و پێشمەرگە بێت لێیدەدەین!
لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئێمەی وت زۆر هەوڵمدا #رەجەب تەیب ئەردۆغان# ڕازی بکەم، تاوەکوو پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێبکرێتەوە، لە کۆتاییدا ئەردۆغان گوتی بەو مەرجە ڕازی دەبم، ئێوەش [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] لەنێو پڕۆسەکەدا بن. ڕازی بووم، گەڕامەوە هەرێمی کوردستان، یەکسەر نامەم نارد بۆ #قەندیل# خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و بێدەنگکردنی تفەنگەکان. بەڵام هەفتەیەکی نەخایاند، لە شاری #هەولێر# دیپلۆماتکارێکی کۆنسوڵخانەی تورکیایان کوشت و ئێستاش پێشمەرگە شەهید دەکات. ئەمە وەڵامی پەکەکە بوو بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان!
لە ماوەی سێ ڕۆژدا شەش پێشمەرگە لەسەر دەستی پەکەکە شەهید بوون، دوایین پێشمەرگە ڕەزوان سندی بووە، کە سێ منداڵی لەلایەن پەکەکەوە بێباوک کران. خەڵک زۆر پرسیار دەکات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەم دەستدرێژییانەی پەکەکە ناداتەوە؟ هەندێک دەڵێن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بە هێزی پێشمەرگە نادات، پەکەکە لەنێو خاکی باشووری کوردستان دەربکەن؟
ئەوەی ڕاستی بێت، پارتی باش دەزانێت لە کوێوە هانی پەکەکە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەم شەڕە ڕووبدات، پەکەکە وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دواتر بڵێن، پارتی شەڕی براکوژی دەکات و پارتی داردەستی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتانەیە؟ بەڵام وەکوو دەڵێن (پارتی لەو سەرەوە هاتووەتەوە) . عەقیدەی پارتی ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە تەنیا بۆ پاراستنی کوردستان و سەرخستنی کورد لە هەر کوێیەک بێ درووست بووە، نەک بۆ شەڕی (براکوژی) . کە ئەم شەڕە (براکوژی) یە دەمێکە لەلایەن سەرۆک بازرانییەوە (حەرام) کراوە، بەڵام مانای ئەوەش نییە، کە پەکەکە و هێزەکانی دیکە ئەم عەقیدەی سەرۆک بارزانی بە خراپ بەکاربهێنن.
وەک گوێمان لێدەبێت، دەڵێن پارتی و هێزەکەی ئەگەر بکەوێتە ئەو شەڕە لەگەڵ پەکەکە، نازانم چی و چی بەسەر دێت؟ پارتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2017 بە تەنیا مایەوە، بەڵام لە هەردوو داستانی (پردێ و سحێلا) بەرانبەر هێز و چەکی چەند دەوڵەتێک وەستایەوە و تێکیشکاندن. بەرانبەر سوپای ئێراق و #حەشدی شەعبی# و هاوکاریی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و چەکی ئەمریکی، نەیانتوانی هێزی کوردستان و پارتی ببەزێنن. پارتی ئێستاش گەورە بیردەکاتەوە، چاوی لەوەیە کورد لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا خۆش بژین، لەجیاتی تفەنگ، با دیالۆگ و ئاشتی زمانی خەباتیان بێت، هەر ئەمەش خاڵی سەرکەوتن دەبێت. [1]